شیلان خەلیل: وەزارەتی پەروەردە بایەخ بە خوێندنی پەنابەران دەدات

شیلان خەلیل جونەید، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی پەروەردە
شیلان خەلیل جونەید، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی پەروەردە

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی پەروەردە، دەڵێت: هەروەها نزیکەی 50 هەزار پەنابەر لە هەرێمی کوردستان دەخوێنن. هاوکات دەڵێت: وەزارەتی پەروەردە بایەخ بە خوێندنی پەنابەران دەدات.

شیلان خەلیل جونەید، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی پەروەردە، لە میانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24ـدا گوتی: ڕەوشی خوێندن لە کەمپی ئاوارە و پەنابەران تا ڕادەیەک باشە، پەنابەرەکان لەژێر سەرپەرشتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانن و ئاوارەکانیش لەژێر سەرپەرشتی حکوومەتی عێراقن.

بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی پەروەردە، دەڵێت: ئێمە منداڵی پەنابەرەکانمان لە ماف هاوتای منداڵانی خۆمان کردووە، هاوکات دەتوانن لە هەر قوتابخانەیەکی کوردستان کە بیانەوێت درێژە بە خوێندن بدەن.

ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، بۆ ماوەی دوو ساڵە پرۆسەی تێکەڵکردنی قوتابییانی هەرێمی کوردستان و پەنابەران کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

شیلان خەلیل جونەید، گوتی: لەناو کەمپەکان 56 قوتابخانە هەن، هەروەها نزیکەی 50 هەزار قوتابی ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان هەن.

لەبارەی دابینکردنی مامۆستا بۆ قوتابخانەکان، شیلان خەلیل جونەید، دەڵێت: وەزارەتی پەروەردە ژمارەیەک لە مامۆستایانی وانەبێژ و گرێبەستی بۆ سەرجەم قوتابخانەکان دابین کردووە، بەهۆی ئەوەی لە ئێستا ژمارەی قوتابیانییان زیادی کردووە.