كارزان فاروق: گۆرانیبێژ نەبومایە دەبوومە مۆسیقا ژەنێکی لێهاتوو

K24 - هەولێر

هونەرمەند كارزان فاروق لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا بە كوردستان24ـی راگەیاند، ستایلێكی تایبەتی نیە بۆ گۆرانی گوتن، حەزی لەو شێوە ستایلەیە لەگەڵ دەنگی بگونجێت.

كوردستان24: باسی نوێترین كاری هونەری خۆتمان بۆ بكە؟

كارزان فاروق: نوێترین كاری هونەریم بۆ دوومانگ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، كە گۆرانی (تۆ هاتی) تێكستی خۆم و پارسا ئەسكەندەری نوسراوە و ئاوازی بۆ دانراوە مەیسەم ئەكبەر كاری ئەرنج و میكسی بۆ كردووە دەرهێنانی كاوە خەلیلە.

كوردستان24:  چی كارێكی هونەریت داوە بە هاوڕێكانت؟

كارزان فاروق: زیاتر لە كارێكم داوە بە هاوڕێ هونەرمەندەكانم خۆشبەختانە كارە هونەرییەكە دەنگدانەوەی باشی هەبووە منیش زۆر پێخۆشحاڵ بووم.

كوردستان24: شارەزایت هەیە لە ژەنینی ئامێری میوزیكەكاندا؟

كارزان فاروق: لە ئامێری گیتار دەزانم و بەكاری دەهێنم، نەمتوانیووە وەك پێویست لە ژەنینی ئامێرەكانی دیكە شارەزابم گەر دەرفەتێك هەبێت دەمەوێت فێری ژەنینی ئامێرە میوزیكەكان بم.

كوردستان24: نێوانت لەگەڵ هونەرمەندان چۆنە؟

كارزان فاروق: نێوانم لەگەڵ هونەرمەندان تا رادەیەك باشە لەگەڵ ژمارەیەك هونەرمەند كاری هونەری دوێت دەکەین.

كوردستان24: بەشداری شەوە ئاهەنگ دەكەیت؟

كارزان فاروق: بەهۆی سەرقاڵی زۆرم بۆ كارە هونەریەكانم زۆر بەكەمی بەشداری لایف میوزیك دەكەم، بەڵام كاری لایف موزیك بۆ هونەرمەند باشە وەك راهێنان و سودێكی ماددی بۆ هونەرمەندەكە دەبێت.

كوردستان24: زیاتر ئارەزووی گوتنەوەی گۆرانی شاد یان خاو دەكەیت؟

كارزان فاروق: حەزم لەو ستایل و شێوازەیە لەگەڵ دەنگم بگونجێت خۆم پەیوەست نەكردووە بە جۆرە ستایلێكی تایبەت، ئاواتم ئەوەیە خزمەتی زیاتری هونەری كوردی بكەم.

كوردستان24: گوێ لە گۆرانیەكانی خۆت دەگریت؟

كارزان فاروق: گوێ لە گۆرانیەكانی خۆم دەگرم، گۆرانیەكانی خۆمم لەلا تایبەتە هەر گۆرانیەكی خۆم بەر گوێ بكەوێتەوە ئەوە گوێی لێدەگرم.

كوردستان24: خۆت بە قەرزاری كێ دەزانیت بۆ كارە هونەریەكانت؟

كارزان فاروق: كە بەم رۆژە گەشتووم ئەوا خۆم بەقەرزاری خۆم دەزانم، چونكە زۆر خۆم بەكارە هونەرییەكانمەوە ماندوو کردووە.

كوردستان24: ئارەزووی دەنگی چ هونەرمەندێك دەكەیت؟

كارزان فاروق: گوێ لە دەنگی هونەرمەندە كۆنەكان دەگرمەوە بەتایبەت ئەو هونەرمەندانەی لە سەردەم و قۆناغی خۆیاندا كاری جیاواز و نایابیان پێشكەش كردوە.

كوردستان24: ئاواز و تێكست چۆن دیاری دەكەیت بۆ كارە هونەرییەكانت؟

كارزان فاروق: زۆرینەی گۆرانیەكانم ئاواز و تێكستی خۆمە لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك جار سوود لە ئاواز و تێكستی كەسانی دیكەی سەركەوتوو وەردەگرم.

كوردستان24: ئەگەر هونەرمەند نەبویتایە ئارەزووت دەكرد چی بكەیت؟

كارزان فاروق: زۆر ئارەزووی میوزیك دەكەم ئەوكات رەنگە ژەنیاربومایە، چونكە زۆر ئارەزووی ژەنینی ئامێرە میوزیکەكان دەكەم.