پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ 23 هەزار تۆن برنجی کوردی لە سنووری دهۆک بەرهەمبهێندرێت

K24 - هەولێر
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای دهۆک رایدەگەیەنێت، پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ئەمساڵی برنجی کوردی لە سنووری پارێزگاکە بگاتە نزیکەی 23 هەزار تۆن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 27-11-2023، ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمساڵ 21 هەزار دۆنم زەوی لە سنووری ئەو پارێزگایە بە برنج داچێندراوە و پێشبینی دەکەن بەرهەمی ئەمساڵی برنجەکە بگاتە 23 هەزار تۆن.
وەکو ئەوەی خۆی باسی کرد، بەراورد بە ساڵانی 2019 و 2020؛ ئەمساڵ کاریگەری کەشوهەوا لەسەر بەرهەمهێنانی برنج کەمتر بووە. هەروەها بەراورد بە هەردوو ساڵی رابردوو، وشکەساڵی کەمتر بووە، بۆیە پێشبینی دەکەن بەرهەمی ئەمساڵی برنجی کوردی زیاتر بێت.
بە گوتەی ئەحمەد جەمیل، ساڵانە لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 300 هەزار تۆن برنجی کوردی بەرهەمدەهێندرێت و تەنها لە سنووری پارێزگای دهۆک ساڵانە نزیکەی 20 بۆ 23 هەزار تۆن بەرهەمدەهێندرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک دەڵێت، لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان خواستێکی زۆر لەسەر برنجی کوردی هەیە و ساڵانە بڕێک زۆری هەناردەی دەرەوە دەکرێت.
برنج لە دەشتایی و نزیک رووبار و جۆگەکاندا دەچێنرێت، ئەویش لە کۆتایی وەرزی بەهاردا لە پاش کێڵان و وردکردن و تەختکردن و پاراوکردنی زەویەکە، چاندنی لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە دەگۆڕێت.
لە سنووری پارێزگای دهۆک، کاتێک باس لە برنجی کوردی دەکرێت، ناوی ئاکرێ دێتەوە یاد، کە بە چاندنی ئەم بەرهەمە و چەندین جۆری دیکەی بەرهەمی کشتوکاڵی بەناوبانگە.
لە سەرەتا و ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمی هەموو ساڵێک، دروێنەی برنج لە سنووری قەزای ئاکرێ دەستپێدەکات. ئەمەش لە دوای ئەوەی لە مانگی نیسان و ئایار دەچێندرێت.
لە گوندەکانی سنووری ئاکرێ، زیاتر لە دە جۆری برنج بەرهەمدمێت، لەوانە شەش مانگی، بەندەری، سەدڕی، تەحالوفی بچووک، تەحالوفی پاشا، تەحالوفی درێژ، تەحالوفی مامناوەند، چینی و ژاپۆنی.
ئامادەکردن: لاڤین عومەر