دیداری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی پارێزگای سلێمانی - بەشی دووەم
K24 - هەولێر:
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: هەموو كوردستان بە یەك چاو و وەكوو یەك سەیر دەكەین و ئێمە بەوەوە جوانین كە كوردستان وڵاتی هەموو پێكهاتە و دین و ئایینزا و رەگەزێكە، لەبەر ئەوە بابەتی رەگەزپەرستی قەت نابێت بە بەشێك لە كولتووری ئێمە.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتیشی: هەوڵ درا مووچە لە هەرێمی كوردستان ببردرێ بۆ بەغدا، هەموو هەوڵێك درا بۆ ئەوەی بەرژەوەندیی تەسكی شەخسی و حزبی زاڵ بێ بەسەر بەرژەوەندیی گشتی و دەمەوێت خزمەتی هەموو خەڵکی كوردستان بكەم و بەرژەوەندی خەڵكم خستووەتە سەرووی بەرژەوەندی لایەنە سیاسییەكان و شانازیشی پێوە دەكەم.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دیدارێکیدا لەگەڵ ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی پارێزگای سلێمانی دووپاتی کردەوە من هەمیشە خۆم بە خزمەتكار و بچووكی هەمووتان دەزانم، ئەو ئەركەی لەسەر شانمە بە ئەمانەتەوە وەرمگرتووە، خوا شاهیدە بە ئەمانەتەوەش ئیشەكانم كردووە، بەردەوامیش دەبم بۆ ئەوەی ویژدانی خۆم و خوای خۆم و ئێوە لێم رازی بن. ئەوە بۆ من گەورەترین سەروەت دەبێت ئەگەر خەڵك لێم رازی بێت.
ئەمەش دەقی پرسیار و وەڵامەکانی بەشی دووەمی دیدارەکەیە:
پرسیاری هاووڵاتییەك: سڵاو، بەخێرهاتنێكی گەرمت دەكەم بۆ شاری رۆشنبیران، زۆر خۆشحاڵ بووم بە بینینت لە نزیكەوە، هیوادارم یەكەم جار و كۆتاجاری هاتنت نەبێ بۆ سلێمانی، گلەیی ئەوەت لێ دەكەن دەڵێن زۆر نایێ بۆ سلێمانی. گلەییش لە ئازیز دەكرێ، مەبەستیان ئەوەیە كە تۆ ئازیزی بۆیە گلەیی دەكرێ.. هەژارمان زۆر زۆرە، كێشەی سەرەكییش مووچەیە، مەبەستم ئەوەیە كێشەی مووچە چارەسەر بكرێت، كە چارەسەكەش لای بەڕێزتانە؟
سەرۆکوەزیران: لای من؟
هاووڵاتی: ئێ لای بەڕێزتە، مەبەست ئەوەیە ئێوە حوكم دەكەن وەكوو سەرۆكێك وەكوو بەڕێزێك، ئێوە كە دەسەڵاتتان نەبێ، ئەی ئێمە چی بكەین لەم حاڵەتەدا؟ زۆر سوپاس بەخێر بێی دووبارە... ئینشائەڵا دەتبینینەوە.
سەرۆکوەزیران: زۆر سوپاس، ئینشائەڵا ئەكید ئەمە یەكەم جارم نییە و دواجاریشم نابێت ئەگەر تەمەن ما و ئەگەر خوا لێم رازی بێت. من دەمەوێ هەمووتان لێم ڕازی بن، بۆ ئەوەی خوا لێم ڕازی بێت. ئەمانەتێكم وەرگرتووە دەمەوێ ئەو ئەركە بە ڕووی سپی و بە سەربەرزییەوە بەجێ بگەیەنم، یانی چۆن مووچە بەدەست من بێ و بۆ ئێوەی خەرج نەكەم؟ ئەوە وا نیە. هەندێك جار هەندێك لایەنی سیاسی یان هەندێك ركابەری سیاسی، دێ ئەم جۆرە قسانە دەكات، گوایە مووچە لای ئێمەیە و ئێمە نەمانداوە! ئەگەر مووچە لای ئێمە بێت بۆ نەیدەین؟ بە پێچەوانەوە مووچە لە بەغدا بڕدراوە. بەداخەوە ئەوانەی كە ئێستا ئێمە تۆمەتبار دەكەن و دەڵێن: ”ئێوە مووچە نادەن“ هەمان ئەو كەسانە بوون كە داكۆكییان دەكرد لەوەی كە بەغدا بودجەی حكوومەتی هەرێم بدات، بۆ ئەوەی ئەم شتە لەدەست هەرێم دەربهێنن و بیدەنەوە بەغدا، ئێستا خۆیان وەڵامیان نیە، نازانم بۆ كەسێك نیە لەوان بپرسێ بڵێ: ”ئەرێ ئێوە داواتان دەكرد دەتانگوت با بەغدا مووچەمان بداتێ، ئەی ئێستا ئێوە بۆ بێدەنگن؟“... ئێستاش هەر من لەسەر ئێوە بە جوابم، ئێستاش هەر ئێمە بەردەوام لەگەڵ بەغدا لە پەیوەندیی بەردەوامداین بۆ ئەوەی كێشەی مووچە چارەسەر بێت. ئینشائەڵا كێشەی مووچە تەواو دەبێ، بەڵام دڵنیا بە لەوەی كە ئەگەر مووچە بەدەست من بێت، یەك رۆژیش دوای ناخەم.
پرسیاری سەوسەن لە دەڤەری رانیە: ئەو كێشەیەی كە دەمەوێ بیخەمە ڕوو، وەكوو پارێزەرێك زیاتر پەیوەندیی بە سەربەخۆیی دادگاكانی كوردستانەوەیە، كێشەی نەبوونی سەروەریی یاسا لە دادگاكان، یاخود ئەو قسەیەی كە دەگوترێ (كەس لە سەرووی یاساوە نییە) بۆچی ناتوانین ئەو دروشمە وەكوو واقیعێكی جێبەجێكار بەسەر هەر تاكێكدا لەناو دادگاكان جێبەجێ بكرێت بەبێ جیاوازیی رەگەز و ئایین و پلە و پایە یاخود ئایدۆلۆژیا و لایەنگریی حزبی؟
سەرۆکوەزیران: زۆر سوپاس، پرسیارەكەت زۆر بەجێیە و زۆریش بەجورئەتی كە ئەم پرسیارەت كرد، دەستخۆشییت لێ دەكەم، بەڵام منیش وەڵامت دەدەمەوە، هیوادارم قەبووڵی بكەیت لێم. ئەگەر دادگا یان سیستەمی دادوەری، سەربەخۆ نەبوو، ئەمە گەورەترین كارەساتە لە هەر وڵاتێكدا، یان هەر نەتەوە و هەر كۆمەڵگەیەك.
ئێمە سێ دەزگای سەرەكییمان هەیە: (یاسادانان، جێبەجێكردن و دادوەری) هەیە، پێویستە ئەم سێ دەسەڵات و دەزگایە سەربەخۆ بن، تەواو سەربەخۆ بن. كەواتە ئەم پرسیارە دەبێ لە دادگا خۆی بكرێت، چونكە ئێمە وەكوو حكوومەت حەقمان نییە و ناشبێ حەقمان هەبێ دەستوەردان لە ئیشوكاری سیستەمی دادوەرییدا بكەین. نابێت لایەنی جێبەجێكار دەستوەردان لە ئیشوكاری دادگا و سیستەمی دادوەرییدا بكات. بە هەمان شێوە سیستەمی یاسادانان و سیستەمی جێبەجێكار هەر یەكێك ئەركەكەی خۆی دیارە، بەڵام لێرەدا پرسیار ئەمەیە، جەنابت خۆت دەڵێیت كە دەستتێوەردان هەیە و لەوانەیە لایەنی حزبی دەستێوەردان بكات. باشە شەرعییەتی كۆتایی لای كێیە؟ لای هاووڵاتیە.. حەكەمی كۆتایی هاووڵاتییە. ئێستا ئەگەر ئێوە پێتان وایە لایەنێكی سیاسی دەستێوەردان لە كاروباری دادوەرییدا دەكات، ئێوە حەكەمن دەتوانن ئەو لایەنە سیاسییە سزا بدەن. ئێوە دەتوانن لە هەڵبژاردنەكان سزای ئەو لایەنە بدەن، ئێوە دەتوانن لە هەڵسوكەوتی رۆژانەتان هەڵوێستتان هەبێ، ئێوەی هاووڵاتی حاكمی سەرەكی و كۆتایی ئەم وڵاتەن، ئێوەن كە دەتوانن ئەم بڕیارە بدەن، زۆر جار كە دەبینی دەستێوەردان هەیە، ستەم دەكرێ، كاری هەڵە دەكرێ، خەتاكەی بەشێكی بۆ هاووڵاتی دەگەڕێتەوە، چونكە قەبووڵی كردووە. ئەگەر قەبووڵی نەكات و هەڵوێست بەرامبەر بە هەڵە وەربگرێت، ئەم هەڵانە دووبارە نابنەوە.
قسەی هاووڵاتییەك: ئەوەی دەمەوێ ئاماژەی پێ بكەم كە هیچ لەو بەڕێزانە ئاماژەیان پێ نەكردووە، سەبارەت بە كێشە و گرفتی گوندەكانە، ئەگەر باسی بكەین تەواوی ناوچەكانی كوردستان، بەتایبەتی گوندەكانی ناوچەی پشدەر، بە تەواوی بەرەو چۆڵبوون رۆیشتوون. هەموومان قەرزاری گوندەكانین، سەرۆكەكان، سەرۆك حزبەكان، مامۆستایان، پزیشكان، هەموویان پەروەردەی گوندەكانن، لە گوندەكان خزمەت كراون، پێویستە حكوومەتی هەرێم و ئێمەش هەموومان خزمەتی گوندەكان بكەین. داواكارم بەڕێزتان ئینشائەڵا لە دەرفەتێكدا سەردانی پشدەر دەكەیت و كاری جددی بۆ گوندەكان و بۆ تەواوی پشدەر و هەموو ناوچەكانی كوردستان دەكەیت.
سەرۆکوەزیران: سوپاس، من هاوڕام لەگەڵ جەنابت، گوند بۆ ئێمە زۆر زۆر گرنگە، هەموو شۆڕشەكان بە هۆی گوندەكانەوە توانییان بەردەوام بن، ئەمەی كە ئێستا ئێمە هەمانە، لەسای سەری ئەو خەباتە بووە كە لەو گوند و شاخ و لادێیانەدا هەبووە، بەڵام بیرتان نەچێت چۆن لە سەردەمی رژێمی پێشوودا، چوار هەزار و 500 گوند لە كۆی 5 هەزار گوندی كوردستان، وێران كران، خەڵكی ئێمە هەموویان هاتن لە كەمپەكان، لە شارەكان، هەندێكیان ئاوارەی دەرەوەی وڵات بوون، ئەمە هۆكاری سەرەكی بوو لەوەی كە خەڵك لە گوندەكان دوور كەوتنەوە. دوای راپەڕینیش زۆر ڕووداوی نەخوازراو ڕوویان دا كە وەكوو پێویست نەكرا ئاوڕ لە ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان بدرێتەوە. لە لایەكی تریشەوە هەندێك لەو شەڕ و پێكدادان و ئەو نائارامییانەی لە ناوچەكەدا هەن، دیسان رێگر بوون لەوەی كە خەڵك بەرەو گوندەكان بڕواتەوە. بەڵام من هاوڕام لەگەڵت كە لە هەر وەختێكدا كە گونجاو بێت و لە هەر شوێنێك كە حكوومەت توانای ئەوەی هەبێ خەڵك بەرەو گوندەكان بباتەوە و خۆشیان ئارەزووی گەڕانەوەیان هەبێ، ئەبێ ئێمە ئەوە بكەین بە بەرنامەی كاری ئێستا و داهاتووشمان.
ئاخاوتنی هاووڵاتییەكی تر: سڵاوێكی تایبەت بۆ جەنابتان ڕێزدار سەرۆکوەزیرانی هەرێمی كوردستان، بەخێر بێن سەر چاومان. بەڕاستی ئێمە خۆشحاڵین بە هەموو ئەو وزە و جوان كاركردنەی جەنابتان، بەڵام ئەوەی گرنگە ئێمە مێژوویێكمان هەیە، دوایی مێژوو رەحم بە كەس ناكات، بەڕاستی مێژوو لە داهاتوو ناڵێت بۆ نموونە لە هەولێر یان لە پارێزگاكانی تر وەبەرهێن ئەمەی كردووە، لە سلێمانی وەبەرهێن ئەمەی نەكردووە، لە راستیدا ئەمە هەمووی گرنگی و شانازییە بۆ حكوومەتی هەرێم، جا لەم سەردەمە و لەم چرخەش سەرۆکوەزیران جەنابتیت، ئێمە خۆشحاڵین، بە هیوایەكی گەنجانە كار دەكەیت، ئێمە ئومێدی زۆرمان پێتە لە سەرەتا تا كۆتایی، ئومێدەوارین سەرۆكی داهاتوو هەر جەنابت بیت بۆ ئەوەی ببینین درێژە بەم كارانەت بدەیت. ئێمە چەند ڕێگەیەكمان هەیە پێیان دەگوترێ (ڕێگەی مەرگ) ئەوانیش رێگەی كەلار، ڕێگەی دەربەندیخان، ڕێگەی دەڤەری راپەڕین، ڕێگەی چەمچەماڵ - كەركووك، ڕێگەی خورماڵ، هەموویان بە (شاڕێگای مەرگ) ناویان دەركردووە، هیوادارم وا نەمێنێت، سوپاس بۆ جەنابت و دووبارە بەخێر بێیت.
سەرۆکوەزیران: سوپاس كاكە، ئێمە ناتوانین جیاكاری بكەین، بڵێین ئەم شارە یان ئەم شارە، هەموو كوردستان بە یەك چاو و وەكوو یەك سەیر دەكەین، گرنگییش بە ڕێگەوبان دراوە، وەنەبێ نەدرابێت، بەڵام لە هەندێك پارێزگا كەرتی تایبەت خۆی ئامادەیی دەربڕیوە لەو قەیرانە داراییەی كە حكوومەت تێی كەوتووە، خۆی هاتووە و تەحەمولی بەرپرسیارێتیی كردووە، لەسەر ئەركی خۆی ڕێگەوبانەكانی دروست كردووە، واتە لەسەر ئەركی حكوومەت نەبووە لەسەر ئەركی كەرتی تایبەت بووە. هیوادارم ئەو وەبەرهێنەر و سەرمایەدارانەی ئێرەش لە سلێمانی بتوانن ئەم ئەركە ببینن، چونكە كێشەی گەورەی ئێمە ئەو قەیرانە داراییە بووە كە لە ماوەی ساڵانی رابردوو تووشی ئێمە بوو. لە لایەكەوە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم وەستا، لە لایەكی ترەوە بودجەی هەرێم بڕدرا، لە لایەكی ترەوە بەهۆی كۆرۆنا و ئەم قەیرانە داراییەی لە ناوچەكە هەبوو، كاریگەرییەكی زۆری لەسەر داهاتی هەرێمی كوردستان كرد، ئەم جۆرە كارانەش بە داهات دەكرێت. لە لایەكی ترەوە هەموومان بیستمان هاوار لە هاووڵاتیان هەڵدەستا و داوای مووچەیان دەكرد، وای لێ هاتبوو كە خەڵك وای دەبینی هەرێمی كوردستان هیچ كێشەیەكی تێدا نەماوە جگە لە مووچە. ئێ بەو بێئیمكانیەتییە حكوومەت دەبێ تەماشا بكات كامەی دەكرێ و كامەی دەتوانێ لە چ وەختێكدا بیكات، ئەگینا من سەد لە سەد هاوڕام لەگەڵ جەنابت كە دەبێ ڕێگەوبان گرنگیی پێ بدرێت و بەرنامەشمان هەیە بۆ زیاتركردن و پەرەپێدان و باشتركردنی كوالێتیی ڕێگەوبان لەسەر ئاستی هەموو كوردستان، هەتا بەرنامەی دروستكردنی هێڵی شەمەندەفەر و ئەوانەشمان هەیە كە ئەمەش لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكان قسەی پێویستی لەسەر كراوە، كۆمپانیای بیانییش گرێبەستیان لەگەڵ كراوە بۆ دیزایینكردن و هیوادارم لە ئایندەیەكی نزیكدا بتوانین دەست بە پرۆسەی دروستكردنی هێڵی شەمەندەفەریش بكەین.
پرسیاری هاووڵاتییەكی دیكە: بە ناوی خوای گەورە، زۆر بەخێرهاتنت دەكەم، بەڵام بەداخەوەم كە من وەكوو ڕۆڵەیەكی ئەنفال و ڕۆڵەیەكی ڕێگەی مەرگ، لێرە بەڕێزت دەبینم، خۆزگە بەڕێزت لە گەرمیان دەبوویت، خۆزگە ئەم چەند كەسەی لێرە كۆ بووینەتەوە، هەموومان گەرمیانی بووینایە، بۆ ئەوەی زیاتر خەمەكانمان بۆ بەڕێزت باس بكردایە و بەڕێزت چارەسەرت بكردایە. كاتێك كۆرۆنا هاتە پێشەوە هەرچی لە سیاسەتمەدار و سەروەتمەند و هەتا دەگاتە كەسێكی هەژار، هەمووی دەترسا و خواستی ئەوە بوو تەنها گیانی لەناو نەچێت، لە ترسی ڤایرۆسێك ئامادە بوو هەموو شتێكی ببەخشێت. بەڵام ئێستا گەرمیان بەڕاستی رۆژانە كۆرۆنا و ڤایرۆس لەناوماندایە، چونكە چەندین نەخۆشخانەی حكوومی و ئەهلیمان هەیە، كەرتی تەندروستی دەتوانم بڵێم لە ڕووی كەرتی تایبەتەوە لە گەرمیاندا زۆر زۆر گەشەی كردووە، بەڵام بەداخەوە لە ڕووی حكوومییەوە بەڕاستی ڕووخاوە، ئەویش بەهۆی نەبوونی مەحرەقەیەكە (سووتێنەر) بۆ پاشماوە پزیشكییەكان.
ئەگەر ڕۆژانە تەنها بیهێنیە بەر چاوی خۆت، كەسێكی ڤایرۆساوی ددانی هەڵبكێشرێ، یان ژنێك منداڵی لەبار بچێت و كۆرپەكەی فڕێ بدرێ، یان سەنتەری گورچیلەمان هەیە و سێتێكی كاملی سەنتەرەكە فڕێ بدرێ، چی روو دەدات؟ لە كاتێكدا هیچ سووتێنەرێك نییە، تەنیا ماددەیەكی شكێنەرمان بۆ ماددە تیژەكان هەیە كە ئەویش ڕێژەیەكی زۆر زۆر كەمی دەشكێندرێ، ئەمەش بەڕاستی گرفتێكی زۆر زۆر گەورەی ڤایرۆساوی لەنێو گەرمیاندا بڵاو بۆتەوە، چونكە ئەو پاشماوانە دەكرێنە ناو ئۆتۆمبێلی زبڵەكان و لەو ئۆتۆمبێلانەشەوە دەكرێتە نێو ژینگەوە، ئەمەش كاریگەرییەكی زۆر زۆر خراپی هەم لە ڕووی ژینگە و هەم لە ڕووی تەندروستییەوە هەیە بۆ دانیشتوانی گەرمیان.
پەڕەیەكم پێیە 33 پرۆژەی تەواونەكراو و ڕاگیراوی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی گەرمیانی تێدایە كە هەمووی كاری جددیی پێویستە، تا ئێستا لەبەر ئەوەی شووشەمان نییە كە منداڵێكی تازە لەدایكبوو كە تەنیا چەند سەعاتێكە لەدایك بووە بە ڕێگەی مەرگدا دەیگەیەنینە سلێمانی، هەتا ئێستا بە ڕێگەی مەرگ كەسێكی جەڵتەلێدراو دەگاتە سلێمانی، هەتا ئێستا بە ڕێگەی مەرگ گوللەلێدراوێك و فیشەكێك و بریندارانی داعش و هەموویمان گەیاندۆتە سلێمانی، من بۆ خۆم 14 ساڵە لەو كەرتە كە دەوام دەكەم، بەڕاستی دەتوانم بڵێم 14 هەزار ساڵ تەمەنمان ڕۆیشتۆتە سەرەوە بە خەفەتی كەرتی تەندروستی، بۆیە داواكارم لە بەڕێزتان كە سەردانێكی جددیی ئەو ناوچەیە بكەن، ئەگەر سەردانەكەشتان بە بۆنەی كات و كاری زۆری رۆژانەتانەوە دوا دەخرێ، خەمێكی سووتێنەر و لەناوبردنی پاشماوە پزیشكییەكان بە ڕێگەیەكی تەندروست بخۆن و ئەم كارەمان بۆ بكەن، زۆر سوپاس.
سەرۆکوەزیران: زۆر سوپاس، من بە شانازییەوە سەردانی گەرمیان دەكەم و پێشتریش سەردانم كردووە بەڵام لەوانەیە ئەم جۆرە گردبوونەوانەمان نەكردبێت، هیوادارم بتوانین ئەوەش بكەین لە وەختێكدا، بەڵام لەسەر ئەوە ناوەستین.
ئایا ئەمە دەتوانێ پێداویستیی ناوچەكە دابین بكات؟
هاووڵاتی: بە دڵنیاییە، نەخۆشخانەی منداڵان تا ئێستا 400 قەرەوێڵەییە گشتییەكە ڕاگیراوە، من ئەوە ڕێژەكەم پێیە ئەگەر دوایی بەڕێزت ئیزن بفەرمووی بیگەیەنمە دەستت و لە نزیكەوە ئیشی لەسەر بكەن، مەمنوونتان دەبم.
سەرۆکوەزیران: زۆر باشە، سوپاس.
پرسیار: ئایا دۆخی مووچە باش دەبێت؟ ئێوە خۆتان حكوومەت، ئەگەر مانگێك مووچەتان نەدرێ، ئایا منداڵەكانتان پێتان ناڵێن هۆكاری چییە ناتوانن پێداویستیمان بۆ پڕ بكەنەوە؟ ئایا ئەوە قورس نییە خەڵك جاری وایە بە دوو مانگ كەڕەتێ مووچە وەردەگرێ؟ ئەوە یەك. دووەمینیان، ئایا بۆ كاتی مووچەوەرگرتن خانەنشین دەبێ هەموو جار قوربانی بدات و یەكێك و دوان و سیان لە سەرەی خانەنشینیدا وەفات بكات؟ لە ئەورووپا و وڵاتە بیانییەكان مووچەی خانەنشین دەچێتە بەر دەرگاكەیان، ئایا بۆ دەبێ هەموو جارێ بە هەفتە ئێمە بە دوای مووچەكانماندا رابكەین؟
سەرۆکوەزیران: زۆر سوپاس، ئینشائەڵا بابەتی مووچە چارەسەر دەبێت، هەموو هەوڵێكیشمان بۆ ئەوەیە كە چارەسەر ببێ. من دەمەوێ وەڵامی بەڕێزت بەو جۆرە بدەمەوە، تكایە تەنها سەیری ئەنجامەكان مەكەن، سەیری هۆكارەكان بكەن، سەیری ئەو هەوڵانە بكەن كە هەوڵ درا مووچە لە هەرێمی كوردستان ببردرێ بۆ بەغدا، سەیری ئەوە بكەن كە هەموو هەوڵێك درا بۆ ئەوەی بەرژەوەندیی تەسكی شەخسی و حزبی زاڵ بێ بەسەر بەرژەوەندیی گشتی و ئەم دۆخە دروست كرا لەبەر ئەم ململانێ سیاسییە ناشەریفەی كە هەندێك كەس دەستیان پێكرد.
من نامەوێ بچمە ناو وردەكارییەكان، ئەگەر پێشتان خۆش بێت من ئامادەم، بەڵام سەیری هۆكارەكان بكەن، بۆ ئەم وەزعە وای لێ هات؟ بۆ بە ئێرە گەیشت؟ بۆ داوا كرا هەموو شتەكان بەغدا بێت و كۆنترۆڵیان بكات؟ ئایا هەموو ژیانی ئێمە بۆ ئەوە بووە ئێمە بەس مووچە وەربگرین؟ ئایا ئێمە وەكوو نەتەوە، وەكوو خەڵك، پێناسەی نەتەوەییمان، خاكمان، كێشەی نەماوە تاوەكوو تەنیا هەموو كێشەكانمان بێت بەس لە مووچەدا كورت بكرێتەوە؟ مووچە بێ كەرامەت قیمەتی نیە، مووچەی بێ خاك قیمەتی نیە، كە خاكت نەما، كەرامەتت نەما، وجوودت نەما، هیچ شتێك وەكوو ناسنامە قیمەتی نامێنێ. من دەزانم خوشكم جەنابت چی دەڵێی، بەڵام دەڵێم لە هۆكارەكان بپرسە. ئەوانەی كە بوونە باعیسی ئەوەی مووچە كێشەی تێبكەوێت و دوا بكەوێت، لە هۆكارەكان بپرسن نەك لە ئەنجامەكان.
ئێستا خەریكی چارەسەركردنی هۆكارەكان و ئەنجامەكانیشین. یەكێك لەو پرۆژانەی كە ئێمە دەستمان پێكردووە، بابەتی (هەژماری من)ە كە بۆ ئەوەیە ئەم كێشانە نەمێنێت، چیتر خانەنشینێك، چیتر خاوەن شەهیدێك، چیتر خاوەن پێداویستییەكی تایبەت نەچێ لە ڕیزەكە بوەستێ، بە عەكسەوە لە هەر كوێ بیەوێ، ئامێری (ئەی تی ئێم) ماشینێكە، یانیش بانكێكە، دەتوانێ بچێ بە كەیفی خۆی لە كاتی خۆی، بە زەوقی خۆی، بە رەغبەتی خۆی مووچەكەی وەربگرێ. ئێمە ئەم شتانەمان دەست پێكردووە بەڵام ئەوە خەریكن نایەڵن ئەمەش سەر بگرێ، دژایەتیی ئەمەش دەكرێ، ئەوەی من دەیكەم بۆ ئێوەی دەكەم. ئەوەی ئێمە دەیكەین خەریكین بۆ ئەوەیە كە ئێوە خاوەنی بڕیاری خۆتان بن، چیتر بەرمنەتی ئەم و ئەو نەبن، چیتر لە نۆرەكاندا نەوەستن، چیتر لەبەر خۆری هاوین و سەرمای زستاندا نەچن ریز بگرن بۆ ئەوەی مووچە وەربگرن. ئێمە دەمانەوێ ئێوە ئەو مووچەیەی هەتانە بە سەربەرزییەوە و بەبێ منەت و بەبێ كێشە هەموو مانگێ وەری بگرن. وا خەریكی ئەو شتانەین، بەڵام دەبینین ئەملاو ئەولا توانجمان لێ دەدەن و دەڵێن فێڵتان هەیە و نازانم چیتان هەیە بۆیە ئەم بەرنامانەتان دروست كردووە! شتی وا نییە، ئەم بەرنامەیەی كە دەڵێم ئێمە دەستمان پێكردووە، پرۆژەی (هەژماری من) ڕێك بۆ ئەوەیە كە بەڕێزێكی وەكوو جەنابت چیتر خەمی ئەم جۆرە كێشانەت نەبێت.
پرسیاری سەعید ئەحمەد لە گەرمیان: بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان، من لە سەنتەری شاری كەلارەوە هاتووم، زۆر بەخێرهاتنی بەڕێزتان دەكەم یاخوا بەخێر بێن بۆ شاری سلێمانی، هیوادارم سەردانەكەتان ببێتە مایەی خێر و یەكڕیزی و تەبایی نێو هەموو لایەنە سیاسییەكان.
پرسیارەكەی من خەمی خێزان و گەنجانە، لە كوردستان بە گشتی و دەڤەری گەرمیان بەتایبەتی، بەڕێز سەرۆکوەزیرانی هەرێم، بەڕاستی گەنجان و خێزان لە هەرێمی كوردستان بەو پێیەی كە ڕێژەی تەڵاق پێمان دەڵێت و بەپێی ئامارێكی ئەنجوومەنی دادوەری لە هەرێمی كوردستان، كە ڕێژەی تەڵاق لە 18٪ بۆ ٢٧٪ بەرز بۆتەوە، ئەمە ڕێژەیەكی مەترسیدارە لەنێو خێزاندا، بەتایبەتی بۆ گەنجان. هەروەها ئامارێكی ترمان هەیە لە ساڵی 2014 بۆ 2015، ڕێژەی تەڵاق 15٪ زیادی كردووە و ڕێژەی هاوسەرگیری 19٪ كەمی كردووە. ئەم رێژانە زۆر زۆر مەترسیدارن لە هەرێمی كوردستاندا، بۆیە من پێم باشە و داوا دەكەم لە بەڕێزتان، ئەگەر بكرێت بۆ هاوكاریی گەنجەكانمان و بۆ ئەوەی زیاتر خێزانەكانمان پارێزراو بن لە هەموو روویەكەوە و بۆ ئەوەی بتوانن خزمەتی گەل و وڵاتی خۆیان بكەن، خێزانێك پێك بێنن، ئەگەر بكرێت پێشینەی هاوسەرگیری بە گەنجان بدرێت لە 10 بۆ 15 ملیۆن دینار و شوێنێكی نیشتەجێبوونیشیان بە قەرزی درێژخایەن پێ بدرێت، من ناڵێم بە بەلاش پێیان بدرێت، بۆ ئەوەی هیچ نەبێت بتوانێ شوێنێكی نیشتەجێبوونی هەبێت و لە ماوەی 15 بۆ 20 ساڵ قەرزەكە با درێژخایەن بێت، بداتەوە. لە راستیدا ئێستا لە گەرمیان كەمترین خانوو بە هەشت دەفتەر دۆلارە، یاخود پارچە زەوییەك پێنج دەفتەر و شەش دەفتەر دۆلارە. من پێم باشە بزانم بەرنامەی داهاتووی بەڕێزتان و ئەم پێنج ساڵە بەرپرسیارێتیی لەسەر شانی بەڕێزتان بووە، چی بۆ گەنجان دەكەیت و دووبارە بەخێر بێن سەرچاومان هاتن؟
سەرۆکوەزیران: پێكهێنانی خێزان گرنگە، بۆ تەندروستیی كۆمەڵگە، بۆ پەیوەندیی نێوان خەڵك، چ لە رووی ئایینەوە، چ لە رووی كولتوورەوە، چ لە رووی عورف و تەقالیدی كوردەوارییەوە، خێزان لە كوردستان شتێكی زۆر گرنگ و گەورە بووە، بەڵام من لەگەڵ یەك شتدا نیم، ئەویش ئەوەی كە نرخی ماددی بەسەر زەواجدا بسەپێندرێت، یان بگوترێت كە خێزان لەبەر هۆكاری ماددی پێك نایەت. بێگومان ئەمە دوو شتە، یەكێكیان دەبینی هەندێك جار بۆ ئەوەی خێزانێك پێك بێت ماڵی كچەكە داوای نەختینەیەكی زۆر دەكات یان داوای پارەیەكی زۆر دەكات كە لەوانەیە كوڕ یان زاوا توانای ئەوەی نەبێت. زۆر جێی داخە كە هۆكاری ماددی ببێتە هۆكاری كوشتنی خۆشەویستیی نێوان دوو كەس، یانی سەپاندنی نرخ یان پێوەری ماددی بۆ پێكهێنانی خێزان من لەگەڵ ئەوەدا نیم، حكوومەت دەتوانێ یارمەتیی ئەو كەسە بدات كە بیەوێ یارمەتیی خۆی بدات، بەڵام من لەگەڵ ئەوە نیم كە پێكهێنانی خێزان ببەسترێتەوە بە بابەتی ماددییەوە.
تێدەگەم كە خەڵك موعاناتی هەیە و لەوانەیە بژێویی ژیانی خەڵك پێویستیی بەوە بێت زیاتر ببووژێتەوە تاوەكوو بتوانن بیر لە پێكهێنانی خێزان بكەنەوە، ئەمەش حكوومەت بیری لی كردووەتەوە و هەندێك هەنگاویشی گرتۆتە بەر، بە تایبەتی كە ئێمە بەتەمای بەدیجیتاڵكردنی سیستەمی ئابووری و دارایی هەرێمین تا خەڵك بتوانن بۆ خۆیان قەرزی درێژخایەن وەربگرن، نەك تەنیا لە حكوومەت، بەڵكوو لە كەرتی تایبەت لە بانكەكان كە دوایی بە تێپەڕینی كات و ماوە بە حوكمی ئەوەی كە ئیشوكارەكانی خۆیان پەرە پێبدەن، بتوانن قەرزەكانی خۆشیان بدەنەوە. ئەوەی لەسەر حكوومەتە ئەوەیە كە ئەو ئاسانكارییە بكات، ئەوەی لە توانای حكوومەتدا بێت، بێگومان درێغی ناكات.
پرسیاری فاتیح ساڵح: وەكوو شاخەوانێك لەگەڵ بەڕێزت ئەمڕۆ گفتوگۆ دەكەین، وەك ئاگادارم پێموابێت بەڕێزیشتان خولیا و حەزێكی شاخەوانیتان هەیە، وایە؟
سەرۆکوەزیران: حەزم لە سرووشتە زۆر.
فاتیح ساڵح: بەڕێزت لە گفتوگۆكەی ئەمڕۆ و لە وەڵامی پرسیارەكانی هاوڕێیانی ترمان زۆر جەختت لەسەر بوونی ئینتیما كردەوە بەوەی خاك و وڵاتی خۆمان خۆش بوێت. بەڵام شاخەوانی ئینتیمایەكی زۆر باشی گەڕاندۆتەوە بۆ تاكی كورد، نەك تەنیا گەنج، چونكە هەموو چین و توێژێكمان لەگەڵدایە لە شاخەوانیدا. كە دەچینە نێو سروشتەوە وڵاتەكەی خۆت زیاتر خۆش دەوێ، لە ڕێی ئەو مۆبایل و كامێرایانەی پێمانە، لە سۆسیال میدیا و لە تیڤییەكانەوە سروشتی جوانی كوردستان بە ناوخۆ و دەرەوە دەناسێنین، بەڕاستی هەموو شاخەوانێك ژینگەدۆستە، ژینگەدۆستیش ئینتیمایەكی زۆر باشی بۆ وڵاتەكەی هەیە. هیچ شاخەوانێك تەنانەت كاغەزی چوكلێتێكیش لە سروشتدا فڕێ نادات، بەڵكوو لەگەڵ خۆی دەیهێنێتەوە. زۆرینەی كات لە كاتێكدا كە بە ناوچەیەكی گەشتیارییدا تێدەپەڕین، بەداخەوە دەبینین كە گەشتیارەكان ناوچەكەیان پیس كردووە، ئێمە ئەو هۆشیارییە دەدەین بە خەڵك، لەبەر چاوی ئەواندا پاشماوەكانی ئەو خواردن و كەلوپەلانەی كە پێیان بووە، كۆ دەكەینەوە، بۆ ئەوەی هۆشیارییەك لای ئەوان دروست بكەین. بەڵام بەداخەوە ئەوەی كە هەیە لە كوردستانی خۆماندا لەم چەند پارێزگا كەمەی كە هەمانە، تا ئێستا سێ لایەنی شاخەوانی هەیە كە تۆڕی شاخەوانیی كوردستان و یەكێتیی شاخەوانیی كوردستان كە لە سلێمانین، لەگەڵ فیدراسیۆنی شاخەوانی لە هەولێر. لە وڵاتێكی گەورەی وەكوو ئێران یەك فیدراسیۆن هەیە، لە وڵاتێكی گەورەی وەك توركیا یەك لایەن هەیە كە سەرپەرشتیی گرووپە شاخەوانیەكان دەكات. ئێستا بە هەوڵ و دڵسۆزیی شاخەوانان یەكگرتنەوەیەك دروست بووە كە ئەنجوومەنێكی شاخەوانی پێك بێت، بەڵام ئەمە لە سۆنگەی دڵسۆزیی شاخەوانان خۆیانەوەیە، تكایە با حكوومەتی هەرێم دەستگرۆییان بكات، بۆ ئەوەی كە بتوانین رێنمایی لە یەك شوێنەوە وەربگرین.
یەك كێشەی زۆر گرنگترمان هەیە، ئەویش كێشەی بازگەكانە، ئێمە هەموو گەشتێكی شاخەوانی كە ئەنجامی دەدەین، سەرەتا مۆڵەت وەردەگرین، رۆژی سێشەممە مۆڵەت وەردەگرین و بۆ رۆژی هەینی گەشتەكە ئەنجام دەدەین. هەموو ناو و زانیاریی ئەو كەسەشی كە سەرپەرشتیاریی دەكات بە ژمارە تەلەفۆنی ئەندامەكانیشمانەوە دەدرێتە ئاسایش، بەڵام بەداخەوە بە مەزاجی كەسیی كەسانێك كە لە بازگەكان كار دەكەن، زۆر جار ئاستەنگمان بۆ دروست دەكەن، ڕێگریمان لێ دەكەن، دەمانگێڕنەوە، هیوادارم ئەم كێشە و گرفتانە چارەسەر ببێت. سوپاست دەكەین، وەكوو بەڕێزیشت كە حەزت لەناو سرووشتە، هیوادارم لە لای خۆت بینووسیت و ئەو كێشەی بازگانەمان بۆ چارەسەر بكەن كە ڕێگرییەكی زۆرە لە ئێمە دەكرێت.
سەرۆکوەزیران: كاكە زۆر سوپاس، من جارێ دەستخۆشییت لێ دەكەم كە شاخەوانیت و ژینگەدۆستیت، ئەمە كارێكی زۆر باشە دەیكەن هەم بۆ تەندروستیی خۆتان و هەم بۆ پاراستنی ژینگەی كوردستان. خۆشم بینیومە زۆر لەو شاخەوانانەی كە دەچن هەندێك جار لە تەلەڤزیۆن و ئەوانەش پێشان دەدەن بەڕاستی زۆر كارێكی باش دەكەن لەوەی كە ژینگە دەپارێزن، تەنانەت ئەو هاووڵاتیانەی تر كە لە هەندێك شوێن شتیان فڕێ داوە، كۆی دەكەنەوە. من خۆم ئەمەم بینیوە، دەستخۆشیتان لێ دەكەم، كارێكی زۆر باشە دەیكەن، هیوادارم هیچ كەسێك ژینگەی كوردستان پیس نەكات، چونكە هەموومان دەزانین ماڵی گەورەی خۆمانە، كەس ماڵی خۆی پیس ناكات، بۆ ماڵە گەورەكەمان پیس بكەین؟ هیوادارم هەموان ئەمە لەبەرچاو بگرن و رەچاوی بكەن.
من پێم خۆشە دواتر جەنابت ئەگەر وردەكاریی بازگەكانت لایە بیدەیتە برادەران بۆ ئەوەی بەدواداچوون بكەین بزانین لە كوێوە ئەم كێشانە دروست بووە، حەتمەن ئەوە نابێ بمێنێت، ئەگەر خۆشتان وەكوو ئەم شاخەوانانە بتوانن بە یەكەوە یەك موئەسەسە دامەزرێنن، ئێمە پشتیوانتان دەبین. بەڵام دەبێ خۆتان جارێ یەكلایی بكەنەوە كە چۆن بگەنە ڕێككەوتن، ئەوەی لەسەر ئێمە بێت بەسەرچاو.
قسەی هاووڵاتییەك: بەڕێز سەرۆکوەزیران بەخێرهاتنێكی گەرمت دەكەم. من كاستین لە بواری سینەما و دۆكیۆمێنتار، چەند ئەندامێكم بردووە رۆیشتووین بۆ ریكلام بۆ هەولێر، دوو سەعات و بیست دەقە زیاتر لە سەیتەرەی هەولێر منیان راگرتووە، یانی ناكرێ لەوێدا ئێمە بەم شێوەیە سەیر بكرێین ئەمە لەگەڵ تۆ نیم یان لەگەڵ ئەو نیم، لە زۆنی سەوز بمگرن و لە زۆنی زەرد بمگرن و ڕێم پێنەدەن، تەئخیرم بكەن، نەقسێك لەوێدا هەیە، داوا لە بەڕێزت دەكەم ئەمە نەمێنێت لە نێوان زۆنی زەرد و سەوزدا.
سەرۆکوەزیران: كاكە زۆر سوپاس بۆ تێبینییەكانت بۆ قسەكانت. جارێ من ئیعتراف بە زۆنی زەرد و سەوز ناكەم، هەمووی كوردستانە و موڵكی خەڵكی كوردستانە، ئیتر تۆ خەڵكی سلێمانی بیت یان هەولێر بیت، كەس هەقی ئەوەی نییە ڕێگری بكات لەوەی لەم شارە بچیتە ئەو شارە. ئەگەر سكاڵایەك هەیە دوایی بینێرە بۆ ئۆفیسەكەی خۆم بۆ ئەوەی بەدواداچوون بكەین بزانین ئەگەر رێنماییەكان شموول ناكا یان كەموكوڕییەك هەیە، گرفتێك هەیە؟ بەڵام بێگومان سیاسەتێك نییە كە ڕێگە نەدرێ بابەتی كولتوور و ئەدەب و هونەر و سینەما پێش بكەوێت. بەدواداچوونی بۆ دەكەین دوایی جەنابت بە نووسراو شتەكانمان بدەرێ، وەڵامت دەدەینەوە..سوپاس كاكە.
قسەی هاووڵاتییەكی تر: دەمەوێ باسی سەرمایەی وڵات بكەم كە ئەویش گەنجە. بەداخەوە كە ئێمە لەبەردەم كاریگەرییەكی تەكنەلۆژیای ئەوەداین كە گەنجەكانمان بە تەواوەتی كەوتوونەتە ژێر كاریگەریی لێشاوی سۆشیال میدیا، گەنجێك بەڕێوەیە كە بەڕاستی دەخوێنن، بەڵام خوێنەر نین و بەڕاستی توانای نووسینیان نییە. گەنجەكانمان لە ڕووی زمانی ئینگلیزی و بەكارهێنانی تەكنەلۆژیاوە زۆر باشن، بەڵام بەدەر نین لە خاڵی لاواز كە ئەوانیش ئینتیمای نیشتمانییان زۆر لاوازە و لەگەڵ ئەوەشدا هەموویان لە گوندێكی بچووكدا دەژین كە سۆشیال میدیا و چەند فرێندێكیانن، گەنجەكانمان بەڕاستی رۆڵ نابینن لە ئیش پەیداكردن و حەزیان لە ناوچەی پاڵدانەوەیە. هۆكاری ئەمە دەگەڕێنمەوە بۆ كەرتی پەروەردە، راستە پێشتر باس كراوە، بەڵام دەتوانین بە چەند خاڵێك دەست بخەینە سەر خاڵە لاوازەكان و بە دڵنیاییەوە كەرتی پەروەردە دەبووژێتەوە. لە هەموو وڵاتێك ئەگەر بتەوێ سەرمایەی وڵات چاك بكەی، دەبێ دەستكاریی كەرتی پەروەردە بكرێت. دروستە كە دەفەرموون مامۆستا چاوەڕێی مووچە نەبێت، لەگەڵتدام، بەڵام من بە بەڕێزت دەڵێم كاك مەسرور، ئەگەر من پارەم پێ نەبێت، لە كاتێكدا من مامۆستای كەرتی حكوومی نیم بۆ ئاگاداریی بەڕێزت، بەڵام وەكوو ئەوەی لە كەرتی تایبەت ئیش دەكەم، دەزانم قیستەكان چۆن دەدرێت و لەسەر چی وەستاوە؟ دەوانم هەموو بازاڕ چۆن دەكەوێتە جووڵە كاتێك كە مامۆستایەكی بەڕێز یاخود فەرمانبەرێكی بەڕێز، مووچە وەردەگرێت. دووبارە بەخێر بێیت، ئومێد دەكەم ئینشائەڵا سیتەمێكی پەروەردەی جوان و پێشكەوتوو پێشكەشی نەوەكانمان بكەیت.
سەرۆکوەزیران: زۆر زۆر سوپاس. دوو سێ بابەتی زۆر زۆر گرنگت باس كرد، یەكێكیان بابەتی كاریگەریی تەكنەلۆژیا یان (Artificial Intelligence) ئەوەی (AI) پێ دەڵێن، لەسەر نەوەی نوێ، گەنج، راستە فێری تەكنەلۆجیا دەبێت، لەوانەیە بتوانێ پرۆگرامێكی كۆمپیوتەر دروست بكات، فێری زمان بووە، بەڵام لە كۆمەڵگە دابڕاوە و لەوانەیە لە زۆر داب و نەریت و كولتووری كوردەواریی خۆمان دابڕابێت و نەزانێت. ئەمە ئەركی هەم ماڵبات و دایك و باوكە، هەم ئەركی مامۆستایە بۆ ئەوەی سنوورێك دابنێ كە ئێمە لە تەكنەلۆجیا دانەبڕێین، بەڵام ژیانیشمان نەبێ بە ژیانێكی رۆبۆتی و، واز لە ژیانی كۆمەڵگە و كولتووری خۆمان و ئەوەی كە هەمانبووە، نەهێنین، ئەم باڵانسە چۆن رادەگیرێت؟ بە حەقیقەت لە هەموو گۆڕانكارییەكان كە دێنە ئارا هەندێك جار فەوزایەك دروست دەبێت. هیوادارم ئێمە بتوانین خۆمان بگونجێنین لەگەڵ ئەوەی كە لەگەڵ تەكنەلۆجیای سەردەم بگونجێین و دوا نەكەوین، بەڵام لە هەمان كاتدا نەهێڵین تەكنەلۆجیا تەحەكوم بە ژیانی ئێمە بكا و دابونەریتی ئێمە و پرەنسیپ و شێوازی ژیانی ئێمە بكات.
هیوادارم مامۆستایان ئەم ئەركە زۆر بە جددی وەربگرن و دایكوباوكان لەم بارەیەوە زۆر بە جددی لەگەڵ منداڵەكانی خۆیان بن.
من نەمگوت مامۆستا چاوەڕێی مووچە نەكات، مامۆستاش مرۆڤە و پێویستیی بە بژێویی ژیانە، بەڵام ئەم بایكۆتەی كە كرا، نەك تەنیا مامۆستا، هیچ كەسێك لە كوردستان مووچەی وەرنەگرت. پێشمەرگەش لە خەتی پێشەوە بوو، لە سەنگەر بوو مووچەی وەرنەدەگرت، دكتۆر و پزیشك و پەرستاریش لە خەستەخانە بوون و مووچەیان وەرنەدەگرت، پۆلیسیش لەسەر شەقام وەستابوو مووچەی وەرنەدەگرت، هەموو مووچەیان وەرنەدەگرت. بۆ مامۆستا كە ئیشی پەروەردەكردن بێ، بڵێ بایكۆت، ئەمە چ وانەیەك فێری قوتابی دەكات؟
من ناڵێم مامۆستا هەقی خۆیەتی، هەموو هاووڵاتیەك و هەموو مووچەخۆرێك هەقی خۆیەتی مانگانە مووچەی خۆیان وەربگرن، بەڵام تەنانەت لە باسكردنی هۆكارەكانیش هەڵەی تێدابوو، دەستی سیاسیی تێدابوو، لەوانەیە هەندێك كەس هان درابن، یان بەرژەوەندیی شەخسی تێكەڵ بە شتەكانی تر دەكران و دەهاتن بابەتەكانیان بە جۆرێكی تر و بە ئاراستەیەكی تردا دەبرد.
ئنجا دەبوایە هەر هەموو هاووڵاتیانی كوردستان و مامۆستا پێش هەموو كەسێك، بەرگرییان لە مافی دەستووریی خۆیان بكردایە و بە بەغدایان بگوتایە كە تۆ ناتوانیت بەم جۆرە مامەڵەمان لەگەڵ بكەیت و ئێمە قەوارەیەكی دەستووریین و تۆ ناتوانیت بودجە و مووچە وەكوو كارتێكی فشاری سیاسی بەكار بهێنیت دژی ئێمە. ئایا ئەمە كرا؟ نەخێر، بە پێچەوانەوە لایەنی سیاسی دەهاتن هانی بەغدایان دەدا بۆ ئەوەی فشارەكە زیاتر بكەن. بە حیسابی خۆیان من یان حزبەكەی من، ئەگەر زەرەرمەند بین ئەو سوودمەند دەبێت! ئاخر چۆن دەبێ؟ وڵاتێك زەرەرمەند بێت، میللەتێك زەرەرمەند بێت، بەس بۆ ئەوەی دەستكەوتی سیاسی بۆ چەند لایەنێك هەبێت؟ من مەبەستم ئەمە بووە، ئەگینا رێزم بۆ مامۆستایە و دەزانم مامۆستاش وەكوو هەموو كەسێكی تر پێویستە ژیانی دابینكراو بێت، ئینشائەڵا ئەم قۆناغەش تێدەپەڕێنین و هیوادارم تێشپەڕیبین.
پرسیاری وریا ئازاد لە سلێمانی: كاری من ئەكتەرییە و چیرۆكنووسم بۆ كاری دراما و فیلم. داوا لە تۆ دەكەم با چیتر گەنجەكانمان لە دەریای ئیجەدا نەخنكێن و جەرگی دایكەكانمان نەسووتێن. من خۆم چەندین جار ئەم ڕێگەیەم تاقی كردۆتەوە و دوایین جار من لە ڕێگەی بێلاڕووس بووم، تۆ وەكوو باوكێكی مەعنەویی ئەم میللەتەیت، داوا لە تۆ دەكەم كە هەلی كار و پرۆژە و كارگە بۆ گەنجەكانمان بكەنەوە. گەورەكانمان كە سەركردە گەورەكان بوون، ناو و سیمبولی پێشمەرگەیان كرد بە ئازادی بۆ ئەم وڵاتە، بەڵام ئایا ئێوە چ سیمبولێك بۆ گەنجەكانمان دێننە ئارا؟
سەرۆکوەزیران: زۆر خۆشحاڵم كە جەنابت ئێستا لێرەیت لە دەرەوە نیت، گوتت چەندین جار هەوڵت داوە و چوویت و جارێكی تر گەڕاویتەوە، جەنابت داوایەكت لە من هەبوو منیش داوایەكم لە جەنابت هەیە. پێم خۆشە بێیت لە یەكێك لە تەلەڤزیۆنەكان ئەم چیرۆكەی خۆت باس بكەیت، چۆن چوویت؟ كێ هانی دایت؟ چیت بینی؟ چەند زەحمەتت كێشا؟ بۆ گەڕایتەوە؟ پێشیان بڵێی هیچ شوێنێك لە وڵات شیرینتر و خۆشتر نییە، لەم وڵاتەدا بژین و لەم وڵاتەدا بمرن، سەربەرزترە لەوەی ئێمە بچین لە وڵاتانی بێگانە بۆ خەڵكی تر خۆمان بكەین بە قوربانی.
ئەوەی لەسەر ئێمە بێ بیكەین، بێگومان دەیكەین، لە هەموو ڕوویەكەوە ئێمە هەوڵی فرەچەشنكردن و فرەجۆركردنی ئابووریی كوردستانمان داوە، شتێك نییە بە شەو و ڕۆژێك تەواو بێت.
قسەی دیكەی وریا ئازاد: هیچ كەسێك حەز ناكات كۆچ بكات و كەس لە خۆشیدا وڵاتی خۆی جێ ناهێڵێت، بەڵام كە ئێستاش گەڕاومەتەوە، ئەوە نزیكەی سێ ساڵە گەڕاومەتەوە و بێ ئیش و بێ كارم، ئایا كە من هەمدیسان هیچ هیوایەكم نەبێ لەم وڵاتە و هیچ ئیشێك نەبێت كە من بتوانم بیكەم، چی بكەم؟ چەندێك لەم كەسانە گوتیان كە كەسی بیانی هاتۆتە ئەم وڵاتەوە ئیش بكات، باشە بۆ ئێمە ناتوانین وەكوو وڵاتی ئەڵمانیا و وڵاتانی تر رەگەزپەرستی بكەین؟ یەعنی چۆن؟ بەس وڵاتەكەی خۆمان خۆش بوێ و بەس هەلی كار بۆ گەنجی وڵاتی خۆمان دەستەبەر بكەین؟ نەك ئەوەی ئێمە گەنجانی وڵاتانی تر بێنینە ئەم وڵاتە و ئیشیان پێ بكەین؟
سەرۆکوەزیران: بەداخەوە هاوڕا نیم، ئێمە رەگەزپەرستی ناكەین و ناتوانین ئەوە بكەین، ناشبێ بە هیچ جۆرێك بیكەین. ئێمە بەوەوە جوانین كە كوردستان وڵاتی هەموو پێكهاتە و دین و ئایینزا و رەگەزێكە، لەبەر ئەوە بابەتی رەگەزپەرستی ئینشائەڵا قەت نابێت بە بەشێك لە كولتووری ئێمە. ئەوەی تر جەنابت باست كرد، ئەو هەموو خەڵكەی بیانی كە دێنە ئێرە ئیش دەكەن، هاووڵاتیانی ئێمە، من ناڵێم هەموویان، بەڵام هەندێكیان خۆ دەكرێ بەشێك لەو كارانەی خەڵكی بیانی دەیكەن، ئەوانیش بیكەن. خەڵك هەبووە خاوەن پیشە بووە، خاوەن كارگە بووە، هاتووە گلەیی كردووە، دەڵێ ئێوە هەندێك ڕێنماییتان دەركردووە نایەڵن خەڵكی بیانی بێت لێرە ئیش بكات. من هاتووم هەمان ئیشم داوا كردووە لە گەنجەكانی خۆمان، كەس نایەت ئەو ئیشە بكات. یانی خەڵكی خۆمان بەپیر ئیشەكانەوە ناڕۆن. ئەمە هەڵمەتێكی هەمەلایەنەی دەوێ، هاوكاریی هەموو لایەكی دەوێ. بەڵام هیوادارم جەنابیشت وەكوو هاووڵاتییەكی وریا رۆڵی خۆت ببینیت و بێیت ئەم كارانە بكەیت، ئێمەش بۆ ئەم شتانە چاوەڕێ لە گەنجی خۆمان دەكەین كە خۆیان ببن بە سەركردەی ئاییندەی وڵاتەكەی خۆیان.
پرسیاری خاتوو نیگار لە دەربەندیخان: سڵاو سەرۆکوەزیران، خۆشحاڵم بە هاتنت، ئێمە كێشەی تەندروستییمان هەیە، لە دوای بوومەلەرزەكەی ساڵی 2017ەوە هۆڵی نەشتەرگەری و شوێنی مانەوەی پزیشكەكان تێك چوون و تا ئێستا نۆژەن نەكراونەتەوە، هاووڵاتیانی ئەو قەزایە كە نەخۆش دەكەون، سەردانی شارەكانی تر دەكەن. داواكارین كاری جددی بكرێ، هۆڵی نەشتەرگەری و شوێنی مانەوەی پزیشكەكان نۆژەن بكرێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانن بێنە شارەكە، زۆر سوپاس.
سەرۆکوەزیران: زۆر سوپاس، ئینشائەڵا هەوڵ دەدەین بەسەرچاو.
پرسیاری پرووشە ئومێد: بەخێر بێی، گەورەت كردین، ڕۆڵی خوێندن چییە لە كوردستان بەبێ بوونی دامەزراندن؟
سەرۆکوەزیران: بابەتی خوێندن گرنگە... چۆن؟ بۆ نموونە جەنابت دەڵێی دامەزراندن نەبێ خوێندن بۆ هەبێت، بەڵام من نامەوێ خوێندن و دامەزراندن بەیەكەوە ببەسترێتەوە. دامەزراندن بۆ لایەنێكی فەرمیی میری، ژمارەیەكی دیاریكراو هەیە كە دەبێ ئەم ژمارەیە خزمەتكار بێ، كار بكات و فەرمانبەر بێ و ئیشوكاری خەڵك رابپەڕێنێت، بەڵام ئایا حكوومەتی هەرێم بایی ئەوەندە وەزیفە و كاری هەیە كە بتوانێ هەموو هاووڵاتییەك دابمەزرێنێت؟ بێگومان نیەتی. كەواتە دەبێ هەلی كار دروست بكرێ، دەبێ كەرتی تایبەت پەرەی پێ بدرێ، دەبێ بووژانەوەی ئابووری لە هەموو سێكتەرەكانی تردا گرنگیی پێ بدرێت، بۆ ئەوەی هاووڵاتی بتوانێت خوێندن و زانستەكەی بەكار بێنێ تاكوو لەم سێكتەرانە بتوانێ زیاتر سوودی لێ وەربگرێت. ئەو وەختە حكوومەتیش ئەگەر پێویستیی بە وەرگرتنی هاووڵاتییەك هەبوو، با حكوومەت بێ بەدوای هاووڵاتیدا بگەڕێ، نەك هاووڵاتی ڕیز بگرێ تاكوو لای حكوومەت دابمەزرێت، دەبێ تەواو پرۆسەكە پێچەوانە بكرێتەوە، ئەوەندە هەلی كار لە هەرێمی كوردستان زیاد بكرێت كە هاووڵاتی ئەو وەختە خاوەن بڕیار بێت بەوەی ئەو پرسیارە لە خۆی بكات، ئایا من دەمەوێ لە دەزگایەكی میری دابمەزرێم یانیش دەمەوێ لە كەرتی تایبەت ئیش بكەم؟ خوێندن دەتوانێ یارمەتیمان بدات بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین بگەینە ئەو ئاستە.
پرسیاری حەسەن بەهجەت قادر: من وەكوو كەسوكاری ئەنفالكراوەكان قسە دەكەم، لە گەرمیانەوە هاتووم، خاوەن 10 خوشك و برای ئەنفالم، خۆم هەڵاتووی زیندانی دووزخورماتووم كە لە كاتی ئەنفالدا شكا، منیش دەرچووم. ساڵانە ئێمە سەردانی گۆڕەبەكۆمەڵەكان و سەردانی نوگرەسەلمان دەكەین، ئایا ئەو گۆڕە بەكۆمەڵانە كە خەریكە واریسەكانی كۆتاییان دێت، كەی هەڵدەدرێتەوە و كێ بەربەستە لەبەردەمیان كە هەڵنادرێتەوە و روفاتەكان ناهێندرێنەوە؟ ئایا سەركردەیەكی باڵای ئەم حكوومەتەی خۆمان بۆ پێشمان ناكەوێ سەردانی گۆڕە بەكۆمەڵەكان بكات لەگەڵ ئێمە؟ ئێمە زۆر بە زەعیفی دەڕۆین، مەگەر ئۆتۆمبێلێكی جەیشی عەرەب بێتە بەردەممان و بمانبات. ئێمە ئەگەر بە 20 ئۆتۆمبێل دەڕۆین، با بە 200 ئۆتۆمبێل بڕۆین تا فشارێكی قورس بخەینە سەر حكوومەتی عێراق تا ئەو رووفاتانەمان بۆ بنێرێتەوە. ئایا ئەگەر لەگەڵ ئێمەدا بێن و ڕۆژێك لەگەڵمان بێن و شەوێك بمێننەوە، پێی گەورە دەبن یان بچووك دەبن؟
سەرۆکوەزیران: من نازانم هەموویان لە كوێن، ئەوەی بزانین زۆر لە روفاتی ئەنفالەكان لە هەندێك شوێن دۆزراونەتەوە، بەڵام زۆریشیان نەدۆزراونەتەوە. من خۆشم، مام و ئامۆزام و ئەوانەم ئەنفال كراون. ئنجا ئەوەی من بیستم زۆر لەو كەسانەی كە ڕێگە نەدەدران بێنەوە، بە حیساب گوتیان دەبێت فەحسی دی ئێن ئەیان بۆ بكرێ، بەڵام بەڕاستی ووەگەر فەحسی دی ئێن ئەی بۆ هەموو كەسێك بكرێ پرۆسەیەكی زەحمەتە، چونكە لەوانەیە هەندێك بدۆزرێنەوە و هەندێك نەدۆزرێنەوە. شەهید شەهیدە، ئیتر ئەمە ئامۆزایە، ئەمە مامە، ئەمە باوكە، ئەمە برایە، ئەمە خزمە، فەرقی چیە؟ شەهید شەهیدە. لە هەر گۆڕێك بچیتە سەری، من وادەزانم ئەمە ماممە یان ئامۆزامە، نازانم كامەیان كامەیە، نەدەبوایە ئەمە بكرێ بە مەرج كە دەبێ ئیلا دی ئێن ئەی بكرێت تاوەكوو یەكێك بێتەوە، چونكە لەوانەیە كۆمەڵێك بدۆزرێنەوە؟ ئەی ئەوانەی كە نادۆزرێنەوە چی؟ ئایا هەتاهەتایە بەو حەسرەتەوە بمێننەوە؟ ئنجا بە هەرحاڵ من لەگەڵ ئێوەم، چیمان پێ بكرێ بۆ گەڕاندنەوەیان دەبێ بیكەین؟ من نازانم ئایە شتێك هەیە لەسەر هەرێم بێت و نەیكردبێت؟ باوەڕ ناكەم، چونكە هەرچی لە حكوومەتی هەرێم داوا كرابێت بۆ ئەو كارە، لە ئاسانكاری و سەردان و پشتیوانی و دابینكردنی یارمەتی، كردوومانە و لەوەش بەردەوام دەبین. دوایی شوێنەكانمان پێ بڵێن بەسەرچاو من بە وەزارەت دەڵێم بۆ ئەوەی بەدواداچوونی بۆ بكەن.