لە بازاڕەکاندا خواست لەسەر برنجی کوردی زیاتر بووە

برنجی کوردی
برنجی کوردی

K24 - هەولێر

برنجی کوردی، بە تایبەت برنجی ئاکرێ خواستێکی زۆری لەسەرە. زۆرینەی ئەو گەشتیارانەی دێنە شارەکە، برنجی کوردی دەکڕن؛ ئەوانەی سەردانی خواردنگەکانیش دەکەن، تا برنجەکە نەخۆن، ناگەڕێنەوە.

نافخۆش ڕەشید، فرۆشیارێکی بەرهەمە سرووشتی و خۆماڵییەکانی ئاکرێیە؛ لەنێو دووکانەکەیدا زیاتر لە هەموو بەرهەمەکانی دیکە، بایەخی بە فرۆشتنی برنجی کوردی داوە و پیشانی کڕیارانی دەدات. وەکو خۆی دەڵێت، کڕیاران زیاتر خواستیان لەسەر برنجی خۆماڵییە بەراورد بە بەرهەمەکانی دیکە.  

نافخۆش ڕەشید ئاماژە بەوە دەدات، "لە هـەر چوار وەرزی ساڵ خواستێکی زۆر لەسەر برنجی خۆماڵی ئاکرێ هەیە و بۆ شارەکانی هەولێر، سلێمانی، هەولێر، هەڵەبجە و شارەکانی دیکەی عێراقیش هەناردە دەکەین".

زۆرینەی ئەو گەشتیارانەی ڕۆژانە سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی ئاکرێ دەکەن، ناگەڕێنەوە تا برنجی کوردی نەکڕن و باس لەوە دەکەن، برنجی خۆماڵی خواردنی ڕۆژانەیە و سەرەکییە.

محەممەد سەلاح، یەکێکە لەو گەشتیارانەی هاتووەتە ئاکرێ و دەڵێت، "زۆرینەی جۆرەکانی برنجی کوردی لە سنووری ئاکرێ خۆشن و تامێکی تایبەتیان هەیە".

کاوار سادق لە یەکێک لە خواردنگەکانی ئاکرێ چێشتلێنەرە و وەکو خۆی دەڵێت، سەدا 90ـی ئەو هاووڵاتییانەی سەردانی خواردنگەکەیان دەکەن، داوای برنجی کوردی دەکەن و ڕۆژانە زیاتر لە خواردنێکی دیکە برنجی کوردی ئامادە دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتێك هاووڵاتیانی عێراق یەكێكن لەو پێنج وڵاتەی كە زۆرترین برنج دەخۆن، ئەمەش وایكردووە لەناو بازاڕەكان و چێشتخانەكاندا زۆرترین خواست لەسەر برنج بێت، بەتایبەتیش برنجی خۆماڵی ناوچەی ئاكرێ.