13 کاندیدی حزبی چاکسازیی عێراق لە هەڵبژاردنەکان کشانەوە

لە بەغدا، 13 کاندیدی حزبی چاکسازیی عێراق بە شێوەیەکی بەکۆمەڵ کشانەوەی خۆیان لە هەڵبژاردنەکان ڕاگەیاند، ئەمەش دوای ئەوەی پێشتریش چەند کاندیدێکی دیکەی ئەو پارتە هەمان هەنگاویان نابوو.

حزبی چاکسازیی عێراق، پارتێکی نوێیە و ئەمساڵ دامەزراوە، لەلایەن عەبدولەتیف شمەریە، کەسایەتیی دیاری بەغداوە سەرۆکایەتی دەکرێت. پارتەکە سەرەتا بە نزیکەی 70 کاندیدەوە بەشداریی کرد، بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەردەوام کاندیدەکانی لێی دەکشێنەوە.

عەمار شەمەری, یەکێکە لە کاندیدە کشاوەکان لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 گوتی: ئێمە وەک کاندیدانی پارتی چاکسازیی عێراق بڕیارماندا بکشێینەوە، چونکە ئەو بەڵێنانەی بۆ خزمەتکردنی خەڵک دامان، ناتوانین جێبەجێی بکەین. ئاماژەی بەوەش کرد، ئاراستەی حزبەکە گۆڕاوە و لە پێشبڕکێیەکی ڕاستەقینەی هەڵبژاردنەوە بووەتە ئامرازێک بۆ کۆکردنەوەی دەنگ، نەک جێبەجێکردنی کارنامەیەکی ڕاستەقینە.

بە گوتەی کاندیدەکە، هۆکاری کشانەوەیان لێکترازان نییە، بەڵکوو بۆ ئەوەیە کە ڕاستگۆ بن لەگەڵ خەڵک و دەنگی دەنگدەران بەهەدەر نەچێت. هەروەها باسی لەوە کرد، هەماهەنگی لەنێوان کاندیدەکاندا نەبووە و دەسەڵات تەنیا لەلای ئەمینداری گشتیی پارتەکەدا کۆکرابووەوە، کە خۆی سەرۆکی لیستەکە و کاندیدی ژمارە یەکە.

نزار تاڵب عوبەیدی کاندێدێکی دیکەی کشاوەی ئەو حزبەیە و گوتی: کاتێک ئێمە حزبی عێراق بۆ چاکسازیمان هەڵبژارد، پێشبینی ئەوەمان دەکرد ئامانجەکانی ئەو حزبە لە ئامانجی هەموو کوتلە سیاسییەکانی دیکە جیاوازە، بەڵام دواتر بۆمان ئاشکرا بوو کە ئەو حزبە خەریکە بەڵێنی ناڕاست دەدات و ڕاستییەکان چەواشە دەکات، بۆیە ئێمەش بڕیاری کشانەوەمان دا.

هەروەها کەڕار عیسا فەرحان، کاندیدی کشاوە باسی لەوە کرد، یەکەم کێشەیان ئەوە بوو، حزبەکەیان بەڵێنی درۆی دەدا و پەیڕەوی سیاسەتێکی هەڵەی دەکرد و کارنامەکەشیان لەگەڵ شەقامی عێراق نەدەگونجا، بۆیە بڕیاری کشانەوەیان دا.

هۆکاری سەرەکیی ئەم کشانەوە بەکۆمەڵە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە سەرۆکی حزبەکە تەنیا کار بۆ سەرخستنی خۆی دەکات تا ببێتە ئەندام پەرلەمان، ئەمەش نیگەرانیی لەناو کاندیدەکانی دیکەدا دروست کردووە و وای لێکردوون بڕیاری کشانەوە بدەن.

 
 
Fly Erbil Advertisment