پزیشکێکی ددان پێشانگایەکی شێوەکاری لە هەولێر دەکاتەوە
K24 - هەولێر
یەکەمین پێشانگای تایبەتی شێوەکاری بۆ "دکتۆرە ئیمان محەممەد" لە گڕاند ماجدی مۆڵ کرایەوە، کە چەند تابلۆیەکی تێیدا نمایشکران.
تابلۆکانی ئەم خانمە پزیشکەش گوزارشت بوون لە سەختی ژن بوون و پیشەی پزیشکی لە نێو کۆمەڵگەدا، هاوکات بەشێک بوون لە نیشاندانی رۆڵی بەرچاوی ژنانی کورددا.
دکتۆرە "ئیمان محەممەد" لە میانی کردنەوەی پێشانگا هونەرییەکەی بۆ کوردستان24 گوتی: وەک نوژدارێک لە پێشانگاکەمدا هەوڵمداوە زیاتر تیشک بخەمە سەر رۆڵی ئافرەت، کە ئێستا لە تەواوی جومگەکانی ژیاندا رۆڵیان بەرچاویان هەیە و رووبەرووی هەموو ئاستەنگەکان ژیان دەبنەوە، هاوکات بەشێک لە تابلۆکانم نزیکردووەتەوە لە کارەکەم، بەجۆرێک وێنەی ئەو ئافرەتانەم کێشاوە، کە لە روخساردا جوانن، بەڵام ددان سیمای جوانیانی شێواندووە، ئەمەش هەم هونەرە و هەم کارێکێکی بزنسیە بۆ نیشاندانی کارەکانم لە بواری تەندروستی دا.
گوتیشی: کێشانی تابلۆ و نزیکبوونەوەم لە هونەر، حەز و ئارەزووێکی منداڵیمە و هەمیشە دەمەوێت کارەکانم لە تابلۆییەکی رەنگاوڕەنگی شێوەکاریی دا نیشانی ئەوانە بدەم، کە رۆژانە سەر لە نۆرینگەکەم دەدەن.



