مایڵز كاگینز: لە ئەنجامی ڕاگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، عێراق 15.5 ملیار دۆلار زیانی پێ گه‌یشتووه

K24 - هەولێر:
له‌باره‌ی راگرتنی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان و لێكه‌وته، كاریگه‌ریی و زیانه‌كانی، گوته‌بێژی كۆمه‌ڵه‌ی پیشه‌سازیی نه‌وتی كوردستان (ئه‌پیكور) ڕایده‌گه‌یه‌نێت، لە ئەنجامی ڕاگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، عێراق 15.5 ملیار دۆلار زیانی پێ گه‌یشتووه. ده‌شڵێت، له‌كاتی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، هه‌موومان براوه ده‌بین.
له‌میانه‌ی به‌شداری كردنی له به‌رنامه‌ی باسی ڕۆژی كوردستان24 که ڕۆژنامه‌نووس ژینۆ محه‌ممه‌د پێشكه‌شی ده‌كات، مایڵز كاگینز گوته‌بێژی كۆمه‌ڵه‌ی پیشه‌سازیی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان (ئه‌پیكور) ڕایگه‌یاند، هه‌فته‌ی ڕابردوو حه‌ییان عه‌بدولغه‌نی وه‌زیری نه‌وتی عێراق دوو لیژنه‌ی له نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا بۆ دووباره دهستكردنەوە به هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان و بودجه پێك هێنا، وه‌زیری نه‌وت به دیاریكراوی ئه‌مه‌ی گوت "كه له‌ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك تاكو دوو هه‌فته كاره‌كانی ئه‌م دوو لیژنه‌یه ته‌واو ده‌بن."
مایڵز كاگینز هه‌روه‌ها گوتی، ئه‌ندامانی ئه‌پیكور چاوه‌ڕێن و بانگهێشت بكرێنه‌وه، تاكو كار بكه‌ن بۆ دووباره هه‌نارده كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان.
گوتیشی: چاومان له‌وه‌یه وه‌زیری نه‌وتی عێراق به‌ڵێنه‌كه‌ی به‌جێ بگه‌یه‌نێت، هه‌روه‌ها چاوه‌ڕێی كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق و سامانه سرووشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانین.
له‌باره‌ی كاری دوو لێژنه‌كه كه له‌لایه‌ن وه‌زیری نه‌وتی عێراق پێك هێنراوه، كاگینز ده‌ڵێت، ئه‌و دوو لێژنه‌یه تاكو ئێستا ده‌ستیان به‌كار نه‌كردووه، ڕه‌نگه زانیاریی له‌باره‌ی ده‌ستپێكی كاره‌كانی ئه‌و دوو لێژنه‌یه، لای وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق و سامانه سرووشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بێت.
جه‌ختیشی كرده‌وه، ئه‌ندامانی ئه‌پیكور ئاماده‌ن بۆ به‌شداریی له كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌و دوو لێژنه‌یه، ئێمه ده‌مانه‌وێت به ته‌واوه‌تی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ده‌ست پێ بكاته‌وه.
باسی له‌وه‌ش كرد، هه‌نارده كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ته‌نانه‌ت بۆ عێراقییه‌كانیش گرنگه، هه‌روه‌ك حه‌یان عه‌بدولغه‌نی وه‌زیری نه‌وتی عێراق باسی له‌وه كردووه، چاویان له‌وه‌یه هه‌نارده‌ی ڕۆژانه‌ی نه‌وتی وڵاته‌كه‌ی بگاته شه‌ش ملیۆن به‌رمیل.
له‌باره‌ی داواكارییه‌كانی ئه‌پیكور، گوته‌بێژی كۆمه‌ڵه‌ی پیشه‌سازیی نه‌وتی كوردستان ده‌ڵێت، داواكارییه‌كانی ئێمه زۆر ساده‌ن، ئه‌وانیش بریتیین له گۆڕانكاری له شێوازی گرێبه‌سته‌كان نه‌كرێت و وه‌ك خۆیان بمێننه‌وه، یاخود هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك بكرێت، ده‌بێت ڕه‌زامه‌ندی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌ندامانی ئه‌پیكور وه‌ربگیرێت.
گوتیشی: "پێویسته حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و كۆمپانیاكانی ئه‌پیكور له‌سه‌ر یه‌ك مێز دابنیشن، تاكو له‌سه‌ر شتێك رێكبهوین، ئێمه پێمان خۆشه ڕێككه‌وتنه‌كان وه‌ك خۆیان بمێننه‌وه، مه‌رجی گرێبهستهكانیشمان دیاره".
دووپاتیشی كرده‌وه، پێشتر له‌كاتی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، پاره‌یه‌كی زۆر ده‌هاته خه‌زێنه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كه بۆ مووچه و وه‌به‌رهێنان و بونیاتنانی ژێرخان به‌كار ده‌هات.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، كۆمپانیاكانی ئێمه به‌رده‌وامن له وه‌به‌رهێنان، ئێمه وه‌به‌رهێنان ده‌كه‌ین تاكو به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان زیاتر بكه‌ین، تا ئاستی گه‌یاندنی بۆ 400 ملیۆن دۆلار.
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد، له‌كاتی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، هه‌موومان براوه ده‌بین.
له‌باره‌ی گرنگیی دووباره هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، مایڵز كاگینز باس له‌وه ده‌كات، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئابووریی عێراق ته‌نیا پشتی به داهاتی نه‌وته‌وه به‌ستووه، كورتهێنانی بودجه هه‌یه، بۆیه گرنگه ئه‌و بڕه نه‌وته‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌نارده‌ی بكرێته‌وه، بۆیه هه‌نگاوی ژیرانه ئه‌وه‌یه ده‌ست به هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وت بكرێته‌وه.
سه‌باره‌ت به لایه‌نی كه‌مته‌رخه‌م و خه‌تابار، كاگینز ده‌ڵێ، ئێمه چاوه‌ڕێی كاره‌كانی ئه‌و دوو لێژنه ده‌كه‌ین، بزانین له داهاتوو چی ده‌كه‌ن، خه‌ڵك پێویستی به ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی نه‌وته، ئێمه چاوه‌ڕێی كردار ده‌كه‌ین له حكوومه‌ته‌كه‌ی سوودانی.
كاگینز له‌باره‌ی ڕۆڵی توركیا بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت، ده‌ڵێت، ئه‌ردۆغان له‌كاتی سه‌ردانی بۆ به‌غدا و هه‌ولێر گفتوگۆی له‌باره‌ی پرسی نه‌وت كردووه، پێموایه ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت، بۆ توركیا و عێراق و هه‌رێمی كوردستانیش گرنگه، هه‌روه‌ها توركیا داوای قه‌ره‌بووی له عێراق كردووه، بۆ هه‌ر ڕۆژێك دواخستنی هه‌نارده‌ی نه‌وت، 800 هه‌زار دۆلار له‌سه‌ر عێراق ده‌كه‌وێت، له‌كاتی دواخستنیشی، ئه‌و بڕه پاره‌یه كه‌ڵه‌كه ده‌بێت و ئه‌مه ڕێككه‌وتنه ده‌بێت پاره‌كه بدرێت.
سه‌باره‌ت به زیانی ڕاگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، گوته‌بێژی ئه‌پیكور ده‌ڵێت، تاكو ئێستا 15.5 ملیار دۆلار به‌هۆی ڕاگرتنی هەناردەی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان زیان به‌ر عێراق كه‌وتووه، ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستان به به‌راورد له عێراق له‌بارتره بۆ وه‌به‌رهێنان له كه‌رتی نه‌وت.
دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق، بە شێوەیەکی نادەستووری یاسای نەوت و گازی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بە نادەستووری دانا. سەبارەت بە دەستووریبوونی ئەم یاسایەش، دادوەرێکی ئەمەریکی نێودەوڵەتی توێژینەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و جەختدەکاتەوە، بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵی نادەستوورییە و ماددەکانی 110، 114، 115 و 121ی دەستووری عێراق، دەسەڵات دەدەنە هەرێمەکان تاکو لە ناوچەکانی خۆیان نەوت و گاز بەرهەم بهێنن.
ئاشکراشی دەکات، دەستووری عێراق، دەسەڵاتی هەرێمەکان لە دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت لە ناوچەکانیان سنووردار ناکات.
بەگوێرەی دەستووری عێراق لە 2005 هەرێمەکان مافی ئەوەیان هەیە لە ناوچەکانی خۆیان نەوت و گاز بەرهەم بهێنن و ئیدارەشی بدەن.
سەرەڕای دەستووری بوونی یاسای نەوت و گازی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام لە 15ی شوباتی 2022 دادگەی باڵای فیدراڵی ئەو یاسایەی بە نادەستووری دانا.
سەبارەت بە دەستووریبوونی یاسای نەوت و گازی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەندان جار باس لە دەستووریبوونی ئەو یاسایە کراوە، لەوانەش ستیفن شوێبڵ دادوەری ئەمه‌ریکی نێودەوڵەتی و دادوەری پێشووی دادگە بەڕێوەبردنی بانکی جیهانی توێژینەوەیەکی لەسەر دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان لە بەرهەمهێنانی نەوت و گاز و دەستووریبوونی یاسای نەوت و گازی حکوومەتی هەرێم بڵاوکردووەتەوە، و پشتگیرییەکی گەورە لە مافە دەستوورییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لە بەرهەمهێنان و بەڕێوەبردنی نەوت و گاز.