بانکی ناوەندیی ڕووسیا ڕێژەی سوودی بانکی بۆ لە سەدا 18 بەرز کردەوە

لە زۆری سوودی بانکی، ڕووسیا پێش مۆزەمبیق و زامبیا کەوتەوە

باڵەخانەی بانکی ناوەندیی ڕووسیا
باڵەخانەی بانکی ناوەندیی ڕووسیا

K24 – مۆسکۆ:

سەرۆکی بانکی ناوەندیی ڕووسیا ڕایگەیاند: ڕێژەی سوودی بانکییان لە 16%ـەوە بۆ 18% بەرز کردووەتەوە. هاوکات گوتی: تا ئەو کاتەی پێویست بێت، رێژەی سوودی بانکی بە بەرزی دەهێڵینەوە.

ئەمڕۆ 26ـی تەمموزی 2024، ئیلڤایرا نایبیولینا، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ڕووسیا گوتی: سوودی بانکییان بە ڕێژەی 2% بەرز کردووەتەوە، واتا ڕێژەکە لە 16%ـەوە کراوەتەوە 18%.

نایبیولینا ڕایگەیاند: بەشێوەیەکی بەرچاو خواست لەسەر قەرزەکان زیادبووە، ئەمەش پێچەوانەی پێشبینییەکانی بانکی ناوەندیی ڕووسیا بووە. ئاماژەی بەوەشکرد، توندکردنەوەی سیاسەتی دراوی ڕێگری دەکات لە پاشەکشەی ئابووری.

سەرۆکی بانکی ناوەندیی ڕووسیا، ئەوەش خستەڕوو، "تا ئەو کاتەی پێویست بێت، ڕێژەی سوودی بانکی بە بەرزی دەهێڵنەوە، هەروەها ئەگەر پێویستیش بوو ڕێژەکە زیاتر بەرز دەکەنەوە."

ئەمە یەکەم بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوودی بانکە لەدوای کانوونی دووەمی 2023ـەوە، دواتر بانکی ناوەندیی ڕێژەکەی 15% بۆ 16% بەرزکردەوە و بۆ ماوەی حەوت مانگ لەو ئاستەدا جێگیر بوو.

بانکی ناوەندیی ڕووسیا لە دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی سەربازی لە ئۆکراینادا، بە چەند قۆناغێک ڕێژەی سوودی بانکی بەرز و نزم کردووەتەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی سەربازی ڕووسیا لە ئۆکراینادا، ڕێژەی سوودی بانکی لە 7.50% بوو، بەڵام ڕۆژی 28ـی شوباتی 2022 دەستەی بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیی ڕووسیا رێژەی سوودی بانکی بۆ 20% بەرز کردەوە.

-ڕۆژی 24ـی تەمموزی 2023 بانکی ناوەندیی ڕووسیا ڕێژەی سوودی بانکی لە 20% ەوە بۆ 8% کەم کردەوە.

-ڕۆژی 15ـی ئابی 2023 ڕێژەی سوودی بانکی لە 8.50%ـەوە بۆ 12% بەرز کردەوە.

-ڕۆژی 18ـی ئەیلوولی 2023 ڕێژەی سوودی بانکی لە 12%ـەوە بۆ 13% بەرز کردەوە.

-ڕۆژی 30ـی ئۆکتۆبەری 2023 ڕێژەی سوودی بانکی لە 13%ـەوە بۆ 15% بەرز کردەوە.

-ڕۆژی 18ـی کانوونی دووەمی 2023 رێژەی سودی بانکی لە 15%ـەوە بۆ 16% بەرز کردەوە.

-بەهۆی ناسەقامگیری ڕەوشی ئابووری ڕووسیا، دوای حەوت مانگ، ئەمرۆ 26ـی تەمموزی 2024، دەستەی بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیی ڕووسیا بە ڕێژەی لە 2%، ڕێژەی سوودی بانکی لە 16%ـەوە بۆ 18% زیاد کرد.

بانکی ناوەندیی ڕووسیا بەم کارەی، وڵاکەی لە ڕێژەی سوودی بانکی، پێش هەر یەک لە وڵاتانی مۆزەمبیق و زامبیا خستەوە.

ڕیزبەندیی وڵاتان بەپێی رێژەی سودی بانکی:

1- تورکیا (50%)

2- ئەرجەنتین(40%)

3- غانا (29%)

4- میسر(27.25%)

5- نەیجیریا(26.75%)

6- مالاوی (26%)

7- زیمبابۆ(20%)

8- ئەنگۆلا(19.50%)

9- ڕووسیا(18%)

10- مۆزەمبیق(15%)

11- زامبیا (13.50%)