مەزهەر محەممەد: ساڵانه ملیۆنێك كه‌س له عێراق زیاد ده‌كات
K24 – هەولێر:
راوێژكارێكی دارایی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ئاماژه به‌وه ده‌كات رێژه‌ی گه‌شه‌ی دانیشتووانی عێراق ساڵانه نزیكه‌ی ملیۆنێك كه‌س ده‌بێت، هاوكات سه‌رنج ده‌خاته سه‌ر دوو ئاڵنگاری كه لەبەردەم گەشەپێدانی دانیشتووان و پێشكه‌وتنی عێراقدایه.
ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه 12ـی ئاداری 2024) مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگه‌یاند، گه‌شه‌ی دانیشتووانی عێراق رێژه‌یه‌كی له سه‌رووی رێژه‌ی مامناوه‌ند به‌شێوه‌یه‌ك ساڵانه نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن منداڵ له دایك ده‌بن.
مەزهەر محەممەد ساڵح ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، دوو ئاڵنگاری گه‌وره له به‌رده‌م گه‌شه‌ی دانیشتووان بەگشتی و گەشەپێدانی خانووبەرە بەتایبەتی هەیە، یەکەمیان ده‌بێت حكومه‌ت كار بكات بۆ گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تێك بۆ به‌كارهێنانی ئاو به‌شێوه‌یه‌كی گونجاو له رێگه‌ی دابینكردنی ته‌كنیكی ئاودێری ته‌كنه‌لۆژی، ئه‌مه‌ش له چوارچێوەی سیاسەتی پشتگیریکردنی کەرتی کشتوکاڵ ده‌بێت.
مەزهەر محەممەد هه‌روه‌ها گوتی ئاڵنگاری دووه‌م بریتییه له دەستەبەرکردنی سەقامگیریی هێزی کاری گوندنشینان، کە دەبێت سیاسەتی دابینکردنی خانووبەرەی گوندنشینی گونجاوی لەگەڵدا بێت بۆ رێگه‌گرتن له کۆچی ناسروشتی لە لادێکانەوە بۆ شارەکان و بنیاتنانی لادێیەکی مۆدێرن.
ئه‌و راوێژكاره‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق روونیشیكرده‌وه، عێراق لە ریزی ئەو وڵاتانەی جیهانە کە رێژەی گەشەی ساڵانه‌ی دانیشتووانی بەرزە و ده‌گاته 2.5% و ساڵانە ژمارەی دانیشتووان نزیکەی یەک ملیۆن کەس زیاد دەکات. جەختی لەوەش کردەوە کە رێژەکە بەردەوام لە زیادبووندایە.
رۆژی (چوارشه‌ممه 6ـی ئاداری 2024) محەمەد عەلی تەمیم وه‌زیری، پلادانانی عێراق له‌میانی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م پاریزگاره‌كانی پارێزگاكانی عێراق رایگه‌یاند، خواستێکی راستەقینە هەیە بۆ ئه‌نجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتووانی عێراق.
وه‌زیری پلادانانی عێراق هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، به‌گوێره‌ی پلانێك كه له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و پارێزگاكانی عێراق دایانناوه، بڕیار دراوه پرۆسه‌ی سه‌رژمێری دانیشتووان به‌شێوه‌ی ئه‌زموونی له مانگی تشرینی دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ری ئه‌مساڵ ئه‌نجام بده‌ن.
رۆژی 9ـی شوباتی 2024، عه‌بدولزه‌هره هینداوی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق رایگه‌یاندووه، سه‌رژمێری گشتی دانیشتوان گشت پارێزگا‌و ناوچه‌كان ده‌گرێته‌وه و پلانی تۆكمه‌یان داڕشتووه و ته‌نانه‌ت كۆچه‌ری و كه‌مپه‌كانیش ده‌گرێته‌وه.
هینداوی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، دوای دیاریکردنی شوێنی كۆچه‌رییه‌كان لە ڕێگەی سیستەمی زانیاری جوگرافییەوە، بە پشتبەستن بە وێنەی مانگی دەستکردی یەکە کارگێڕییەکان، سه‌رژمێرییه‌كه ئه‌نجام ده‌ده‌رێت.
پێشتر وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاندبوو، سەرجەم ئامادەکارییە تەکنیکییەکانی تەواوکردووە بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتوان، هاوکات ئاماژەی بەوەدا کە لە مانگی ئایاری ئه‌مساڵ سەرژمێری ئەزموونی له به‌شێك له‌شاره‌كانی عێراق ئەنجامدەدرێت.
وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق له‌ساڵی 2022 رایگه‌یاندبوو، به‌پێی خه‌مڵاندنه‌كانی ده‌زگای ناوه‌ندی سه‌رژمێری، دانیشتووانی عێراق له 43 ملیۆن و 530 هه‌زار كه‌س و ساڵانه رێژه‌ی دانیشتووان 2.5% زیاد ده‌كات، به‌جۆرێك له‌ساڵی 2021دا ملیۆنێك و 310 هه‌زار و 894 منداڵ له‌دایكبوونه و 236 هه‌زار و 469 كه‌سیش گیانیان له‌ده‌ستداوه.