كاروان سەباح: پڕۆژەی دروستکردنی 42 پۆند لە قۆناغی جێبەجێکردندایە

كاروان سەباح، بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم
كاروان سەباح، بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم، رایدەگەیەنێت؛ لە کابینەی نۆیەمدا دیدگایەکی روون بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو هەیە. گوتیشی: لە دوو ساڵدا شەش بەنداو و حەوت پۆند دروستکراوان.

كاروان سەباح، بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم، لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، کابینەی نۆیەم دیداگایەکی زۆر رونتر و رۆشنتری بۆ بابەتی ئیدارەدانی ئاو هەبووە، لەسەر ئەو بنەمایەش کارکردن لەسەر سێکتەری ئاو لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر دوو هێلی هاوتەریب بووە، یەکەمیان؛ پەرەپێدان بووە بە ئیدارەدانی ئاو، دووەمیان؛ پەرەپێدانی ژێرخان بووە.

بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم، راشیگەیاند، لە بواری ئیدارەدانی ئاو لەو کابینەیەدا یاسای ئاو هێنرایە کایەوە، هاوکات پێداچوونەوەمان بە هەموو یاسا و رێنماییە کۆنەکان کردووە، وەک یاسای کەناراوەکان، رێنماییەکانی ئیدارەدانی ئاو و رێنمایی لێدانی بیر، لە هەموو ئەمانە خەریکی گۆڕانکاری بووین لە رێنماییەکان.

لەبارەی دروستکردنی بەنداو و پۆندەکان، كاروان سەباح، دەڵێت: لە دوو ساڵدا حەوت پۆند و شەش بەنداو دروستکراون، هەروەها پڕۆژەی دروستکردنی 42 پۆند لە قۆناغی جێبەجێکردندایە. باسی لەوەشکرد، پڕۆژەی گرنگمان بۆ گلدانەوەی ئاو و ژیاندنەوەی کانیاوەکان هەیە.

كاروان سەباح، گوتی: لە سەردەمی ئەم کابینەیەش وەکو پێشتریش ئاماژەمان پێداوە دەمانەوێت هەم کەرتی تایبەت بێنینە ناو ئیدارەدانی ئاو و ژێرخانی ئاو، هەم خودی هاووڵاتییانیش بە تایبەتی خەڵکی گوندەکان و جووتیارەکان ببنە بەشێک لە پرۆسەی ئیدارەدانی ئاو.

گوتیشی: ئێمە پڕۆژەیەکمان ئامادەکردووە کە پڕۆژەی پۆندی هەرەوەزییە، کە ئەو گوندانەی دوورەدەستن و خۆیان ئامادەییان تێداهەیە کە پۆند دروستبکەن، حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانی زانستی، تەکنیکی و داراییان دەکەن، دوای دروستکردنی پۆندەکەش رادەستی لیژنەیەک دەکرێت لە خەڵکی گوندەکان کە خۆیان ئیدارەی بدەن لەژێر سەرپەرشتی و چاودێری لایەنی حکومی.

بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم، باسی پرسی گۆڕانی کەشوهەوای کرد و ئاماژەی بەوەدا، دەیانەوێت کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا کەمبکەنەوە.

كاروان سەباح، ئەوەشی ئاشکراکرد، ئیدارەدانی ئاو تەنیا بە حکومەت ناکرێت بەڵکو پێویستە تاک بە تاکی کۆمەڵگە، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، میدیا و دامودەزگا جیهانییەکان هەموو هاوکار و پشتیوان بن بەیەکەوە ئیدارەی بدەن.

بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم، تکای لە هاووڵاتییان کرد کە ئاو بەفیڕۆ نەدەن و گوتی: پێویستە هاووڵاتییان بایەخی هەبوونی ئاو بزانن، هەروەها پێویستە کەمترین رێژەی ئاو بەکاربهێنن لەهەموو بوارێکدا.