سوودانی: هەڵبژاردنی پێشوەختە کاتێک ئەنجامدەدرێت کە پەرلەمانی عێراق خۆی هەڵبوەشێنێتەوە
K24 - هەولێر:
سەرۆکوەزیرانی عێراق سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی وڵاتەکەی، لە هەڤپەیڤینێکدا باسی لەوەکرد، ئەو هەڵبژاردنە کاتێک دەکرێت کە پەرلەمانی عێراق خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی زە ناشناڵی ئیماراتی، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، هەڵبژاردنی پێشوەختە کاتێک ئەنجامدەدرێت کە پەرلەمان خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، حکومەتییش ئەو کات ئامادەدەبێت بۆ سەرپەرشتیکردنی پرۆسەکە، بەڵام بەپێی خوێندنەوەکانیان لایەنە سیاسییەکان متمانەیان بە حکومەتی ئێستای عێراق هەیە.
لەبارەی هەڕەشەکانی داعشیش، محەممەد شیاع سوودانی رایگەیاند، هەڕەشەی داعش لەسەر عێراق نەماوە، بۆیە چیتر بوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق پێویست نییە.
محەممەد شیاع سوودانی باسی لەوەشکردووە، 300 پارت و لایهنی سیاسی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان تەرخانکردووە و ململانێ سیاسییەکان لە عێراق لە چوارچێوەیەکی سروشتیدان.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، پرۆژەی (رێگەی گەشەپێدان) کورتترین و باشترین و هەرزانترین پرۆژەیە لەناو پرۆژەکانی دیکەی ناوچەکە بۆ گواستنەوەی کەلوپەل.
پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان، پرۆژەیەکە بۆ بەستنەوەی هێڵی ئاسنینی عێراق بە تورکیا و باکووری ئەوروپا و کەنداوی عەرەبیەوە، کە تایبەتە بە گواستنەوەی کاڵا و شتومەک لەنێوان ئەو وڵاتانەدا.