توێژینەوەیەکی نوێ: مێشکی پیاوان خێراتر لە مێشکی ئافرەتان بچووک دەبێتەوە
ئافرەتانیش زیاتر لە پیاوان تووشی لەبیرچوونەوە دەبن
توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا، مێشکی پیاوان خێراتر لە پێکهاتەکانی میشکی ئافرەتان، بچووک دەبێتەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە ئافرەتان زیاتر لە پیاوان تووشی لە بیرچوونەوە دەبن.
توێژەرانی زانکۆی کۆلۆمبیا لە نیویۆرک بە ئامانجی هەڵسەنگاندن جیاوازی شیوازی پیربوونی مێشک لە نێوان هەردوو ڕەگەزی نیر و مێ، پشکنینی وردیان بۆ وێنەی سکان کراوی مێشکی 12هەزار و 500 بەشداربووی تەندروست لە هەردوو ڕەگەز کردووە، کە تەمەنیان لە نێوان 17 تا 95 ساڵدا بووە، بۆیان دەرکەوتووە پێکهاتەی سەرەکی مێشک لە پیاواندا خێراتر لە ئافرەتان بچووک دەبێتەوە.
دەرەنجامەکانی توێژینەوەکە دەریدەخەن کە هەندێک بەشی پەردەی مێشک و پێکهاتەی ژێرەوەی لە پیاواندا خێراتر بچووک دەبنەوە. گرنگترین گۆڕانکاریش لە بەشە پەیوەندیدارەکان بە جوڵە و پرۆسەی بینایی بەدی کراوە، کە دەریدەخات هەندێک لە بەشە سەرەکییەکانی مێشکی پیاوان خێراتر لە ئافرەتان لاواز دەبێت.
بەگوێرەی هەمان توێژینەوە، چینی دیوارەی دواوەی مێشک کە بەرپرسە لە هەستە جەستەییەکانی وەک دەست لێدان، هەست کردن بە ئازار و شوێنی ئەندامەکان، لە پیاواندا ساڵانە بە رێژەی %2 بچووک دەبێتەوە، کە بە نزیکەیی خێرایی بچووکبوونەوەکەی دوو هێندەیە بەرانبەر بەم حاڵەتدا لە ئافرەتان.
توێژەران ئەوەشیان ئاشکرا کردووە، کە چینی دەرەوەی پەردەی مێشک کە ناوەندی ناسینەوەیە لەو بەشانەی تایبەتن بە یادگە و ناسینەوە ڕووخسار، لە پیاواندا ناسکتر دەبنەوە، هەروەها بچووک بوونەوەی قەبارەی پێکهاتەی ژێر ناوپۆشەکان کە ڕۆڵی کۆنترۆڵکردنی جووڵەی جەستەیە، لە پیاواندا زیاتر هەستی پێکراوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە مێشکی پیاوان خێراتر بەرەو پیری دەچێت.
لە وەڵامی ئەوەی بۆچی ئافرەتان زیاتر توشی لەبیرچوونەوە دەبن، توێژەران دەڵێن: جیاوازی پێکهاتەی مێشک بە تەنیا هۆکار نییە و چەندین هۆکاری دیکەی وەک گۆڕانە هۆرمۆنییەکان و هۆکاری بۆماوەیی و جیاوازی کارکردنی سیستمەکانی بەرگری و دەمار لەگەڵ تەمەن درێژی لە ئافرەتاندا ڕۆڵیان لەم بابەتەدا هەیە.
تۆمارەکان ئاماژە بەوە دەکەن، مەترسی تووشبوون بە لەبیرچوونەوە لە ئافرەتاندا زیاترە بەراورد بە پیاوان، بە تایبەت لە تەمەنی 45 ساڵی بەدواوە لە هەر 5 ئافرەت، یەکێکیان ئەگەری هەیە تووشی لەبیرچونەوە بێت، بەڵام لە پیاواندا یەک لە 10یە.
