مەسرور بارزانی پێشوازی لە باڵيۆزى نه‌رويج له‌ ئوردن و عێراق ‌کرد‌

مەسرور بارزانی پێشوازی لە باڵيۆزى نه‌رويج له‌ ئوردن و عێراق ‌کرد‌
مەسرور بارزانی پێشوازی لە باڵيۆزى نه‌رويج له‌ ئوردن و عێراق ‌کرد‌

K24 - هەولێر

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵيۆزى نه‌رويج له‌ ئوردن و عێراق ‌کرد‌ و، بە پێویستیش دەزانێت، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕۆڵی گرنگ و کارای خۆی لە پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی بگێڕێت.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، 31-01-2024، مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ ‌ئيسپن ليندباك، باڵيۆزى نه‌رويج له‌ ئوردن و عێراق كرد.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی حکومەتی هه‌رێمى كوردستان؛  لە دیدارەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و دوایین پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە تاووتوێ کرا.

ئاماژە بەوەش کراوە، "باڵیۆزی نەرویج نیگەرانی بەرانبەر هێرشی ئەم دواییەی سەر هەولێر دەربڕی و هاوخەمیى خۆی بۆ کەسوکاری قوربانییانی هێرشەکە بە سەرۆکی حکومەت گەیاند و پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە. هاوکات سەرسامیى خۆيشی بە خۆڕاگری و هاوهەڵوێستیى گەلی کوردستان بەرانبەر ئەو هێرشە ناڕەوایەی کرایە سەر هەولێر نیشاندا".

سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانی و هاوسۆزیى نەرویجی کرد و جەختی کردەوە کە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕۆڵی گرنگ و کارای خۆی لە پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی بگێڕێت.