دادگا بڕیاری سزای بەندکردنی هەتاهەتایی بەسەر بکوژی خواناسدا سەپاند

کارزان فازڵ، پارێزەری دۆسییەی خواناس وریا
کارزان فازڵ، پارێزەری دۆسییەی خواناس وریا

پارێزەری دۆسییەی خواناس وریا گلیە، ڕایگەیاند، دادگای سلێمانی لەبارەی بکوژی خواناس وریا بڕیاری داو بە زیندانیی هەتاهەتایی سزا درا.

سێشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2024، کارزان فازڵ، پارێزەری دۆسییەی خواناس وریا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دادگای سلێمانی لەبارەی بکوژی خواناس وریا بڕیاری دا بە زیندانی هەتاهەتایی تۆمەتکار. هەروەها چەندان کەس لە دۆسییەکەدا بەشدارن کە بانگخوازیشیان تێدایە.

لای خۆیەوە وریا گلیە، باوکی خواناس ڕایگەیاند، "دوای ساڵێک چاوەڕوانی، ئەمڕۆ دادگا دوای پێنج جار دانیشتن، بڕیاری خۆی دا، هەرچەندە بە تاوانی تیرۆر سزای هەتا هەتای بۆ تاوانبار دەرچووە، بەڵام ئێمە تانەمان لە بڕیارەکە دا، چونکە دەبوو سزای لەوە قورستر بدرێت، کەیسەکە ئەوەندە ئاسان نییە، بکوژەکە هاندەر و هاوکاری هەبووە، لە دانیشتنەکەشدا باس نەکرا".

هەروەها گوتیشی، "چەندان جار هەوڵ دراوە بۆ ئەوەی کێشەکە بەڕێگەی کۆمەڵایەتی چارە بکرێت، بەڵام ئێمە ڕەتمان کردووەتەوە و ڕێگەی دادگامان گرتەبەر بۆ ئەوەی کەسانەی ناتێگەیشتوو هەوڵی چارەکردنی کێشە لەڕێگەی کۆمەڵایەتییەوە نەدەن و یاسا سەروەر بێت".

هونەرمەند خواناس وریا گلیە "27 ساڵ" لەنێو بازاڕی قەزای چەمچەماڵ درایە بەر دەستڕێژی گوللـە و کوژرا.

لای خۆیەوە سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیی لە مافەکانی ڕۆژنامەنووسان ڕایانگەیاند، بە توندترین شێوە سەرکۆنەی تیرۆرکردنی هونەرمەندی خواناس وریا دەکەن.