ئەحمەد کەنعان کیکی: لە نەینەوا بەردەوام دژایەتی پارتی و پێکهاتەکان دەکرێت

ئەحمەد کەنعان کیکی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا
ئەحمەد کەنعان کیکی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا

K24 – هەولێر:

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، دەڵێت: هاوسەنگی سیاسی لەنێوان لایەنەکان لە نەینەوا تێکچووە و بەردەوام دژایەتی پارتی و پێکهاتەکان دەکرێت.

ئەحمەد کەنعان کیکی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لایەنە سیاسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ڕێککەوتبوون کە بە هاوبەشی پۆستەکان لە پارێزگای نەینەوا دابەش بکرێن، بەڵام دواتر بڕیارەکانی کوتلەیەک دژی ڕێککەوتنەکان بوو.

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، دەڵێت: هاوسەنگی سیاسی لەنێوان لایەنەکان تێکچووە، بەهۆی بڕیارە نایاسایی و نادەستوورییەکانی دانیشتنەکەی 2ـی تەمموزی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا.

جەختی لەوە کردەوە، لایەنەکانی پارێزگای نەینەوا دەیانەوێت بە شێوەیەکی نایاسایی و تاک لایەنانە پۆستەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان یەکلایی بکەنەوە، هاوکات هەمیشە حەز دەکەن دژی پارتی و پێکهاتەکان بن.

ئەحمەد کەنعان کیکی، گوتی: پارتی بە تەنیا لە نەینەوا داکۆکی لە کورد ناکات بەڵکو داکۆکی لە سەرجەم پێکهاتەکان دەکات و بۆیە حزبەکە لەوێدا سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکانی لەخۆ گرتووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە خالد جبووری، ئەندامی ئەنجوومەنی هۆزەکانی باشووری مووسڵ ڕایگەیاند، ناكۆكی و ململانێ سیاسییەكانی ئێستە باجەكەی ھاووڵاتییان دەیدەن و ڕووداوەكانی ساڵی 2014 بیر خەڵکی دەهێنێتەوە، كە بەھۆیانەوە تیرۆر باڵی بەسەر ناوچەكەدا كێشا و وێرانكاری و كاولكارییەكی گەورە لە مووسڵ كەوتەوە.

دەشڵێت: بۆ ڕێگەگرتن لە پێشھاتێكی ھاوشێوەی ساڵی 2014 پێویستە لایەنە سیاسییەكان بە لێكتێگەیشتن و شەراكەت لەنێوخۆیاندا ڕێكبكەون.

رۆژی سێشەممەی ڕابردوو، تەنگژەیەكی نوێ لە پارێزگای نەینەوا سەری هەڵدا، دوای ئەوەی كوتلەی نەینەوای موستەقبەل كە لە كۆی 29 كورسی، 16 كورسی ئەنجوومەنی پارێزگای هێناوە، لە كۆی 31 بەڕێوەبەری یەكە ئیدارییەكان، 20 بەڕێوەبەری لە كار لادا. ئەمەش كاردانەوە و ناڕەزایەتی پارتی و كوتلەكانی دیكەی لێكەوتەوە، كە 13 كورسیی ئەنجوومەنی پارێزگایان هەیە، ھاوكات لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵەوە، تەواوی ئەو بڕیارانەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ڕەت كرانەوە و بە نادەستووریی و نایاسایی لەقەڵەم دران.