جەلیل زەنگە: درامای ژاڵە و مەرەزەمان لەسەر گیرفانی خۆمان بەرهەمهێنـا

جەلیل زەنگەنە
جەلیل زەنگەنە

K24 - هەولێر

جەلیل زەنگەنە، ئەو دەرهێنەرە پڕ لە ئەزموونەیە کە نیو سەدەیە لە خزمەت هونەری دراما و سینەمایە، بەتایبەت لەم ساڵانەی دوایی دا، کە سێ بەشی لە درامای گەردەلوول پێشکەشکرد، بووەتە جێی سەرنجی هەمووان و ئێستاش کار بۆ بەشێکی دیکەی ئەو دراما مێژووییە دەکات و لەم دیمانەی کوردستان24ـیشدا پەنجە دەخاتە چەند ئازارێک لە نێو دنیای هونەردا.

كوردستان24: دەڵێن هونەری رۆژهەڵات، هونەرمەند دەپڕوكێنێت ‌و بە گیرفانی بەتاڵ لێی دێتە دەر، ئێوە لەوبارەیەوە چی دەڵێن؟

جەلیل زەنگەنە: لە ساڵانی حەفتا كاتێك درامای ژاڵە و مەرەزەمان پێشكەش كرد، كێ پارەی داینێ؟! لە گیرفانی خۆمان پارەماندا و كردمان، دوای ئەو هەموو ساڵە مووچەی خانەنشینی خۆم نەبێت یەك دیناری هیچ شوێنێكم نیە، تەحدا دەكەم بەدەر لە حەقی خۆم دینارێك زیادیان داومەتێ بابێن بیاندەمەوە یان پێمبڵێن".

كوردستان24: خەڵكی دەڵێن جەلیل زەنگەنە ئێستاشی لەگەڵدا بێت خەریكی بەشێكی دیكەی گەردەلوولە وایە یان نا؟

جەلیل زەنگەنە: من ئامادەم ‌و خەریكم، لە یەكەم بەشی گەردەلوولەوە گوتومە گەردەلوول پێنج بەشە، بەشی یەكەمی لە ساڵی 1976ـەوە دەست پێدەكات، بەشی دووەمی لە ساڵی 1978ـەوە دەست پێدەكات، بەشی سێیەمی لەساڵی 1982ـەوە دەست پێدەكات، بەشی چوارەمی ساڵی 1987ـەوە هەرچی بەشی پێنجەم‌ و كۆتایی باسی كیمیاباران‌ و ئەنفال ‌و كۆڕەوە مەزنەكە ‌و دوای راپەڕینی بەهاری ساڵی1991 دەكات".

كوردستان24: كێشەی پارەتان بۆ چارەسەر بووە تا دەست بكەنەوە بەو بەشانەی دیكەی گەردەلوول، كە هێشتا تەواوتان نەكردوون؟

 جەلیل زەنگەنە: بێگومان پارەی دەوێت ‌و كێشەی پارەمان هەیە، ئەو سێ بەشەی گەردەلوول، كە تەواوم كردوون نیو ملیۆن دۆلاری ویستووە، بەو دووبەشەی دیكەی گەردەلوول زیاترچ لە دوو هەزار ئەكتەر بەشداریان كردووە‌و، دەچینە شارەكانی بەغداو هەولێر و كەركووك ‌و سەرجەم شوێنەكانی دیكە، كە بۆكاری وێنەگرتنی دراماكە پێویستە".

.

كوردستان24: ژمارەیەك لە ئەكتەرە دیارەكانی گەردەلوول كۆچیان كردووە لەژیاندا نەماون چۆن جێگایان پڕدەكەنەوە؟

جەلیل زەنگەنە: گەردەلوول خوێن ‌و گەنجی تازەی دەوێت، تەنیا چەند ئەكتەرێك لە بەشداربوونی كۆن هەبن بەسە، چونكە خۆم سیناریۆكەم نوسیووە، سیناریۆكەم وەرنەگرتووە بەنمونە دەڵێم لەبەشی یەكەمدا جیهاد دڵپاكی تێدایە لەبەشی دوومدا ئەو بەشدار نیە، واتا دەكرێت ئەكتەرێك لەبەشێكدا دەورەكەی تەواو ببێت".

كوردستان24: تۆ لە گەردەلوول شۆڕشی حزبەكانت لە شاخ زۆر جوان ‌و سەنگین كرد، ئایا ژیانی شاریشیان هەروا جوان‌ و سەنگین دەبێت ؟.

 جەلیل زەنگەنە: نابێت ئەو دیمەنانە بەخەڵكی بەڵێین، چونكە هێشتا دراماكە پێشكەش نەكراوە، ئەگەر باسبكرێت خەڵكی لەدراماكە تێدەگەن‌و هەست‌و خۆشەویستی‌و زەوق‌و بینینیان بۆ دراماكە نامێنێت بۆیە ناتوانم باسی بكەم".

كوردستان24: بەدەر لە گەردەلوول چی دیكەت هەیە بیری لێبكەیتەوە یان پێوەی سەرقاڵ بیت؟

 جەلیل زەنگەنە: نووسین ‌و دەرهێنانی ساتێك بۆ خۆشەویستیم هەیە لە 30 زنجیرە پێكهاتووە كارێكی سەردەمیانەیە زۆر بەهێزە، وەزیری رۆشنبیری پێشوو خالید دۆسكی بڕە پارەیەكی بۆ تەرخان كرد، كە كەمبوو بەشی نەدەكرد، بەڵام دەسەڵاتدارێك كارەكەی لە وەزیری رۆشنبیری وەرگرتەوە ‌و نەكرا كە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا بەورتر باسی دەكەم".

كوردستان24: بۆ كام لەئەكتەرە كۆچكردوەكانی گەردەلوول دڵگران‌ و ناڕەحەت بووی؟

جەلیل زەنگەنە: جا بۆ كامیان دڵگران نەبووم ئەوە جیهاد دڵپاك، جەلال بەیار، بەهادینی حەلیم، مەمەند مستەفا، جەمالی حەمە كۆڵ، پشتوان نووری بەدەوی، ئاسۆ عومەر سوارە هیتریش، كە سەرجەمیان توانا‌و بەهرەیان هەبوو".

كوردستان24: لەگەڵ خوێندنەوەدا چۆنی‌ و چی دەخوێنیتەوە؟

جەلیل زەنگەنە: زیاتر كتێبی رۆمان دەخوێنمەوە، لەگەڵ دراساتی درامایی ‌و سینەمایی دەخوێنمەوە  ڕۆژانە دوو كاتژمێرم بۆ خوێندنەوە داناوە.

كوردستان24: لەئێستادا چی شتێك زۆر نیگەرانی كردوویت؟

جەلیل زەنگەنە: سلێمانی پایتەختی ڕۆشنبیریە‌ و ڕۆشنبیرەكانی كۆچ دەكەن بۆ دەرەوەی وڵات، یان لە چاوەڕوانیدا دەمرن ‌و سەردەنێنەوە، سلێمانی هەمووی دوو كەناڵی هەیە ئێ باشە بۆ مشورێك ناخورێت لەم شارە؟!.

.
Fly Erbil Advertisment