جەستن تۆماس: ئاڵۆزبوونی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرژەوندیی هیچ لایەك نییە

جەستن تۆماس، شرۆڤەکاری سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا
جەستن تۆماس، شرۆڤەکاری سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا

K24 – هەولێر:

شرۆڤەکارێکی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا، دەڵێت: میسر و قەتەر بەردەوام دەبن لە هەماهەنگی بۆئەوەی ئاگربەست لە غەززە ڕابگەیەندرێت و هیچ کەسێک نایەوێت دۆخەکە گرژتر بێت و جەنگەکە فراوانتر بێت.

جەستن تۆماس، شرۆڤەکاری سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24ـدا، گوتی: ئیدارەی ئەمەریکا هەمیشە لەگەڵ چارەکردنی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، هێرشەکانی حزبووڵلا و ئیسرائیل بۆ سەر یەکتر تەنیا دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکەن.

ئەو شرۆڤەکارەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا، باسی لەوە کرد: میسر و قەتەر بەردەوام دەبن لە هەماهەنگی بۆ ئەوەی ئاگربەست لە غەززە ڕابگەیەندرێت، هیچ کەسێک نایەوێت دۆخی ناوچەکە ئاڵۆزتر بێت و جەنگەکە فراوانتر بێت.

ناوبراو ڕایگەیاند: هیچ کەسێک لەگەڵ فراوانبوونی جەنگی ئیسرائیل و حەماس نییە، ئیدارەی ئەمەریکا هیواخوازە ئاگربەستێکی خێرا لە غەززە ڕابگەیەنرێت. جەستن تۆماس، گوتیشی: ئەمەریکا هەمیشە بەرگریی لە ئیسرائیل دەکات و دەیپارێزێت.

6ـی ئابی 2024، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە، لەو باوەڕەدان ئێران وەڵامی ئیسرائیل دەداتەوە و هێرش دەکاتە سەر ئەو وڵاتە، بەڵام نازانن کەی و چۆن هێرشەکە دەکات.