خۆپیشاندەرێک: کوردستان فاکتەری ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکەیە

خۆپیشاندان لە دژی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر
خۆپیشاندان لە دژی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر

K24 – هەولێر

خۆپیشاندانەکان دژی هێرشەکەی ئێران  بۆ سەر هەرێمی کوردستان- هەولێر، بەردەوامییان هەیە. خۆپیشاندەرێکی چەمچەماڵیش دەڵێت، کوردستان فاکتەری ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکەیە. 

بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 29-01-2024، کاتژمێر 10:00، خۆپیشاندانی فراوانی خەڵکی چەمچەماڵ، لە دژی هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر دەستیپێکرد.

خۆپیشاندەرێک بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئێمە بە هەموو چین و توێژێک کۆبووینەتەوە، دژی هێرشەکەی ئێران وا دەزانن کورد بەم هێرشانە لەناو دەچێت، مەبەستەکانی رژێمی ئێرانی نا بەرپرس یەکێکیان نەتەوەییە، دووەمیش مەزهەبییە، ئەگینا ئێمەی کورد نەبووینەتە جێگای مەترسی بۆ سەر ناوچەکە، بەڵکو بووینەتە جێگای ئارامی بۆ سنوورەکان، سەقامگیر و ئارامی ئێمە لە ناوچەکەدا چاوی ئێرانی کوێر کردووە، بە هێرش دەیانەوێت وەڵامی ئارامییەکەی کورد بدەنەوە کە بووینەتە جێگای سەقامگیری بۆ ئەوان".

ئاماژەی بەوەش کرد، "کوردستان جەستەیەکی یەکگرتووە. لەهەر جێگایەک بەشێکی جەستەکە ئازاری پێبگات هەموو جەستەکە ئازاری دەبێت، هەربۆیە لە هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان خۆپیشاندان دەکرێت دژی ئەم هێرشە ترسنۆکانەی کە هەوڵی قڕ کردنی کورد دەدات بە پاساوە بێ بنەماکانی، ئیرادەی ئێمە بەو هێرشانە ناروخێت کە دەیان ساڵە کورد بە هیچ شێوەیەک نەروخاوە".

 

کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە چوار هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.

لەکاردانەوەی رووداوەکەشدا، لە زۆرینەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و شارە گەورەکانی ئەوروپا، خۆپیشاندان بۆسەرکۆنەکردنی هێرشەکانی سوپای پاسداران ئەنجامدران.

 

Fly Erbil Advertisment