د. یاسین ساڵح: فەرمانبەران و کەسوکاری شەهیدانی هەرێمی کوردستان دەتوانن سوودمەندبن لە خوێندن لە دەرەوەی وڵات
K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەری گشتی نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەو پێنج هەزار کورسییەی خوێندنی باڵا لە دەرەوەی وڵات لەلایەن حکومەتی عێراقەوە راگەیەندراوە، توانیویانە پشکی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان جێگیر بکەن.
رۆژی شەممە (19ـی ئابی 2023)، د. یاسین ساڵح، بەڕێوەبەری گشتی نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بە کوردستان24ـی راگەیاند، پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن بۆ ناردنی پێنج هەزار کەس بۆ خوێندن لە دەرەوەی وڵات لەسەر ئەستۆی حکومەتی عێراق.
د. یاسین ساڵح راشیگەیاند، هەفتەی رابردوو بە شاندێک سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و راوێژکارانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسی ئەو بەرنامەیە بۆ خوێندن لە دەرەوەی وڵات کۆبوونەوە و جەختیان لە سوودمەندبوونی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە لەو دەستپێشخەرییە و ئاماژەی بەوەشکرد، دابەشکردنی ئەو پێنج هەزار کورسییە بەسەر پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت بەپێی رێژەی دانیشتووان.
هەروەها د. یاسین ساڵح روونیکردەوە، ئەو پێنج هەزار کورسییەی بۆ خوێندن لە دەرەوەی وڵات راگەیەندراوە، بۆ چوار ساڵە و لە قۆناغی یەکەمدا 400 کورسی دابینکراوە کە دەرگای پێشکەشکردن لە (15ـی ئابی 2023) کراوەتەوە و دوا وادەی پێشکەشکردنیش لە (15ـی ئەیلوولی 2023) دەبێت، هەر پارێزگایەکەیش ئەو رێژە کورسییەی بۆی دابین دەکرێت ئەگەر لە قۆناغی یەکەمیشدا، پڕنەکرێتەوە ئەوا بۆ قۆناغەکانی داهاتوو هەر بە پشکی ئەو پارێزگایە دەمێنێتەوە.
بەڕێوەبەری گشتی نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەشکرد، لەم بەرنامەیەدا تایبەتمەندی بە کەسوکاری پلە یەکی شەهیدان دراوە، بە کەسوکاری شەهیدانی هەرێمی کوردستانیشەوە، بەبێ کێبڕکێی گشتی لەسەر بنەمای مەرج و رێنماییەکان راستەوخۆ وەردەگیرێن و سوودمەند دەبن لە بەدەستهێنانی کورسی خوێندن لە دەرەوەی وڵات.
لەبارەی پشتگیریکردنی وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەرگیراوانی ئەو بەرنامەیە، د. یاسین ساڵح ئاشکرایکرد، لەم قۆناغەدا پێشکەشکردنی داواکاری تەنیا بۆ فەرمانبەرانە و دوای وەرگرتنی هەر فەرمانبەرێکی هەرێمی کوردستانیش بەپێی رێنمایی و رێکارەکان، مۆڵەتی خوێندنیان پێدەدرێت و هەموو ئاسانکارییەکیان لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ دەکرێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، د. یاسین ساڵح جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، هەرچەندە ئەم بەرنامەیە لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە راگەیەنداوە و ئەوانیش لە پەیوەندی و هەماهەنگیدان لەگەڵ سەرپەرشتیارانی بەرنامەکە، هاوکات داواشیان کردووە نوێنەرێکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە لیژنەی سەرپەرشتیکردنی ئەم بەرنامەیە بۆ ناردنی پێشکەشکاران بۆ خوێندن لە دەرەوەی وڵات و دوای وەرگرتنی رەزامەندیش، نوێنەرێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو لیژنەیە دادەنرێت.
یەکێک لە مەرجەکانی پێشکەشکردن بۆ بەرنامەی خوێندن لە دەرەوەی وڵات کە لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە پشتیوانی دەکرێت، بۆ ئەو کەسانەی دوایین بڕوانامەیان لە دەرەوەی وڵات بەدەستهێناوە، دەبێت فەرمانی یەکسانکردنی بڕوانامەیان ئەنجام دابێت، لەوبارەیەوە، د. یاسین ساڵح ئاشکرایکرد، لەگەڵ سەرپەرشتیارانی بەرنامەکە گەیشتوونەتە رێککەوتن هەر پێشکەشکارێک لە وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەکسانکردنی بڕوانامەکەی ئەنجام دابێت، دەتوانێت داواکاری پێشکەش بکات و لەلایەن خۆشیانەوە ئاسانکاری بۆ پێشکەشکاران دەکەن ئەگەر پێویستیان بە وێنەیەک لە فەرمانەکەیان بێت بە زمانی عەرەبی ئەوا بۆیان ئەنجام دەدەن.
بەڕێوەبەری گشتی نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا باسی لەوەشکرد، هەر فەرمانبەرێکی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەکە وەرگیرا، گرێبەستێکی لەگەڵ دەکرێت و بەپێی یاسا کارپێکراوەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق، دوو هێندەی ماوەی مۆڵەتی خوێندنەکەی دەبێت لە شوێنی کارەکەی خۆی خزمەت بکات.
رۆژی (24ـی تەمموزی 2023)، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستپێشخەری ناردنی پێنج هەزار کەسی بۆ خوێندن لە دەرەوەی وڵات راگەیاند کە لیژنەی باڵای پەرەپێدانی خوێندن لە عێراق سەرپەرشتی دەکات و هەموو پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان تێیدا سوودمەند دەبن.
دوای راگەیاندنی ئەو دەستپێشخەرییەش، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژنەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نامەیەکدا داوایان لە محەممەد شیاع سوودانی کرد کە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیش سوودمەندبن لەو بەرنامەیە و دوای هەماهەنگی و پەیوەندی بەردەوام، ئێستا کە قۆناغی یەکەمی ئەو بەرنامەیە چالاککراوە، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەتوانن داواکاری بۆ بەدەستهێنانی کورسی خوێندن لە دەرەوەی وڵات پێشکەش بکەن.
بە گوێرەی مەرج و رێنماییەکانی ئەو بەرنامەیە بۆ خوێندنی ماستەر، پێشکەشکار نابێت تەمەنی لە 30 ساڵ زیاتر بێت و بۆ خوێندنی دکتۆرا نابێت تەمەنی لە 35 ساڵ زیاتر بێت، هەروەها بۆ ئەم قۆناغەی پێشکەشکردن، فەرمانبەر بێت لە یەکێک دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم یان حکومەتی فیدراڵی و دانیشتووی یەکێک لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بێت.
بۆ خوێندنەوەی مەرج و رێنماییەکانی پێشکەشکردن و پڕکردنەوەی فۆرمی پێشکەشکردن سەردانی ئەم لینکە بکە https://hced.ur.gov.iq/.