دۆخی سنووری لوبنان و ئیسرائیل نزیکە لە تەقینەوە

دیمەنی شەڕێکی نێوان سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان (وێنە: AFP)
دیمەنی شەڕێکی نێوان سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان (وێنە: AFP)

دۆخی سنووری ئیسرائیل و لوبنان نزیکە لە تەقینەوە و دەستپێکردنی شەڕێکی دیکە فراوان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەرپرسانی ئیسرائیل و حیزبوڵای لوبنانیش هەڕەشەی توند لە یەکتر دەکەن.

چەند رۆژێکە سەرنجەکان لەسەر باشووری لوبنان و هەڕەشەکانی ئیسرائیلن بۆ پاککردنەوەی ناوچەکە لە چەکدارانی حیزبوڵڵا. حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵای لوبنان ڕایگەیاند، بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لەعێراق پێشنیازی ناردنی چەکداری بۆ کردوون لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی فراوان دژی ئیسرائیل، بەڵام جارێ پێویستیان نییە. هۆشداریشی دا، ئەگەر ئیسرائیل شەڕیان بەسەردا بسەپێنێت بەبێ مەرج و یاسا شەڕ دەکەن.

ئەمینداری گشتیی حیزبوڵای لوبنان گوتی، "بۆ ئاگربەست لە عێراق، لوبنان و یەمەن پێویستە سەرەتا ئاگربەست لە غەززەوە دەست پێ بکات. بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق پێشنیازی ناردنی چەکداریان بۆ کردووین، بەڵام پێیوستمان پێی نییە. ئیسرائیل باش دەزانێت ئێمە خۆمان بۆ خراپترین سیناریۆی ئامادەکردووە".

لە بەرامبەردا هێرزی هالێڤی، سوپاسالاری ئیسرائیل ئاماژەی بەوە دا، حیزبوڵڵا "یاری بە کلکی شێردەکات و نازانێت ئیسرائیل چی توانایەکی شەڕی هەیە". یواڤ گاڵانت وەزیری بەرگریی ئیسرائیلیش ئامادەیی سوپاکەیانی بۆ هەر ئەگەرێک لە سنووری لوبنان دووپات کردەوە.

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە، "ئێمە لە سنووری لوبنان لە هێڵەکانی پیشەوەیان و سیستەمی هەواڵگرییمان بە تەواوی بۆ هەر ئەگەرێک ئامادەیە. ئەوەمان لەبیرناچێت، حیزبوڵڵا دژی ئێمە شەڕی هەڵگیرساند لە هەشتی ئۆکتۆبەر، لەو کاتەوە تەنانەت یەک ڕۆژیش شەڕی ڕانەگرتووە. ئێمە ئەرک و بەرپرسیارێتی ئەوەمان لەسەر شانە دۆخی باکووری ئیسرائیل بگۆڕین و رێگە بە گەڕانەوەی ئەو کەسانە بدەین کە بەهۆی شەڕ و بۆمبارانەوە ناوچەکانیان بەجێهێشتووە".

لە لایەکی دیکەوە ئەمەریکا مەبەستییەتی پێکدادانەکانی حیزبوڵڵا و ئیسرائیل نەگۆڕێن بۆ  شەڕی فراوان بۆ ئەم مەبەستەش ئامۆس هۆکستین، نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا سەردانی لوبنانی کرد، بەڵام پێناچێت سەردانەکەی هیچی لێ سەوزببێت، چونکە ئیسرائیل سوورە لەسەر پاککردنەوەی باشووری لوبنان لە حیزبوڵڵا، لە وەها دۆخێکیشدا بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ئامادەیە چەکدار ڕەوانەی لوبنان بکات بۆ بەرگریکردن لە حیزبوڵڵا.