ده‌یڤد شێنكه‌ر: ئه‌مه‌ریكا هه‌رێمی كوردستان وه‌كوو دۆستێكی ده‌گمه‌ن ده‌بینێت

ده‌یڤد شێنكه‌ر
ده‌یڤد شێنكه‌ر

یاریده‌ده‌ری پێشووتری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌، ده‌رخه‌ری په‌یوه‌ندییه‌كی دروسته‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان.

ده‌یڤد شێنكه‌ر، یاریده‌ده‌ری پێشووتری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، تایبه‌ت به‌ كوردستان24 گوتی: پێدانی چه‌كی ئه‌مه‌ریكی به‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ گرژییه‌كانی ناوچه‌كه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكوو له‌ چوارچێوه‌ی ڕۆتینی په‌یوه‌ندییه‌كاندایه‌ به‌تایبه‌تی ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كانی ڕووبه‌ڕووی هه‌رێمی كوردستان ده‌بنه‌وه‌.

ده‌یڤد شێنكه‌ر ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، هاوكاریكردنی پێشمه‌رگه‌ بریتییه‌ له‌ هاوكاریی دۆستانی ئه‌مه‌ریكا بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان له‌ مه‌ترسییه‌كان، به‌تایبه‌تی مه‌ترسییه‌كانی داعش و گرووپه‌ میلیشیاكان بپارێزن.

ناوبراو باسی له‌وه‌ش كرد، هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان پارێزراون، به‌ڵام له‌ ناوچه‌كانی عێراق به‌تایبه‌ت ئه‌و شوێنانه‌ی حه‌شدیان لێیه‌، پارێزراو نین، به‌ڵكوو هێرشیان ده‌كرێته‌ سه‌ر.

یاریده‌ده‌ری پێشووتری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، ئه‌مه‌ریكا و دامه‌زراوه‌ی كۆنگرێس هه‌رێمی كوردستان وه‌كوو دۆست ته‌ماشا ده‌كه‌ن، له‌ كاتێكدا پەلاماری سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق دەدرێت و حكوومه‌تی عێراق توانای پاراستنیانی نییه‌.

ڕۆژی سێشه‌ممه‌، 6ـی ئابی 2024، 24 تۆپ کە بە چەکی قورس ناسراوە، لە لایەن ئەمەریکاوە درایە وەزارەتی پێشمەرگە و لە ڕێوڕەسمێکدا ڕادەستی هەردوو هێزی پشتیوانی یەک و دووی سەر بە وەزارەت کران.

لە لایەن خۆیەوە، کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر، پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و ڕایگەیاند "دەبێ بەردەوام بین لە تێکشکاندنی داعش."

لە ماوەی ڕابردووشدا، بەهەمان شێوە چەک و کەرەستەی سەربازی دیکە بە لیواکانی پێشمەرگە دراون، جگە لە مەشق و ڕاهێنانی بەردەوام و هاوکارییکردنی وەزارەتی پێشمەرگە لە پرۆسەی چاکسازیدا لەلایەن هاوپەیمانان بە تایبەت ئەمەریکا.