سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە سێ یەکەمەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی دەکات

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

K24 – هەولێر:

لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەنجامی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بۆ ساڵی خوێندنی 2023-2024، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامی پیرۆزبایی ئاراستەی قوتابییە یەکەمەکانی و بنەماڵە و مامۆستایانیان دەکات.

ڕۆژی (19ـی تەمموزی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەپکەگوڵ و پەیامی پیرۆزبایی گەیاندە هەموو قوتابییە یەکەمەکانی پۆلی 12 بۆ ساڵی خوێندنی 2023-2024.

لە پەیامەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانیدا بۆ هەر یەکێک لە قوتابییە یەکەمەکاندا هاتووە: قوتابی خۆشەویست؛ بەبۆنەی سەرکەوتنت لە خوێندنی پۆلی 12ـی ئامادەیی، گەرمترین پیرۆزباییت لێدەکەم و لە ڕێگەی بەڕێزیشتەوە سوپاس و پێزانینم بۆ خانەوادە و مامۆستا خۆڕاگرەکانت هەیە و ماندووبوون و دڵسۆزییان بەرز دەنرخێنم".

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ قوتابییە یەکەمەکانی نووسیوە: بەهیوام لە قۆناگەکانی ئاییندەی ژیانتان سەرکەوتووتر بن بۆ خزمەتی کوردستان.

ئەمەش دوای ئەوە هات، وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجامی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بۆ ساڵی خوێندنی 2023-2024 لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.

لێژنەی باڵای تاقیکردنەوەکان لە وەزارەتی پەروەردە لە ڕێگەی ماڵپەری ئەزموونەکانەوە، بەشێوەی ئەلیکترۆنی ئەنجامی 122 هەزار و 15 قوتابی لقەکانی زانستی، وێژەیی و پیشەیی پۆلی 12ـی لە هەر هەشت پارێزگا و ئیدارەی سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.