کۆمیتەی ناوەندی پارتی بە سەرۆکایەتی سەرۆک بارزانی کۆدەبێتەوە
K24 - هەولێر
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەکی مەکتەبی سیاسی پارتی دەست کوردستان24 کەوتووە، بڕیاروایە رۆژی دووشەممە (5ی شوباتی 2024) کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەرۆکایەتی سەرۆک بارزانی کۆببێتەوە.
بەگوتەی سەرچاوەکەی مەکتەبی سیاسیی، تەوەرکانی کۆبوونەوەکەی مەکتەبی ناوەندی پارتی، پرسی گۆڕانکارییە ناوخۆییەکانی پارتی، دۆخی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆکان لەگەڵ یەکێتی و پەیوەندی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و باردودۆخی ئەمنی ناوچەکە تاوتوێ بکرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، کە سبەی یەکشەممە بڕیارەی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی لە دەباشان لە سلێمانی کۆببنەوە.
لە کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە مانگی تشرینی دووەمی 2022 لە دهۆک بەڕێوەچوو، 51 ئەندامی هەمیشەیی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردران و 9 ئەندامیش بە یەدەگ هەڵبژێردران.
