293 ئاوارەی ئێزدی گەڕانەوە بۆ شنگال

K24 - هەولێر:

وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، گەڕانەوەی 293ـی ئاوارەی ئێزیدی لە کەمپەکانی پارێزگای دهۆک بۆ ناوچەکانی نیشتەجێبوونی خۆیان بۆ قەزای شنگال راگەیاند.

ئەمڕۆ هەینی (11ـی ئابی 2023) ئیڤان فایق جابرۆ، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، رایگەیاند، 293ـی ئاوارەی ئێزدی گەڕانەوە بۆ شوێنی رەسەنی خۆیان کە قەزای شنگالە، هاوکات گوتیشی: پڕۆسەی گواستنەوەی خێزانە ئاوارەکان بە شێوەیەکی رێکوپێک، بە هەماهەنگی لەگەڵ خزمەتگوزارییە ئەمنییە پەیوەندیدارەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەبێ هیچ کێشەیەک بەڕێوەچوو.

هەروەها  کادیرانی وەزارەتەکەی راسپارد بەردەوام بن لە بەدواداچوون بۆ بارودۆخی ئەو خێزانانەی کە دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان و بۆ دابینکردنی خێرای پێداویستییەکانیان بە هاوکاری لەگەڵ رێکخراوە فریاگوزارییەکان و دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان.

جابرۆ دووپاتیکردەوە، کە وەزارەت بەردەوامە لە تۆمارکردنی ئەو خێزانە ئاوارانەی کە ئارەزووی گەڕانەوە دەکەن بۆ شوێنەکانی خۆیان.

 پێشتریش، ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گەڕانەوەی 100 ئاوارەی ئێزدی لە کەمپەکانی دهۆکەوە بۆ ناوچەکانیان لە شنگال راگەیاندبوو.

ئاماژەی بەوەشکردبوو، بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ، زیاتر لە 1000 ئاوارە لە دهۆک گەڕێندراونەتەوە پارێزگای مووسڵ و کارکردنیش بۆ ئەو مەبەستە بەردەوامە.

وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، باسی لەوەشکردبوو، وەزارەته‌كه‌ی ئامادەیە بۆ هەموو جۆرە ئاسانکارییەک لە پێناو گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان و پێشکەشکردنی هاوکاریی مرۆیی.

هەروەها پێشتریش عه‌لی عه‌باس به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی به‌شه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق رایگه‌یاندبوو، له‌هه‌رێمی كوردستان 26 كه‌مپی ئاواره‌كان هه‌ن و 16ـیان له‌ دهۆك، شه‌ش كه‌مپ له‌هه‌ولێر و چواریش له‌ سلێمانییه‌.

ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ روونیكرده‌وه‌، 36 هه‌زار خێزان له‌و كه‌مپانه‌ ده‌ژین، كه‌ زۆربه‌یان ئاواره‌ی شنگال، نه‌ینه‌وا، ئه‌نبار، دیاله‌ و سه‌لاحه‌ددینن.