پەرلەمانتارێک: گرووپه‌ چه‌كداره‌كان له‌ شنگال شكستیان به‌ پلانی حكومه‌تی عێراق هێناوە

ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - هەولێر

په‌رله‌مانتارێكی عێراق له‌ نه‌ینه‌وا رایده‌گه‌یه‌نێت، گرووپه‌ چه‌كداره‌كان له‌ شنگال شكستیان به‌ پلانی حكومه‌ت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان هێناوه‌.

عه‌لی مه‌تیوتی پەرلەمانتاری عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند‌، سه‌دان خێزان داواكاری گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ناوچه‌كانیان له‌ شنگال پێشكه‌شكردووه‌ و دوای ره‌زامه‌ندی حكومه‌تی عێراق و ته‌واوبوونی رێككاره‌ ئه‌منییه‌كان، به‌ڵام له‌لایه‌ن ئه‌و گرووپه‌ چه‌كدارانه‌ی كۆنتڕۆڵی شنگالیان كردووه‌ رێگرییان له ‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و خێزانانه‌ كردووه‌.

ئەو پەرلەمانتارە، داوا له‌ حكومه‌تی عێراق ده‌كات هه‌ڵوێستی هه‌بێت و رێوشوێنی توند بۆ كۆتاییهێنان به‌ ده‌سه‌ڵاتی گرووپه‌ چه‌كداره‌كان بگرێته‌ به‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی ئاواره‌كانی عه‌ره‌ب و ئێزدی بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌كانیان و كۆتایی به‌ دۆسیه‌ی ئاواره‌كان بهێنرێت.

پێشتریش لەلایەن بەرپرسانی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوە، کە گرووپە چەکدارە نایاساییەکان لە شنگال رێگرن لە گەڕانەوەی ئاوارەکان.

بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان، نزیکەی سێ ساڵە رێککەوتن لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کراوە، بەڵام تائێستا خاڵەکانی رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراون.

رێككەوتنی ئاساییکردنەوەی شنگال لە (ئۆکتۆبەری 2020) لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حکومەتی عێراق لە بەغدا واژۆكرا، کە لە شەش خاڵی سەرەکی لە خۆ دەگرێت:

1. هەڵبژاردنی قایمقامی نوێ.

2. حكومەتی فیدراڵی ئیدارەی پرسی ئەمنی دەكات.

3. دامەزراندنی 2500 كەس لە خەڵكی شنگال و ئاوارەكانی و دروستكردنی هێزێكی نوێ.

4. كۆتاییهێنان بە پەكەكە و هەموو ئەو گرووپانەی پەیوەندیان پێوەیەتی.

5. هیچ كەسێكی سەر بە پەكەكە نابێت لەو هێزە ئەمنییە نوێیە دابمەزرێت.

6. هەولێر و بەغدا هەماهەنگی بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و ئیدارەكردنی بكەن.