نەهرۆ ڕواندزی: تاوەکو ئێستا لەسەر ڕەشنووسی یاسای نەوت و گاز ڕێک نەکەوتووین
یەکێک لە مەرجەکانی پێکهێنانی حکوومەتەکەی محەممەد شیyاع سوودانی، دەرکردنی یاسای نەوت و گاز بوو، هەر لەسەرەتاوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەند لیژنەیان پێک هێنا و هەوڵی ئەوەیان دا ئەو ڕەشنووسەی هەیە جارێکی دیکە هەمواری بکەنەوە.
لەو بارەوە نەهرۆ ڕواندزی، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، تاوەکو ئێستا ئێمە وەکو لایەنی کورد و سوننە و شیعە، لەسەر ئەو ڕەشنووسە نەگەیشتووینەتە ئەنجامێک و بۆ ئەوەی لە ئەنجوومەنی وەزیران بخرێتە دەنگدان و دواتر بێتە ناو هۆڵی پەرلەمانی عێراق.
گوتیشی: ڕاستە سوودانی داوای کردووە لەماوەی ساڵێک دەبێت ئەو کارە ئەنجام بدرێت، هەروەها لیژنەش لەسەری پێک هێنراوە، هەرێمی کوردستان بەفەرمی نووسراوی خۆی پێشکەش کردووە، چاوەڕوانی لایەنەکانی دیکە دەکەین ئایا دەگەینە ئەنجام یاخود نا، بۆ ئەوەی بێتە ناو هۆڵی پەرلەمان.
نەهرۆ ڕواندزی باسی لەوەش کرد، ئەبوایە لەماوەی ساڵێک ئەو ڕەشنوسەی نەوت و گاز بهاتبووایە ناو پەرلەمان و دەنگی لەسەر درابایە، بەڵام تا ئێستا نەهاتووە و چاوەڕوانیش ناکەین ئەو خولە بێتە ناو هۆڵی پەرلەمان، لەبەر ئەوە لەناو شیعەکان کێشەی زۆر لەسەرە، کە ئەو پارێزگایانەی نەوتیان هەیە و ئەوانەی نەوتیان نییە، چۆن ماف و ئیمتیازات دابەش دەکەن لە هەرێمی کوردستان و ناوچە سوننیەکان.
ڕواندزی گوتیشی: هەدێک بیرۆکە لەبەردەستی محەممەد شییاع سوودانییە بۆ ئەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئەگەر هەناردەش نەکرێت بەشێوازێکی دیکە سوودی لێ وەربگیرێت، چونکە دەبێت ئێمە یەکەم جار لەسەر تێچووی دەرهێنانی نەوت پێک بێین، دواتر هەناردەکردن یان بەکارهێنانی نەوت لەناوخۆ ئەوە بابەتێکی دیکە دەبێت.