کاڵبوونەوەی ڕۆڵی دەوڵەت بەسەر عێراقی دوای 2003دا

K24 – هەولێر:

شتێکی نوێ و جیاواز لە عێراقدا خەریکە روو دەدات، كه‌ بەشێوەیەکی پێشبینی نەکراو، ئێستە کۆمەڵگەی عێراقی لە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت دەرچووە و خه‌ریكه‌ چارەنووسی خۆی دادەڕێژێت.

لە ساڵی 2003ەوە چاودێران و شرۆڤەکارانی عێراق بە هەمان نیگەرانییەکانەوە سەرقاڵن، کە سەرەکیترینیان کاریگەریی ئێرانە. بەپێی یەکێک لە بۆچوونەکان کە زاڵە بەسەر شرۆڤەکارە رۆژئاواییەکاندا، ئێستا حکوومەت بە تەواوی لە ژێر کۆنترۆڵی میلیشیاکانی هاوپەیمانی ئێراندایە کە بەشێوەیەکی بەرچاو لە پرۆسەی راکێشانی وڵاتدان بۆ ناو خولگەی تاران؛ هەندێکی دیکەش هێشتا ئاماژەیان بەوە کردووە کە حکوومەت دووبارە کۆنترۆڵ دەگرێتەوە دەست و وڵاتەکە زیاتر بەرەو پێگەیەکی بێلایەن لە کاروباری نێودەوڵەتیدا دەبات.

ئەوەی جێگەی سەرنجە لە هەردوو ئەم گێڕانەوەیە ئەوەیە کە جیهانبینییەکی ڕۆژئاوایی جێی خۆی کردۆتەوە کە وا دادەنێ وڵاتانی وەک عێراق تەنیا تا ئەو کاتە گرنگیان هەیە کە بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا لە مەترسی دا بێت. هەردووکیان پاڵنەریان بۆ خواستێکە کە یان دەسەڵاتی ڕۆژئاوا بەبێ چەواشەکاری لە ناوچەکەدا ببینن، یان کاڵبوونەوەی ببینن.

لەم نێوەندەدا، داینامیکییەکی زۆر گرنگتر و بەهێزتر بووە، داینامیکییەک کە بەزەحمەت لە گفتوگۆ نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە عێراقدا وەدیار دەکەوێت. لەڕاستیدا، خەڵک بە گشتی بە تەواوی بێخەمن لە زۆرانبازی قووڵی ئێران و ئەمریکا و سەرقاڵی بنیاتنانی گێڕانەوەی تایبەت بە خۆیانن. لەبەر ئەم بێخەمی و پێچڕانی پەیوەندیی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا، ئەم پێشهاتانە تا ڕادەیەکی زۆر بەبێ ئاگاداری ڕۆژئاواوە ڕوو دەدەن.

سەرچاوەی ئەم پێشهاتە نوێیانە دەتوانرێت لە سەردەمی پێش 2003دا بدۆزرێتەوە.

ڕژێمی بەعس بۆ دەیان ساڵ ئاسایشی ناوخۆی لە پێشینەی سیاسەتەکەی دانابوو و وای زانیبوو کە تاکە ڕێگا بۆ گەیشتن بەو ئامانجە کۆنترۆڵی تەواوەتی هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگەیە. ئەمەش تا ئەو ڕادەیە کە گەنجان دەبوو وریا بن لەوەی کە چۆن سمێڵەکانیان قەڵەم دەکەن لە ترسی ئەوەی نەوەک  وەک تێکدەر و گێرەشوێنێک دەربکەون.

وەک هەموو شتی دیکە، پەیوەندی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگە کە بەعسییەکان دایان مەزراندبوو، بەهۆی لەشکرکێشی ساڵی 2003 پچڕا. دەوڵەت و دامودەزگا سەرەتاییەکانی هەڵوەشایەوە، ئەمەش کاریگەر بەسەر ئازادکردنی کۆمەڵگەیەک کە لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا بوو.

لە جیاتی ئەم سیستەمە دیکتاتۆریە، سیستەمێکی دەستوریی پەرلەمانی و فرەباوەڕی دانرا، کە بەرهەمێکی لاوەکی ئەو سیستەمە ئەوە بوو کە تاکە گروپێک یان هاوپەیمانییەک چیتر نەیدەتوانی هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی تەواوەتی جومگەکانی دەولەت و کۆمەڵگەی بدات. فرەباوەڕی سیاسی بەو مانایەیە کە پێش ئەوەی بتوانرێت هەر بڕیارێک بدرێت، پێویستە کۆدەنگییەک مسۆگەر بکرێت و بەو مانایەش دێت کە زۆرێک لە گرووپە سیاسییەکان لەگەڵ ئەوەدا نابن کە وڵات بگوازرێتەوە بۆ دۆخێکی نادیار و ئاییندەیەکی گریمانەیی.

هەروەها سیستەمی نوێی دەستووری، بە بەراورد لەگەڵ سیستەمی سەرۆکایەتیی بەعسی، بڕیاردانی زۆر خاوتر کردووەتەوە. ئەمەش ئەو زیانە ئاشکرایەی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت کە لە باشترین حاڵەتدا دەتوانرێت چاکسازییە پێویستەکان تەنها زۆر بە هێواشی پەسەند بکرێن. بەڵام ئەوەش بەو مانایەیە کە توانای دەوڵەت بۆ پەسەندکردنی یاسایەک کە دەستدرێژی دەکاتە سەر ئازادییە سەرەتاییەکان ئێستا زۆر کەم بووەتەوە.

دەرئەنجامەکەی ئەم گۆڕانە ئەوەیە کە دەوڵەت و ئەکتەرە سیاسییە باڵاکان گرنگی خۆیان هەر دەبێ و چالاک دەمێننەوە بەڵام ئێستا توانای پێشەنگبوونی کۆمەڵگەیان نییە، هەر وەک چۆن پێشتر ئەم توانایەیان هەبوو.

بەلام لەم بۆشاییە، شتێکی نوێ سەری هەڵداوە؛ کۆمەڵگەی عێراقی خەریکە بەبێ کاریگەریی سەرسەختی بزووتنەوەیەکی سیاسی یان دامەزراوەکانی دەوڵەت، ڕێگای خۆی دادەرێژێت و پەرەدەسێنێت.

لەم چوارچێوەیە نوێیەدا، گەنجانی عێراقی بەدواداچوون بۆ فۆرمی نوێی دەربڕین دەکەن، لەوانەش ڕێبازەکانی نوێ بۆ مۆسیقا، هونەر و وەرزش. تەکنەلۆژیا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت، بەو پێیەی مرۆڤەکان تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆیان دروست دەکەن، و بۆچوونی خۆیان سەبارەت بەو جیهانە پێکدەهێنن کە تێیدا دەژین.

لە ڕێگەی زیادبوونی کارلێککردنەوەکانیان، دەرفەتی نوێ دروست دەبێت و خەڵک بە شێوەیەک فێری زمانەکانی یەکتر بوون کە لە ساڵی 2003 بە مەحاڵ دادەنرا.

ئەمڕۆ کۆمەڵگەیە کە حوکم لەسەر دەوڵەت دەدات و بە پێچەوانەوە نییە و ئەوە کۆمەڵگەیە کە تا ڕادەیەکی زۆر بڕیار دەدات کە ئەولەویەتەکانی چین. وێنایەکی ئاشکرا ئەوەیە کە زۆرینەی زۆری عێراقییەکان چەندە بێباکن کاتێک گرژی و ئاڵۆزییەکان لە نێوان ئەمەریکا و میلیشیاکانی هاوپەیمانی ئێراندا بەرز دەبێتەوە. لەم چوارچێوەیەدا هەڵبژاردن گرنگییەکی ئەوتۆی لە ژیانی زۆربەی عێراقییەکاندا نییە.

هەر ئەم داینامیکە بووە هۆی ڕاپەڕینی 2019 کە گەورەترین ڕووداوی لەم جۆرە لە مێژووی عێراقدا بوو. ئەم جۆرە ڕووداوانە دەگمەنن، بەڵام سیمایەکی پێویستی ژیانی وڵاتیشن، لەکاتێکدا کە پێکدادانی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگە بەردەوام دەبێت.

عێراقییەکانیش بەشێوەیەکی بێوێنە لەگەڵ جیهانی دەرەوە کارلێک دەکەن. بۆ یەکەمجار لە مێژووی عێراق، کۆنفرانسی نێودەوڵەتی سەبارەت بە دیموکراسی بەبێ هیچ دەستوەردانێکی دامەزراوەکانی دەوڵەت لەسەر جەوهەری ئەو شتانەی کە باس دەکرێن ڕێکدەخرێن. زانا و بیرمەندانی عێراقی دەتوانن بە ئازادی کارلێک و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەگەڵ یەکتر بکەن و بۆچوونەکانی خۆیان لەسەر چۆنیەتی پێکهێنانی داهاتوویان بنیات بنێن.

چینی مامنەوەندیی کۆمەڵگەی عێراقی زیاتر توانای ئەوەیان هەیە و دەرفەتی ئەوەیان هەیە لە جیهاندا گەشت بکەن. بەهۆی باشتربوونی بارودۆخی ئابووری، زۆرێک لە ڕەوەندەکانی دەرەوەی عێراق دەگەڕێنەوە. رێژەیەکی زیاتر لە بیانییەکان لە بەغدا دەژین یان سەردانی بەغدا دەکەن، لەوانەش وڵاتانی عەرەبی، لە ئاسیا و ئەفریقاوە، و پێشوازییەکی گەرمتریان لێ دەکرێت. لە هەر شوێنێک سەیر بکەیت، ئاڵوگۆڕکردن لەگەڵ ئەندامانی ئەو وڵاتانە بەبێ ترس و هیچ جۆرە کۆنترۆڵکردنێک ڕوودەدات.

هیچ کام لەمانە بۆ ئەوە نییە کە بڵێین حکوومەت و پەرلەمان و دامەزراوەکانی دەوڵەت هیچ کاریگەرییەکیان بەسەر کۆمەڵگەدا نییە، یان هیچ سنوورێک بۆ دەربڕینیان نییە. بەڵام ئەمڕۆ دەوڵەت لە نێو لایەنەکانی دیکە تەنیا یەک سەرچاوەی کاریگەرییە و تەنانەت ڕوونیش نییە کە ئایا سەرچاوەی سەرەکی ئەو کاریگەرییە یان نا.

ڕابردووی عێراق بریتی بوو لە سەرهەڵدانی شارستانیەت بەسەر شارستانیەت و زیاتر لە جارێک جێ پەنجەی خۆی لەسەر جیهان بەجێ هێشتووە. ڕەنگە دوو دەیەی کارەسات و ئازار لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی عێراق پەروەردە بکات، سەرەڕای – و نەک بەهۆی – زلهێزە بیانییەکان و نوخبە سیاسییە دەسەڵاتدارەکان.

سه‌رچاوه‌: ماڵپەڕی ناسیونالی ئیماراتی

وه‌رگێڕانی له‌ ئینگلیزییه‌وه‌: كامه‌ران عه‌زیز عه‌بدوڵڵا

Fly Erbil Advertisment