ساڵانە دەیان هەزار کۆچبەر بەڕێگەی نایاسای بۆ ئەورووپا دەچن

ساڵانە دەیان هەزار کۆچبەری نایاسایی بە رێگەی قاچاخ و مەترسیدار بەرەو وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا دەچن، بەڵام ئەو وڵاتانە لە دیدگەی هاووڵاتییانیان بە چەندین قەیران و کێشەدا تێدەپەڕن و یەكێک لەو کێشانە، هاتنی کۆچبەری نایاساییە. بەشێکی هاووڵاتییانیش دەڵێن کەرتی تەندروستی و ئابووریی یەکێتیی ئەورووپا خراپتر بووە.
ساڵانە سەدان هەزار کەس لە وڵاتە هەژار و ناسەقامگیرەکان هەوڵدەدەن بگەن بە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا، لە کاتێکدا هاووڵاتییانی یەکێتییەکە پێیان وایە وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا لە قەیراندایە و یەکێک لە گەورەترین قەیرانەکان هاتنی کۆچبەری نایاساییە.
بەگوێرەی ڕاپرسییەکی دامەزراوەی بی ڤی ئەی فاملی، لە %71ـی بەشداربووانی ڕاپرسییەکە لەو بڕوایەدان وڵاتانییان زیاتر لە پێویست کۆچبەر وەردەگرێت.
لە %85ـی بەشداربووان دەڵێن پێویستی یەکێتیی ئەورووپا کاری زیاتر بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی بکات، تەنیا لە %39ـیان لەو بڕوایەدان ئەورووپا پێویستی بە کۆچبەرە.
ڕاپرسییەکە دەری دەخات لە %74ـی هاووڵاتییانی بوڵگاریا، لە %73 هاووڵاتییانی چێک، لە %68ـی هاووڵاتییانی هەریەکە لە هەنگاریا و قوبرس هاتنی کۆچبەران بە کێشە دادەنێن، بەڵام ئیتاڵیا کە یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین کۆچبەر بۆی دەچن، تەنیا لە %44ـی بەشداربووانی ڕاپرسییەکە لەو وڵاتە کۆچبەر بە کێشە دادەنێن، هەروەها یۆنان و ئیسپانیا کە لە پلەی دووەم و سێیەم دێن لەڕووی هاتنی کۆچبەری نایاسایی، تەنیا لە %11ـی بەشداربووانی ڕاپرسییەکە لە هەریەکە لەو دوو وڵاتە هاتنی کۆچبەران بە کێشە ناو دەبەن.
لەدوای کێشەی کۆچبەران، تەندروستی لەلای %41ـی بەشداربووانی ڕاپرسییەکەی بە کێشەی سەرەکیی دادەنرێت، %38ـی بەشداربووان جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیایان وەک کێشەی سەرەکی دەستنیشان کردووە، هەروەها %24ـی هاووڵاتییان پیسبوونی ژینگە و هەڵاوسان بە کێشەی سەرەکی دادەنێن.
لەڕووی ئابوورییەوە ڕاپرسییەکەی دەریدەخات لە %73ـی هاووڵاتییان ئەرێنین لەبارەی ئایندەی خۆیان، بەڵام لە %57ـی بەشداربووان لەو بڕوایەدان دۆخی ئابووری لە یەکێتیی ئەورووپا خراپتر بووە.
لەڕووی ئەمنییەوە لە% 62ـی خەڵکی ئەورووپا ترسیان لەوە هەیە جەنگ لەگەڵ ڕووسیا هەڵگیرسێت.