سارا حەمەنەجیب: مووچەی مانگی حەوتی خانەنشینان بە هاوتاكراویی مووچەی خانەنشینانی عێراق دابەش دەکرێت

سارا حەمەنەجیب، بەڕێوەبەری ژمێریاریی بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی سلێمانی
سارا حەمەنەجیب، بەڕێوەبەری ژمێریاریی بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی سلێمانی

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری ژمێریاریی بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی سلێمانی، ڕایگەیاند، دوای بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینان، دەستیان كردووە بە ئامادەكردنی لیستی هاوتاكراوی مووچەی خانەنشینان و ئەمشەو دەیگەیەننە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان.

سارا حەمەنەجیب، بەڕێوەبەری ژمێریاریی بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی سلێمانی، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان هاوتای مووچەی خانەنشینانی بەغدا دەکرێت و بەپێی یاسای ژمارەی 9ـی ساڵی 2014 نابێت هیچ خانەنشینێک مووچەکەی لە 500 هەزار کەمتر بێت.

بەڕێوەبەری ژمێریاریی بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی سلێمانی، ئاماژەی بەوە دا، جێگەی خۆشحاڵی بوو کە حکوومەتی هەرێم ئەم بڕیارەی دەرکرد کە بووەتە جێگەی باس و خواسی هەمووان، لەم بڕیارەدا سەرجەم خانەنشینان سوودمەند دەبن، هەروەها کەمترین مووچەی خانەنشینی ئێستە 220 هەزار دینارە، بەپێی بڕیارەکەش کەمترین مووچە دەبێتە 500 هەزار دینار.

ئەو بەڕێوەبەرە لەبارەی هاوتکردنەوەکە ڕوونیکردەوە، ئەو کەسانەی کە لە ژیاندا ماون و پێش ساڵی 2014 خانەنشین بوون و مووچەکانیان کەمترە لە 500 هەزار دینار، ئەوا بۆیان دەبێتە 500 هەزار دینار، بەڵام ئەوانەی لە ساڵی 2014 خانەنشینبوونە ڕەچاوی بڕوانامە و ساڵانی خزمەتیان بۆ دەکرێت، بەم جۆرەش مووچەکانیان زیاتر دەبێت لە 500 هەزار دینار.

هاوکات زیاتر گوتی: ئەو خانەنشینانەی کە مووچەکانیان لە ملیۆنێک دینار کەمترە، 100 هەزاری بژێوی ژیان دەچێتە سەر 500 هەزارەکە بە جۆرەش مووچەکانیان دەبێتە 600 هەزار دینار.

سارا حەمەنەجیب، لەبارەی کاتی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان دەڵێت: بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت بڕیاری هاوتاکردنە بۆ مووچەی مانگی حەوت بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

جەختی لەوەش کردەوە، لەسەر بڕیاری وەزیری دارایی هەرێم هەموو 10ـی مانگێک لیستی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان دەنێرینە وەزارەتی دارایی بە زمانی کوردی و عەرەبی.

3ـی تەممووزی 2024، بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە و پرسەکانی مووچە و هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی پەسەند کرد.

ئەمەش بە پێی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە 9ی ساڵی 2014 کارپێکراو لە بەغدا، کە یاسای ژمارە 27ـی ساڵی 2006ـی هەڵوەشاندووەتەوە. هەروەک لە بڕیاری دادگای فیدراڵیدا هاتووە و لە ڕاپۆرتی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی داراییش پێشنیاز کراوە کە لە هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، کار بە یاسای ژمارە 9ـی ساڵی 2014 بکرێت بە ئاراستەی یەکسانيی لە مووچە و ئیمتیازات و شایستەی دارایی خانەنشینان کە ژمارەیان لە هەرێمی کوردستان 277 هەزار و 541 کەسن و خەرجی کۆی مووچەی مانگانەی ئێستایان 122 ملیار دینارە.