ڕووسیا هۆشداری دەداتە ئەمەریکا
کیریڵ دیمیتریڤ نێردەی تایبەتی ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا لە ئەمەریکایە ڕایگەیاند، سەرەڕای هەوڵەکانی بەریتانیا و وڵاتانی ئەورووپا بۆ پێدانی مووشەکی دوور مەودا بە ئۆکرانیا، بەڵام هێشتا گفتوگۆکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمەریکا لە بارەی ئەو سزایانەی بە سەر ڕووسیادا سەپێنراون، بەردەوامە، ئەمەش بۆ هەموو جیهان گرنگە، بە تایبەتی ئەگەر ئەمەریکا لە بەرژەوەندی ڕووسیا درێژە بەم بابەتە بدات.
ئەمڕۆ هەیینی 24ی تشرینی یەکەمی 2025، بە ئامادەبوونی ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، لە کاتێکدا وڵاتانی هاوپەیمانیی ئەورووپا لە لەندەن کۆبونەوە بۆ دابینکردنی مووشەکی دوور مەودا بە ئۆکرانیا، لە بەرانبەردا ڕووسیا دەستی بە جووڵە کرد و نێردەی تایبەتی پوتن گەیشتە ئەمەریکا.
کیرێڵ دیمیتریڤ نێردەی تایبەتی سەرۆکی ڕووسیا سەردانی واشنتنی کرد، جەختی لەوەکردەوە، گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئەمەریکا بەردەوام دەبێت.
باسی لەوەکردوە، هەرچەندە وڵاتانی ئەورووپا و بەریتانیا هەوڵیانداوە بۆ کۆتایی هێنان بە گفتوگۆ ڕاستەوخۆکانی نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا و ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا، هەروەها هەنگاوە نادۆستانەکانی ئەم دواییەی واشتن بە سەپاندنی سزا بە سەر ڕووسیادا، بەڵام هێشتا دەرگای گفتوگۆی نێوان مۆسکۆ و واشنتن بە تەواوی دانەخراوە.
دیمیتریڤ ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەگەری بەردەوامی گفتوگۆکان لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەمەریکا ڕێز لە بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا بگرێت.
ئەم سەردانەی کیرێڵ دیمیتریڤ نێردەی تایبەتی سەرۆکی ڕووسیا دوای ئەوە دێت کە ئەمەریکا و وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا، لە بەرانبەر بەردەوامی هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، چەندین سزایان بەسەر ڕووسیادا سەپاندووە.
سزا نوێیەکانی ئەمەریکا و ئەورووپا بەسەر ڕووسیا
چوارشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2025، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپا پاکێجێکی نوێی سزایان بەسەر ڕووسیادا سەپاند.
سزاکانی ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپا ئەمانە دەگرێتەوە؛ سزاکان قەدەغەکردنی هاوردەکردنی گازی شل و سروشتی لە ڕووسیاوە تا ساڵی 2027، خستنە لیستی ڕەشی ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرانەی مۆسکۆ بە کاریان دەهێنێت، هەروەها سنووردارکردنی گەشتی دیپلۆماتکارە ڕووسییەکان.
دیداری ترەمپ و پوتن لە بوداپێست
پێنجشەممە 16ـی تشرینی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس نووسیبووی: لە دوو هەفتەی داهاتوودا، لەگەڵ پوتن لە بوداپێستی پایتەختی هەنگاریا دیداری دەبێت، ئەو لێدوانەی ترەمپ دوای ئەوە هات کە بە تەلەفۆن لەگەڵ پوتن قسەی کرد.
چوارشەممە 22ـی تشرینی یەکەمی 2025، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمەریکی لە زاری بەرپرسانی وڵاتەکەی بڵاوی کردبووەوە، کۆشکی سپی ئامادەکارییەکانی بۆ دووەم دیداری لووتکەی نێوان ترەمپ و پوتن ڕاگرتووە.
