دۆخی کەشوهەوای دوو ئەستێرۆکەی نزیک لە زەوی دیاری دەکرێت

ڕاپۆرتێکی وێنەیی کەشوهەوا پیشانی دەدات کە ئاوهەوای دوو ئەستێرۆکەی قاوەیی یەکجار گەرمە، تێکەڵەیەکی کیمیایی ژەهراوی لەناو بەرگە هەواکەیاندا هەیە وەک گەردەلوولێکی بیبانی دەردەکەوێت.
قەبارەی ئەستێرۆکە قاوەییەکان لە هەسارە گەورەتر و لە ئەستێرە بچووکترن.
توێژەران تێبینییەکانی تەلەسکۆپی بۆشایی ئاسمانی جەیمس وێبیان بەکار هێنا بۆ پشکنینی ورد لەسەر بارودۆخی بەرگەهەوای سەر ئەستێرۆکە قاوەییەکان، بە تایبەتی ئەو دووانەی کە نزیکەی 6 ساڵی ڕووناکی لە زەویەوە بە دەوری یەکتردا دەسوڕێنەوە و بەپێی پێوەرەکانی گەردوونی زۆر لە ئێمەوە نزیکن.
داتاکانی وێب ڕوانگەیەکی سێ ڕەهەندییان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا دابین کرد، کاتێک ئەستێرۆکە قاوەییەکان خولێکی تەواو بە دەوری خۆیدا دەسوڕێتەوە، خولانەوەی ئەستێرۆکە گەورەکەیان حەوت کاتژمێری دەخایەتنێت و بچووکترەکەش پێنج کاتژمێر.
هەردووکیان بەرگەهەوایەکیان هەیە کە زیاتر هایدرۆجین و هیلیۆم پێک هاتووە لەگەڵ بڕێکی کەم لە هەڵمی ئاو و میتانی و یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن. پلەی گەرمی لە لووتکەی هەورەکاندا نزیکەی 1700 پلەی فەهرەنهایت 925 پلەی سەدی بووە، کە یەکسانە بە پلەی گەرمی بڵێسەی مۆمێک.
بێس بیلەر، زانای فەلەکناسی لە پەیمانگای فەلەکناسی زانکۆی ئەدینبۆرگ و نووسەری سەرەکی توێژینەوەکە لە گۆڤارێکی زانستی، ئاماژەی بەوە کردووە، ئەستێرۆکە بەهۆی گەرمییەکی زۆرەوە ڕووناکی لێیەوە دەردەچێت، وەک ڕەنگی سووریش دەدرەوشێتەوە، ئەمە ئەو ڕووناکییە بوو توێژەران لە ڕێگەی وێبەوە چاودێرییان کرد. بە پێچەوانەی ئەستێرەکانەوە، هەروەها ئەستێرۆکە قاوەییەکان هیچ تێکەڵکێشێکی ئەتۆمی نییە.
ئەو دوو ئەستێرە قاوەییەی کە وێب پشکنینی بۆ کردوون، نزیکەی 500 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر دروست بوون. یەکێکیان 35 هێندەی موشتەری و ئەوی دیکەشیان 30 هێندەی موشتەری گەورەترە. هەروەها زانایان لە ڕێگەی وێبەوە بۆیان دەرکەوتووە چۆن ڕووناکیەکەی دەگۆڕێت لەگەڵ خولانەوەی تایبەتمەندییە جیاوازەکانی بەرگەهەوا لە ناوەوە و دەرەوەیدا.