فارس عیسا: بڕیاری حکوومەتی عێراق سەبارەت بە خاڵە گومرگییەکان تا مانگی داهاتوو ڕاگیران
سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ئاشکرای دەکات "دوای ڕێککەوتنێک، بڕیاری مۆڵەتوەرگرتنی کۆمپانیاکانی کوردستان لە بەغدا تا مانگی داهاتوو ڕاگیران".
لەسەر بڕیاری حکوومەتی عێراق، خاڵی گومرگیی لەنێوان کەرکووک-هەولێر ، کەرکووک-سلێمانی داندراون، هەر کۆمپانیایەک مۆڵەتی کارکردنی نەبێت لە عێراق و تەنها لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتی هەبێت، ڕێگەی پێنادرێت کەلوپەل و کاڵاکانی لەو گومرگە تێپەڕنێت و دەگەڕێنرێتەوە، ئەوەش گرفتە بۆ شوفێران و بارهەڵگران، هەروەها بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی هەندێک لە بەرهەمە خۆراکییەکان و کاڵاکانیش.
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: لەسەر کێشەی خاڵە سنوورییەکان و گومرگییەکانی حکوومەتی فیدراڵی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دروستی کردووە، بە ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لێژنەیەک سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ محەممەد شییاع سوودانی کۆبووەوە لەسەر پرسی ئەو خاڵە سنووریی و گومرگییەکان کە لەلایەن بەغداوە داندراوە و ڕێگە بەو کۆمپانیایانەی کوردستان نادات کە تەنها مۆڵەتییان لە هەرێمی کوردستان هەیە کاڵاکانیان بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق ببەن و جەخت لەوە دەکەنەوە بارهەڵگری هیچ کۆمپانیایەکی کوردستان بۆ ناوچەکانی دیکەی عیراق تێپەڕ نابێت ئەگەر خۆیان لە بەغدا تۆمار نەکەن.
فارس عیسا گوتی: تاکوو سەرەتای مانگی داهاتوو ئەو بڕیارەمان بەپێی ڕێککەوتنێک ڕاگرت، بۆ ئەوەی بڕیاڕەکە هەموار بکەینەوە بەشێوەیەک لە بەرژەوەندیی ئابووریی و بازرگانیی هەردوولا و بەرژەوەندیی گشتیش بێت.
سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ئاشکرای کرد، پرسی ناردنی مووچە هیچ کێشەیەکی نەماوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی زانیارییەکانی بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ ناردووە، لە ئایندەیەکی نزیکدا مووچەکە دەگاتە سەر هەژماریی بانکیی هەرێمی کوردستان.
دەشڵێت: دەربارەی پرۆژە ستراتیجییەکان، نابێت بەغدا هەرێمی کوردستانی لێ بێبەش بکات، پێشتر سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ محەمەد شیاع سوودانی لەو بارەوە ڕێککەوتوون.