کۆشکی سپی: نازانین وەڵامی ئێران کەی و چۆن دەبێت

باڵەخانەی کۆشکی سپی | وێنە: AP
باڵەخانەی کۆشکی سپی | وێنە: AP

K24 – هەولێر:

کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە، سەرقاڵی پەیوەندیی دیپلۆماسیی بەرفراوانن بۆ ڕێگریی لە پەرەسەندنی زیاتری ناوچەکە.

چوارشەممە 7ـی ئابی 2024، کۆشکی سپی، لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا: پێویستە ئیسرائیل و حەماس بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن ئەو بۆشاییانەی ماوەنەتەوە، پڕیان بکەنەوە.

کۆشکی سپی ئەوەی دووپات کردەوە، کە دەبێت یەحیا سینوار، ڕێککەوتنی ئاگربەست قبووڵ بکات. جەختی لەوەش کردەوە، سەرقاڵی پەیوەندیی دیپلۆماسیی بەرفراوانن بۆ ڕێگریی لە پەرەسەندنی زیاتری ناوچەکە.

هاوکات گوتیشی: نازانین وەڵامی ئێران کەی و چۆن دەبێت.

هەر ئەمڕۆ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕیگەیاند: یەحیا سینوار، سەرۆکی نوێی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس، دەبێت لەگەڵ ئیسرائیل بڕیار لەسەر ئاگربەستی کەرتی غەززە بدات.

بلینکن ئاماژەی بەوەش کرد، سینوار بڕیاردەری سەرەکی بوو بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە، دوای ئەوەی حەماس ئەوی وەک سەرکردە دەستنیشان کرد، هەروەها سینوار یەکێکە لە داواکراوەکانی ئیسرائیل.

بلینکن داوای لە ئێران و ئیسرائیل کردبوو کە پەرە بە ململانێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەدەن. هەروەها گوتبووشی :نابێت هیچ کەسێک پەرە بەم ململانێیە بدات، ئێمە سەرقاڵی هەوڵی دیپلۆماسیی چڕین لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشەکان، بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ ئەم پەیامە بگەیەنین بە ئێران هەروەک چۆن بە ئیسرائیل گەیەندراوە.