شارەزایەکی ئابووریی: جگەرە و نێرگەلەکێشان هۆکاری سپیکردنەوەی پارەن
لەم چەند ساڵەی دواییدا سەردانکردنی کافەتریاکان و نێرگەلەکێشان زیادی کردووە. هەرچەندە ئەمە داهاتی کافەتریاکان زیاد دەکات، بەڵام لە ڕووی تەندروستی و ئابوورییەوە زیانی زۆر بە گەنجان دەگەیەنێت.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، "WHO"، ساڵانە شەش ملیۆن کەس بە بەکارهێنانی توتن و ئەو نەخۆشیانەی بەهۆی توتن و جگەرەکێشانەوە سەرهەڵدەدەن، دەمرن. بە گوێرەی پێشبینییەکان، لە ساڵی 2030 بەدواوە ئەم ژمارەیە بۆ هەشت ملیۆن بەرز دەبێتەوە.
وەکوو ئەوەی لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی پێ کراوە، خەرجی ساڵانەی کێشانی توتن بە هەزار ملیار دۆلار خەملێندراوە. حەموود، چەندان ساڵە نێرگەلە دەکێشێت و لە هەمان کاتدا بۆ هاووڵاتییانیش ئامادەی دەکات.
ھاووڵاتیی حەموود عەدنان دەڵێت، "لە ساڵی 2011ـەوە کاری نەرگێلە دەکەم، دەزانم خراپە، بەڵام بژێویم دابین دەکات". وەکوو خۆی دەڵێت، چیدی ئومێدی بەوە نەماوە بتوانێت وازی لێ بهێنێت و تەواو پێیەوە هۆگر بووە.
لەم ساڵانەی دواییدا ژمارەی کافتریاکان زیاتر بوون و نێرگلەکێشیش زیاتر بوونە. بوونی تامی جیاواز، دووکەڵی نێرگەلە زیاتر خوازراو دەکات، وەک بەشێک لە چوونە دەرەوە و بەسەر بردنی کات تەماشای دەکەن. ئەمەش وای کردووە، داهاتێکی زیاتر بۆ خاوەن کافەتریاکان دابین بکات و گەنجانیش خەرجییەکی زیاتری بکەن کە لەوەی زیان بە تەندروستی خۆیان دەگەیەنن.
ڕامیار ڕزگار، شارەزای ئابووری باس لەوە دەکات، "پێویستە هەموو کۆمەڵگەکان لە هەموو وڵاتان ڕووبەڕووی دیاردەی جگەرە و نێرگەلەکێشان ببنەوە، چونکە بێجگە لەوەی زیانی ئابووریی و تەندروستی بە هاووڵاتییان دەگەیەنێت، لە هەمان کـاتدا زیانێکی زۆریش بە حکوومەتەکان دەگەیەنێت، چونکە پارەیەکی زۆر لە کەرتی تەندروستیدا خەرج دەکەن".
بە گوتەی ئەو شارەزایەی بواری ئابووری، ئێستا لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان، جگەرە و نێرگەلەکێشان بووەتە هۆکارێک بۆ "سپیکردنەوەی پارە، نەدانی باج و چەندین کێشەی دیکە".
ئەگەر هاووڵاتییەک لە یەکێک لە هەرزانترین کافتریاکان ڕۆژانە یەک نێرگەلە بکێشێت، ئەوا لە مانگێکدا 150 بۆ 300 هەزار دینار بۆ دووکەڵکێشان خەرج دەکات. ئەگەر ڕۆژانەش تەنها پاکەتێک جگەرە بکێشێت، بە لایەنی کەمەوە 30 بۆ 60 هەزار دینار بۆ جگەرەکێشان خەرج دەکات. ئەمە جیا لەو خەرجییانەی دواتر ناچار دەبێت بۆ کێشە تەندروستییەکانی خەرج دەکرێت.