خەلیل غازی: هەوڵدەدەین کێشەی مووچە لە خشتەكانی بودجەی 2024 چارەسەر بکەین

خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق
خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق

K24 – بەغدا:

ئەندامێکی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، هەرچەندە ناکۆکی لەسەر خشتەکانی بودجەی 2024 هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو هەوڵێک دەدەن کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکەن.

ڕۆژی یەکشەممە (2ـی حوزەیرانی 2024) خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ناکۆکی گەورە لەنێوان لایەنە سیاسییەکان هەیە لەسەر خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024 و پێویستی بە هەوڵێکی دیکەی سیاسیی هەیە بۆ ڕێککەوتن بۆ تێپەڕاندنی.

خەلیل غازی جەختی کردەوە، وەک نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق هەموو هەوڵێک دەدەن لە بودجەی بەکارخستن و وەبەرهێنان گرفتی مووچەی خانەنشینان و مامۆستایانی گرێبەست و وانەبێژان چارەسەر بکەن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی یەکشەممە (2ـی حوزەیرانی 2024) لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق حەوتەم کۆبوونەوەی لەبارەی خشتەکانی بودجەی 2024 ئەنجامدا بە ئامانجی ئامادەکردنی ڕاپۆرتی کۆتایی لیژنەکە بۆ دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق.

هەرچەندە چاوەڕێ دەکرێت سبەی دووشەممە (3ـی حوزەیرانی 2024) دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ گفتوگۆکردن و دەنگدان لەسەر خشتەکانی بودجەی 2024 بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکی نێوان لایەنەکان، پێشبینی دەکرێت گفتوگۆکان تاوەکوو دوای جەژنی قوربان بەردەوام بن.

ڕۆژی (19ـی ئایاری 2024) لە دانیشتنێکی نائاساییدا خشتەکانی بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2024 پەسەندکرد و بڕیاریدا ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق بکرێت بە مەبەستی دەنگدان و پەسەندکردن.

پێشتریش لە (15ـی ئایاری 2024) کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای پێداچوونەوە بە خشتەکانی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2024 بە بەشداریی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی؛ لە بەغدا بەڕێوە چوو.

پشکی هەرێمی کوردستان لە خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024، 20 تریلیۆن و 900 ملیار دینارە کە نزیکەی 12 تریلیۆنی بۆ مووچەی فەرمانبەرانە و نزیکەی هەشت تریلیۆن دیناریش بودجەی وەبەرهێنان و خەرجییەکانی دیکەیە، کە پێشبینی دەکرێت بە پەسەندکردن و خەرجکردنیی گەشەی ئابووری لە هەرێمی  کوردستان زیاتر دەبێت.