وەزارەتی بەرگری تورکیا هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنی وشکانی دەکات

"پەکەکە پاساو دەداتە تورکیا هێرش بکاتە سەر ناوچەکانی کوردستان"
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 – هەولێر

وەزیری بەرگری عێراق لە ئەنقەرەیە و وەزارەتی بەرگری تورکیاش هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنی وشکانی دەکات، چاودێرێکیش دەڵێت: پەکەکە پاساو دەداتە تورکیا هێرش بکاتە سەر ناوچەکانی کوردستان.

رۆژی (چوارشه‌ممه‌ 4ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023) سابت عه‌باسی وه‌زیری به‌رگری عێراق به‌ سه‌ردانێكی فه‌رمی و به‌ داوه‌تی یه‌شار گوله‌ری وه‌زیری به‌رگری توركیا گه‌یشته‌ ئه‌نقه‌ره‌ و ئەمڕۆش وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند: ئۆپەراسیۆنی وشکانی لە عێراق مافێکی رەوایە.

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی یەکشەممە، 1ـی ئۆکتۆبەری 2023، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند،  "دوو تیرۆریست" هێرشیان کردە سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایش سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، لە شاری ئەنقەرە، یەکێکیان خۆی تەقاندەوە و ئەوەی دیکەشیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژرا"، دوای هێرشەکە پەکەکە بەرپرسیاریەتی خۆی لە هێرشەکەی ئەنقەرە راگەیاند. فەرماندەیی ناوەندیی پاراستنی گەل کە باڵێکی سەربازیی پەکەکەیە ئاشکرای کرد، هێرشەکەی سەر وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لەلایەن دوو ئەندامیانەوە بە ناوەکانی (رۆژهات زیلان و ئەرداڵ شاهین) ئەنجام دراوە.

لەبارەی هەڕەشەکانی تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی وشکانی، د. عوسمان عەلی، سەرۆکی رێکخراوی تاسک بۆ لێکۆڵێنەوەی ستراتیژی بە کوردستان24ی گوت: "رۆژی چوارشەممە 4/10/2023، ئاسایشی نەتەوەیی باڵای تورکیا کۆبووەتەوە پێدەچێت چەند بڕیارێکیان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن دابێت، پێشتر لە 2ی ئەم مانگە ئەردۆغان لە پەرلەمان رایگەیاندبوو، دەبێ دوژمنان بزانن دەکرێت شەوێک لە باکووری عێراق بین، سەردانی وەزیری بەرگری عێراق بۆ تورکیا پەیوەندی بەو بابەتەوە هەیە، تورکیا هاوشێوەی ئێران داوا دەکات دژبەرەکەی (پەکەکە) لە ناوچە سنوورییەکانی عێراق بکشێندرێنەوە. بەهۆی جوگرافیا و ستراتیژی پەکەکە لەگەڵ ئێران دەرکردنی پەکەکە لەو سنوورانە وەک دژبەرەکانی ئێران ئاسان نییە".

د. عوسمان عەلی، گوتیشی: "ئەو هێرشەی پەکەکە کردیە سەر وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە ئەنقەرە هیچ سوودێکی بۆ پرسی کورد نییە، بەڵکو وایکرد بە گشتی لە ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەرکۆنە بکرێت، کارەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان پاساو دەداتە حکومەتی تورکیا کە هێرش بکاتە سەر ناوچەکانی  کوردستان، واتا پەکەکە جگە لە دروستکردنی کێشە بۆ هەرێمی کوردستان، هیچ خزمەتێکی دۆزی کورد ناکات و پێویستە پەکەکە خەباتی خۆی بە جۆرێکی دیکە بگۆڕێت، خەبات لە باکووری کوردستان رەوایە، بەڵام دەبێ خەباتی مەدەنی بێت".