بەریتانیا.. بەرهەمە کوردییەکان خواستی زۆریان لەسەرە
لە بەریتانیا لە نێو مارکێتەکان بەرهەمی کوردی و بە ناوی کوردی دەبینرێن و خواستێکی زۆریان لەسەرە، پێشتر تەنیا بەرهەمی وڵاتانی دیکە دەبینران. یەکێک لە مارکێتەکانی بێرمینگهام کە زۆربەی بەرهەمەکانیان کوردین. زەیتی زەیتوونی هەڵەبجە و برنجی ئاکرێ و بنێشتی کوردی و چەندین بەرهەمی دیکەی کوردستانی تێدا دەفرۆشرێن.
جەمال مارف، کە خاوەن چێشتخانەیە لە بەریتانیا، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "زۆر دڵخۆشم کە بەرهەم لە هەرێمی کوردستان هاوردەی بەریتانیا دەکرێت، پێشتر شتەکان هەمووی تورکی و سووری و لوبنانی و هی شوێنی دیکە بوون، بەڵام ئێستا ئەو بەرهەمانەی هەرێمی کوردستان بەتایبەت برنج لەکاتی ئامادەکردنی جیاوازی زۆرە و زۆر بەتامە".
فاتیمە سەفاوی، سەرپەرشتیاری ئەم کۆگایە دەکات و بەشێکی زۆری کۆگایەکەیان بەرهەمی کوردییە باس لە ڕکابەریی بەرهەمە کوردییەکان لەگەڵ بەرهەمی وڵاتانی دیکە دەکات.
سەرپەرشتیاری کۆگا گوتی: "زۆربەی کاڵا و بەرهەمەکانمان تورکی و ئێرانی بوون بەڵام ئێستا زۆربەی کوردییە و کڕیارەکانمان زۆر حەز بە بەرهەمی کوردی دەکەن دەتوانی ببینی زۆربەی بەرهەمەکانمان لە کوردستانەوە هاتوون."
وەستا جەمال دوای بازاڕکردن، دەچێتەوە چێشتخانەکەی و خواردن ئامادە دەکات، ئەو پێی وایە نهێنیی بەتام و لەزەتی خواردنەکانی بەکارهێنانی بەرهەمەکانی کوردییە.
جەمال مارف، باسی لەوەش کرد، "بەرهەمە کوردییەکان بۆ ئێمە باشترە هەم کڕیار لێی ڕازییە و هەمیش بۆ کەسوکارمان لە هەرێمی کوردستان باشە، چونکە ئیش و کار زیاتر ئەبێت و ئابووریی ئەبوژێتەوە."
زۆر خاوەن چێشتخانەی دیکەش بەرهەمی کوردی لە چێشتخانەکانیان بەکار دەهێنن و چێشتخانەکانیان بەم شێوەیە قەرەباڵغن.