بەریتانیا هۆشداریی دەداتە ئێران
دەیڤد لامی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا هۆشداریی دەداتە ئێران و بە تەلەفۆن پێیان ڕادەگەیەنێت، هەر کردە و هێرشێکی تۆڵە سەندنەوە لێکەوتەی وێرانکەری لێ دەکەوێتەوە.
لامی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، کە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا قسەی لەگەڵ عەلی باقری کەنی، سەرپەشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کردووە بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران دانبەخۆیدا بگرێت و بۆ تۆڵەسەندنەوە بەرانبەر بە ئیسرائیل کارێكی هەڵەشە نەکات.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی "زیادبوونی ئاڵۆزییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرژەوەندی کەس نییە، هەر بۆیە لەگەڵ عەلی باقری کەنی، سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران قسەم کرد و هۆشداریم پێدا، هەر هێرشێکی ئێران دەرئەنجامی وێرانکەری بۆ ناوچەکە دەبێت".
هەروەها ئاماژەی داوە، پێویستە ئێران و هەموو لایەنەکان هەرچی زووە و دەستبەجێ گرژییەکان هێور بکەنەوە.
Further escalation in the Middle East is in no one’s interests. I spoke to Iran's acting Foreign Minister, Ali Bagheri Kani, and cautioned that any Iranian attack would have devastating consequences for the region. Iran and all parties must urgently and immediately de-escalate. pic.twitter.com/Bds2Oru5jT
— David Lammy (@DavidLammy) August 6, 2024
پەیامەکەی دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە کاتیكدایە، ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمەریکا بڵاوی کردووەتەوە، بەرپرسانی ئەمەریکی ڕاستەوخۆ ئێران و ئیسرائیلیان ئاگادارکردووەتەوە دۆخی ناوچەکە لەوەی هەیە زیاتر ئاڵۆز نەکەن، هەربۆیە ئەگەر هەیە ئێران لە هەوڵی تۆڵەسەندنەوە و هێرشکردنە سەر ئیسرائیل پاشگەز ببێتەوە.
چوارشەممەی ڕابردوو، دوای کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە شوێنی حەوانەیدا لە ناوجەرگەی تاران، کۆماری ئیسلامی ئێران بە فەرمانی ڕێبەری باڵای وڵاتەکە بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەی کرد و ڕایگەیاند، دەبێت گورزێکی کاریگەر بە مەبەستی تەنبێکردن لە ئیسرائیل بوەشێنن.