گوهدار شێخۆ: لە هاندان و پاڵپشتیی گەنجان بەردەوامین

گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ
گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕایگەیاند، %95ـی ئەو کارانەی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کراون، گەنجی زاخۆ کردوویانە.

ئەمڕۆ شەممە، 13ـی تەمموزی 2024، گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، یەکێک لە بەرنامەکانی سەرۆکوەزیران بایەخدانە بە توانای گەنجانی کوردستان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بایەخێکی زۆری داوە بە تواناکانی گەنجان، ئامادەکردنی ئەو جۆرە کۆنفرانسانە لەلایەن دەستپێشخەری و پەیوەندییەکان و کۆکردنەوە و هاندانی ئەو گەنجانە، دەرفەتێکە بۆ گەنجەکان تاکو توانای خۆیان پیشان بدەن، تاکو بتوانێت لە ئایندەدا خزمەتی وڵاتی خۆی و ئەو توانایەی هەیەتی بتوانێت کارێک بۆ خۆی پەیدا بکات.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ دەڵێت "%95ـی ئەو کارانەی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کراوە  گەنجی زاخۆ خۆیان کردوویانە، ئەوانەی کە کاربەدەستی حکوومەت بوون یاخود لە کەرتی تایبەتن پرۆژە جێبەجێ دەکەن. هەموو ئەو کارانەی لە زاخۆ دەکرێت ئەوەمان نیشان دەدات، کە گەنجی ئێمە خاوەن توانان؛ لە گەنجێکی دیکەی جیهان کەمترنین و دەتوانن وڵاتی خۆیان ئاوەدان بکەن".

دەشڵێت: "هەموو دیزاینەکانی زاخۆ هی دەستی گەنجانی زاخۆیە، بۆیە ئێمە وەکو ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ هەوڵمان داوە سوود لە توانای گەنجانی ناوخۆ وەربگرین. هەروەها زۆرجار ئێمە کۆنفرانس و کۆبوونەوە دەکەین هانی ئەو گەنجانە دەدەین بۆ ئەوەی کاری ناوازە بکەن و توانای خۆیان دەرخەن، تاکو ئەوەی هەیانە پێشکەشی زاخۆی بکەن. وەک خۆمان بایەخێکی زۆرمان داوە بە گەنجان و شانازیی بە گەنجانی زاخۆ دەکەین، چونکە جێ پەنجەیان دیارە لەناو کۆمەڵگا و ئاوەدانی زاخۆ".

"ئێمە بەردەوامین لە هاندان و پاڵپشتییان، چونکە ئەوە بڕیاری سەرۆکوەزیرانە و بۆ ئەوەی بتوانین سوود لە توانای گەنجانی خۆمان وەربگرین". گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ وا دەڵێت.

بە چاودێریی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی کونسوڵی وڵاتان و بەرپرسانی حکوومەتیی لە هەرێمی کوردستان و قەتەر و بە سپۆنسەری مێدیایی کوردستان24؛ ڕێوڕەسمی دەرچوونی چوار هەزار و 200 گەنج لە "خولی یەکەمی ڕاهێنانی گەنجان" بەڕێوە دەچێت. 

خولەکە، لەلایەن نووسینگەی دەستپێشخەری و پەیوەندییەکان لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کراوە و لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا ڕ‌اهێنان بە چوار هەزار و 200 گەنجی شارەکانی هەرێمی کوردستان و تاراوگە کراوە. ئامانج لە خولەکە، پەروەردەکردنی گەنجان و بەهێزکردنی هەستە نەتەوایەتییەکەیانە.

هەر لە ڕێوڕەسمەکەدا، یاداشتێکی لێکگەیشتن لە نێوان نووسینگەی دەستپێشخەری و پەیوەندییەکان و "قەتەر فاوەندەیشن" بۆ پەرپێدان بە تواناکانی گەنجانی هەرێمی کوردستان و پشتیوانیی قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگەکان و چەندین پرۆژەی هاوبەشی دیکە ئیمزا دەکرێت. 

ئەمە لە کاتێکدایە ساڵی ڕابردوو، سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی، بیرۆكەی ڕاهێنان بە گەنجانی ناوخۆ و تاراوگەی داوەتە ئۆفیسی دەستپێشخەری و پەیوەندییەکان، بە مەبەستی نیشتمانسازی و پێشخستنی هەستی نەتەوەیی و ئەم خولە بەردەوامی دەبێت.