پسپۆڕێکی کورد: ئێستا کاتی ئەوە نییە داوا بکرێت یۆنامی عێراق بەجێبهێڵێت

لۆگۆی نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامی)
لۆگۆی نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامی)

K24 - هەولێر

لایەنە شیعییەکان داوای کۆتاییهێان بە ئەرکی یۆنامی لە عێراق دەکەن و، پسپۆڕێکی نێودەوڵەتییەکانیش دەڵێت، "کاتەکە گونجاو نییە بۆ ئەوەی یۆنامی عێراق بەجێبهێڵێت، چونکە کاریگەریی نەرێنی دەبێت و لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێکدا نییە".

ماوەیەکە لایەنە شیعییەکانی عێراق بە بیانووی جیاواز داوای کۆتاییهێان بە ئەرکی نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامی) دەکەن و، پێیانوایە عێراق گەیشتووەتە ڕادەیەک پێویستی بە نەتەوە یەکگرتووەکان و هیچ لایەنێکی دیکە نییە هاوکاری و پشتگیری دامودەزگاکانی بکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 15-11-2023، د. محەممەد ئیحسان، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەوبارەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، "لەبەر ئەوەی لەسەر داوای حکومەتی عێراق دامەزراوە، بۆیە حکومەت بەفەرمی دەتوانێت داوا بکات یۆنامی عێراق بەجێبهێڵێت، بەڵام بە ڕای من؛ تەنانەت ئەگەر بەفەرمیش ئەو داوایە بکریت، ئەمەریکا قبووڵی ناکات و کار بۆ هێشتنەوەی دەکات".

رۆژی 26-05-2022، ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوەیەگگرتووەکان ئەرکی یۆنامی تاوەکوو 31ی ئاداری ئەمساڵ لە عێراق درێژکردەوە. ئەنجوومەنی ئاسایش داوای لە جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد، هاوکاریی حکومەتی عێراق بکات بۆ ڕەخساندنی دیالۆگی ئاسایشی نیشتمانی و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێرراوەکانی عێراق.

د. محەممەد ئیحسان پێیوایە، "داوای بەشێک لە لایەنە شیعییەکانی عێراق بۆ کۆتاییهێنانی ئەرکی پلاسخارت، پەیوەندی بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانەوە هەیە" و دەڵێت، "لایەنە شیعییەکان نایانەوێت هەڵبژاردنێکی شەفاف بەڕێوەبچێت کە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتیی بکات، بۆیە ئێستا داوا دەکەن یۆنامی لە عێراق نەمێنێت".

بە گوتەی ئەو پسپۆڕەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، "ئەگەر لەم کاتەدا و بەم شێوەیە کۆتایی بە ئەرکی نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بهێندرێت، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییی کاریگەری لەسەر عێراق دەبێت و بەغدا دۆست و هاوپەیمانەکانی لە خۆی تۆڕە دەکات. لەسەر ئاستی ناوخۆییش کاریگەریی زۆر لەدوای خۆی بەجێدەهێڵێت".

د. محەممەد ئیحسان گوتیشی، "یۆنامی لە سەرەتای دامەزراندییەوە تاوەکو ئێستا بەهۆی ئەو کۆسپ و ئاستەنگانەی بووی دروستکراون، نەیتوانیوە وەکو پێویست بە ئەرکەکانی خۆی بەرامبەر بە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بەجێبگەیەنێت، تەنها توانیویەتی بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە سەرپەرشتیی پڕۆسەی هەڵبژاردن بکات، ئەمەش لەبەر ئەوەی ئەزموونی زیاتریان لەم بوارەدا هەیە".

یۆنامی لە ساڵی 2003 لەسەر داوای حکومەتی عێراق و لەلایەن ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان بە بڕیاری ژمارە هەزار و 500ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزراوە. سێ ئەرکی سەرەکی لە عێراق هەیە؛ ئامۆژگاریکردن، هاوکاریکردن و پشتگیریکردن لە پڕۆسەی سیاسی و دیموکراسی و دامودەزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان.

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی سێشەممە، 14-11-2023، قەیس غەز عەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیب ئەهلی حەق پێشوازی لە ڤۆڵکەر پێرێتز، نوێنەری ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی تیمی سەربەخۆی پێداچوونەوەی ستراتیژی بۆ هاوکاریکردنی عێراق کرد.

بە گوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی ئەمینداری گشتیی عەسائیب ئەهلی حەق؛ خەز عەلی لە کۆبوونەوەکەدا داوایکردووە "کۆتایی بە ئەرکی نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامی) بێت، دوای ئەوەی بارودۆخی سیاسی، ئەمنی و کۆمەڵایەتی لە وڵاتەکە سەقامگیرییەکی گەورەیان بەخۆیەوە بینی".

خەز عەلی ئاماژەی بەوەش کردووە، "عێراق لە هەموو بوارەکاندا گەشەسەندنێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، بۆیە پێویست بە بوونی نێردە دیپلۆماسییەکان لەژێر ناوی جۆراجۆردا ناکات". گوتیشی، "عێراق بەرووی هەموو لایەکدا کرایەوە و لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە باڵاکانی، هاوسەنگی لە پەیوەندییەکانیدا پەیڕەو دەکات".