عێراق له‌ به‌رانبه‌ر بڕیاری ئه‌مه‌ریكا بۆ سزادانی میلیشیاكان سكاڵای بێده‌سه‌ڵاتی خۆی ده‌كات

ئاڵاکانی عێراق و ئەمەریکا
ئاڵاکانی عێراق و ئەمەریکا

گوتەبێژی حکوومەتی عێراق لە بارەی بڕیارەکانی ئەم دواییەی وەزارەتەکانی دەرەوە و گەنجینەی ئەمەریکا ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت: ئەم بڕیارانە بەبێ ڕاوێژ یان گفتوگۆی پێشوەختە دراون، ئەمەش پێشینەیەکی نەرێنییە.

دوای ئەوەی وەزارەتەکانی دەرەوە و گەنجینەی ئەمەریکا ژمارەیەک کەسایەتی، دامەزراوە و دوو گرووپی چەکداری عێراقی سزا دا، ئەمڕۆ شەممە 11ـی تشرینی یەکەمی 2025، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، لە ڕاگەیەنراوێکدا وەڵامی هەردوو وەزارەتەکەی ئەمەریکای دایەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، حکوومەتی عێراق پابەندە بەو پەیماننامە و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییانەی کە واژۆ کراون، هەروەها پابەندە بە جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنانە لەسەر بنەمای ئەندامیه‌تیی کارا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، یاسا و ڕێکارە کارپێکراوەکانی.

باسم عەوادی، دەڵێت: حکوومەتی عێراق لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ بڕیارەکانی ئەم دواییەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا دەکات سەبارەت بە سەپاندنی سزا بەسەر کۆمپانیایەک و هەندێک قەوارەی دیکە لە عێراقدا بە تۆمەتی پەیوەندیکردنیان بەو قەوارانەی کە کەوتوونەتە ژێر ڕێکاری یاسایی ئەمەریکاوە.

لە ڕاگەیەنراوەکە ئاماژە بەوە کراوە، حکوومەتی عێراق نیگەرانی قووڵی خۆی بۆ ئەم بڕیاره‌ تاکلایەنەی ئەمەریکا دەردەبڕێت و ده‌ڵێت، گرتنەبەری ڕێکارێکی لەو شێوەیە بەبێ ڕاوێژ یان گفتوگۆی پێشوەختە پێشینەیەکی نەرێنییە.

گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، داوا لە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی وڵاتەکەی دەکات کە پێشەنگیان ئەمەریکایە، هاوکارییان بکەن لە ئاڵوگۆڕی زانیاریی تەکنیکی و بانکیدا، بەتایبەتی لەگەڵ پرۆسەی چاکسازیی هەمەلایەنەی پێکهاتەیی سیستەمی بانکی و دارایی عێراق.

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، سەرۆک وەزیرانی عێراق، فەرمانی پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای نیشتمانی کردەوە، بۆ پێداچوونەوە بە دۆسیە پەیوەندیدارەکە و ڕاپۆرت و ڕاسپاردەکانی لە ماوەی 30 ڕۆژدا پێشکەش بکات.

عەوادی، جەختی لەوە کردەوە، حکوومەتی عێراق، هەر چالاکییەکی ئابووری یان دارایی ڕەت دەکاتەوە کە لە چوارچێوەی یاسایی نیشتمانی لابدات، یان بۆ دابینکردنی دارایی گرووپە چەکدارەکان یان بۆ مەبەستێک کە ناکۆکی لەگەڵ بەرژەوەندیی باڵای گەل دەقۆسرێتەوە.

ئەم ڕاگەیەنراوەکەی حکوومەتی عێراق دوای ئەوە هات، درەنگانی شەوی پێنجشەممە 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، شەش کەسایەتی و دوو دامەزراوەی عێراقی، بە تۆمەتی هاوکاریکردنی ئێران و بە قاچاغبردنی چەک سزا دا.

هەروەها لە ڕۆژی هەینی 10ـی تشرینی یەکەمی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، بە مەبەستی فشارخستنە سەر ئێران، دوو گرووپی چەکداریی عێراق خستە لیستی سزاکانییەوە.

لەم بارەوە تۆمی پیگۆت، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوە کردبوو، دوو گرووپە چەدکارە عێراقییەکە بوونەتە هۆکارێک بۆ لاوازی سەروەری عێراق و لێدان لە ئابوورییەکەی، هەروەها بەرپرسیارن لە هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment