وەزیری بازرگانی: ساڵی داهاتوو قیستی کۆمپانیاکان بە دینار دەدرێتەوە

K24 - هەولێر
وەزیری بازرگانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ساڵی داهاتوو قستی کۆمپانیاکان بە دینار دەبێت، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو رێکارانەی بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دیناری عێراقی گیراونەتە بەر.
ئەمڕۆ سێشەممە، 26ـی کانوونی یەکەمی2023، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی گوت: "لە ساڵی داهاتوودا هەموو مامەڵەکانی حکومەتی عێراق بە دینار دەبێت، حکومەتی هەرێمیش هەوڵدەدات پابەندی ئەو بڕیارە بێت، ئەمەش لەچوارچیوەی رێکارەکان بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریکی".
وەزیری بازرگانی، گوتیشی: "هەر لە ساڵی داهاتوودا قستەکانی کۆمپانیاکان هەمووی بە دینار دەدرێتەوە، کە پێشتر بە دۆلار ئەو قەرزانە دراونەتەوە".
ئەمە لەکاتێکدایە حکومەتی عێراق، بڕیاریداوە لە ساڵی داهاتوودا هەموو مامەڵەیەک لە بازاڕەکان بە دیناری بکرێت لە بری دۆلار، وەک هەوڵێک بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دینار.
ئا: لاڤین عومەر