هێشتا هاوین تەواو نەبووە ئاوارەکانی باکووری ڕۆژئاوای سووریا خەمی زستانیان لێ نیشتووە

لەگەڵ کەمبوونەوەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان، ژیان و گوزەرانی ئاوارەکانی نیشتەجێی کەمپەکانی باکووری ڕۆژئاوای سووریا پەرێشان بووە و ئاوارەکان چەندین ساڵە بە دیار چارەنووسێکی نادیار بە کولە مەرگی دەژین.

ئەم هاوینە ژیانی ئاوارەکان لە کەمپەکان بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو خراپترە و بەبێ ئاو و کارەبا لە نێو خێمەیەکی هەڵدڕاو لە ژێر پلەیەکی بەرزی گەرما، ڕۆژانە بەڕێ دەکەن.

تاوەکوو ئێستا ئەگەر خەمی نانی ڕۆژانە بیر و هزری ئاوارەکانی گرت بێت، ئێستا کۆنی و دڕاوی خێمەکانیشی هاتووەتە سەر و لە ئێستاوە ترسی سەرماو سۆڵەی زستانیان لێ نیشتووە.

یەکێک لە ئاوارەکان بە ناوی محەممەد یوسف دەڵێت" پێنج ساڵە لەم خێمانەدا دەژین، بە هۆی کۆنییەوە هەموو ساڵێک پینە و پەڕۆی دەکەینەوە، بەڵام ئەم ساڵ هێندە کۆن بوون، ناتوانن بەرگەی سەرما بگرین ".

محەممەد ئەکرەم ئاوارەیەکی دیکەیە و دەڵێ " بەهۆی کۆنی و دڕاوییەوە ژیان لە نێو خێمەکاندا سەخت بووە، دۆخەکە سەخت بووە و بە هاوتنی زستانیش خراپتر دەبێت، ئەمە جیا لەوەی بەهۆی ئەم گەرمایەی هەیە بەشێکی زۆری هاووڵاتییان نەخۆش کەوتوون".

ئاوارەکانی نیشتەجێی کەمپەکان لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا داوای بە هاناوەچوون لە ڕێکخراوە مرۆییەکان دەکەن، ئەگەر پێشتر داواکارییەکان خۆراک و دەرمان بوو، ئێستا داواکاریی سەرەکیان بووەتە پێدان و گۆڕینی خێمەکان.

غەیاس عەلی ئاوارە دەڵێ  "ژیان لەم خێمە کۆنانە، کاریگەرییەکی نەرێنی و خراپی لەسەر هەست و دروونی منداڵەکانمان دروستکردووە، هەموویان نەخۆشکەوتوون، هەربۆیە داواکارین یان بمانگوازنەوە نێو خانوو یان خێمەکانمان بۆ بگۆڕن".

بە گوێرەی ڕاپۆرتی تیمی هەماهەنگییەکانی وەڵامدانەوەی خێرا لە سووریا، کۆی ئەو خێزانە هەژارانەی لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا دەژین %91ی دانیشتووانی ناوچەکەن %41ی خەڵکی ئاوارەی نیشتەجێی کەمپەکانن پێکدەهێنن، کە بەهۆی شەڕی ناوخۆییەوە لە ناوچەکانیان ئاوارە بوون.