بەگوژمەی زیاتر لە یەک ملیار دینار بەردی بناغەی ئاوی کانیەڕەش دانرا

K24 – هەولێر

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایگەیاند، بەردی بناغەی پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی شارەدێی کانیەڕەش لەسنوری قەزای سیدەکان بەگوژمەی زیاتر لە یەک ملیار دینار دانرا.

ئەمڕۆ سێسەممە، 5ـی ئاداری 2024، لەمیانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایگەیاند، هەر لەگەڵ شارۆچکە بوونی سیدەکان بڕیاری شارەدێی کانیەڕەش دەرچوو، بەڵام دواکەوتنی بوون بە شارۆچکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئێمە پێداگری ئەو پڕۆژە ستراتیژییەمان کرد کە ئەمڕۆ بەردی بناغەی دەستپێبکرێت پێش ئەوەی هەنگاوەکانی دیکە بنرێت و رێکارییەکانی یدکەی بگرینەبەر.

بەگوتەی ئەو: "بەرنامەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خودی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پەیامی ئەوە بوو کە دەبێت ناوچەکان و گوندەکان گرنگیان پێبدرێت، بۆ ئەوەی ئەو بەرنامەیە گرنگی پێبدرێت دەبێت پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان سەرجەمییان بۆ سەرتاسەری گوندەکان دەستپێبکرێت".

هەڵگورد شێخ نەجیب راشیگەیاند: "یەکێک لەو پڕۆژەکان ئەو پڕۆژەی ئەمڕۆیە کە بەردی بناغەی بۆ دادەنێرێت، ئەویش دابینکردنی ئاو بۆ شارەدێی کانیەڕەش، لەم پڕۆژەدا ئێمە سوودمان لە ئاوی سەرزەوی وەرگرتووە. کاری رژد دەکەین بۆ ئەو پڕۆژانەی دەکرێت بە خێرایی دروست بکرێت و هاووڵاتییان لە داهاتووشدا تووشی گرفتی دیکە نەبن".

لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەژێر چاودێری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەردی بناغەی پڕۆژەی گەیاندنی تۆڕی ئاوی خواردنەوەی شارەدێی کانیەڕەش لەسنوری قەزای سیدەکان بەگوژمەی یەک ملیار و 13 ملیۆن و 238 هەزار و 500 دینار دادەنرێت.

گوندی بەرمیزە بەبڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 16ی 10ی 2022 بەفەرمانی ئەنجومەنی وەزیران بەژمارە 3338 بەناوی کانیەڕەش لەگوندەوە کرایە شارەدێ، ئەمە یەکەم پڕۆژەی ستراتیژیشارەدێکەیە و بڕیاروایە ئەمساڵ بەڕێوەبەر شارەدێکە بۆدیاری بکرێت لەگەڵ کردنەوەی فەرمانگاکانی میری.

 

Fly Erbil Advertisment