سیپان شێروانی: عێراق بە بیانووی نەبوونی سیولە مووچەی فەرمانبەرانی نەناردووە
پەرلەمانتارێکی عێراق ڕایگەیاند، پێشبینیمان دەکرد لە کۆتایی مانگی تەمموز، حکوومەتی عێراقی مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی حکوومەت بنێرێت، بەڵام بەداخەوە دوا خراوە.
سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پێشبینیمان دەکرد لە کۆتایی مانگی حەوت حکوومەتی عێراقی مووچە مانگی حەوتی سەرجەم فەرمانبەرانی حکوومەت بنێرێت، بەڵام جارێکی دیکە دواخرا، پاشان پێشبینی ئەوەمان دەکرد ئەو هەفتەیە مووچەکە بنێرن بەڵام بەداخەوە تەمویلی هەرێمی کوردستان نەکراوە.
گوتیشی: بە پێی ئەو زانیارییانەی ئێمە بەدواداچوونمان بۆ کردووە لیستی مووچە هیچ کێشەی تێدا نییە، هەروەها تەواوی تێبینییەکانی کە هەبووە چارە کراون، دەشڵێ: ئێستا عێراق بیانووی ئەوەیە کێشەی سیوولەی هەیە، مووچەکەی ڕەوانە نەکردووە.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە ڕاستیدا عێراق کێشەی سیوولەی هەیە ئێمە ناتوانین نکۆڵی لێ بکەین، بەڵام نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئایا بەهۆی کێشەی سیوولەیە یاخود نا، لێی دڵنیا نین.
سیپان شێروانی باسی لەوەش کرد، دوای دەرچوونی بریاری دادگای فیدراڵی لەسەر تەوتینکردنی مووچەی فەرمانبەران، خەڵکێکی زۆر پێشبینی ئەوەی دەکرد، هەموو 25 مانگێک مووچەی فەرمانبەران دابین دەکرێت، بەڵام دەبینین وا دەرنەچوو. سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم و وەزیر و فراکسیۆنە کوردییەکان کە کێشەی مووچە چارە بکرێت و دوا نەخرێت.
دەشڵێت: دەبوایە وەزارەتی دارایی عێراق بەبڕیارەکانی دادگای فیدراڵی پابەند بوایە و بەهیچ شتێکی دیکەی نەیبەستێتەوە، وەک ئەوەی لە بڕیارەکەدا هاتووە مووچە لە هەموو پێش مەرج و پاش مەرجەکان دوورخراوەتەوە.