ساڵانە یەک ترلیۆن دینار لە بەندەری بەسرە بزر دەبێت
ئەندام پەرلەمانێک: بە بەهای 90 ملیۆن دۆلار ئاڵا بۆ حوسەینییەکان کڕدراوە
بەپێی راپۆرتێکی لێژنەی بەدواداچوون و وردبینی، ساڵانە نزیکەی ترلیۆنێک دینار لە بەندەری بەسرە بزر دەبێت پەرلەمانتاران و چاودێرانیش باسی گەندەڵییەکی گەورە لە گرێبەستەکانی ئەو بەندەرە دەکەن. لە بەرامبەرادا لایەنێکی حزبی ڕێگە نادات لێژنەی لێکۆڵینەوە کار لەسەر گەندەڵییەکانی بەسرە بکات.
عەلی دەراجی، چالاکوانێکی سیاسییە و بۆ کوردستان24 گوتی: ژمارەکان زۆر ترسێنەرن، بەهەدەردانی ترلیۆنێک دینار تەنها لە بەندەری بەسرە ناچێتە عەقڵەوە. یەکێک لە ئەندامانی پەرلەمان باس لەوە دەکات کە بەبەهای90 ملیۆن دۆلار ئاڵا بۆ حوسەینییەکان کڕدراون کە پرسینەوە لەو گەندەڵییە دەکات، نازانین سکاڵا بۆ کوێ ببەین.
دۆزییەکانی گەندەڵی لە عێراق کەڵەکە بوون، بەتایبەتی دوای ئەوەی پەرلەمانتار یاسر حوسەینی لەبەردەم مێدیاکاندا ئاماژەی بە گەورەترین گەندەڵیی کرد لەپرسی کڕینی ئاڵای حوسەینییەکان، بەڵام زۆرینەی دۆسییەکانی گەندەڵیی سەرنگوم کران و لێژنەکان هیچ ئەنجامێکیان بەدەست نەهێنا.
حوسێن حەجاج، شرۆڤەکاری سیاسی دەڵێت: بابەتی گەندەڵیی لە بەندەرەکانی عێراق بابەتێکی مەترسیدارە و بووەتە قسەو باسی هاووڵاتیانی ئاسایی، پێم وایە گرێبەستەکان گەندەڵیی گەورەیان تێدایە، بە نموونەش ڕێگەیەکی ئاسایی وەک ڕێگەی بەندەری فاو بە قەزای ئوم قەسرەوە، 660 ملیار دیناری تێچووە کە درێژییەکەی تەنها 60 کیلۆمەترە، ئەوە زۆرترین ڕێژەی تێچوونە بۆ ڕێگەیەکی ئاسایی لەو شێوەیە.
حەیدەر مێریانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگەی بەسرە بۆ کوردستان24 گوتی: گەندەڵیی لە بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیاکانی بەندەرەکانی بەسرە هەیە، بەڵام لایەنێک هەیە دژی ئەو کەسانە دەوەستێتەوە کە دەیانەوێت لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکان بکەن و گەندەڵییەکان ئاشکرا بکەن.
هاووڵاتییانی عێراقی بەنیگەرانی و بێزاریییەوە باس لە دۆخەکە و ئەو گەندەڵییە زەقە دەکەن کە هەیە، هۆکارەکەشی دەگەڕێننەوە بۆ نەبوونی دامەزراوەیەکی چاودێر بەسەر لایەنی جێبەجێکار کە تاکوو ئێستا وەک پێویست نەتوانراوە لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران بکات و ڕووبەڕووی یاسا و دادگایان بکاتەوە.
هاووڵاتییەکی دانیشتووی بەغدا دەڵێت: پرۆژە هەیە زیاتر لە 20 ساڵە کاری تێدا دەکرێت، لەکاتێکدا بەکاتێکی کەم تەواو دەکرا، حکوومەت لە دوای حکوومەت دێن و پارە بۆ هەمان پرۆژە خەرج دەکەنەوە ،کەچی هەر تەواو نەکراوە.
هاووڵاتییەکی دیکەش دەڵێت: گەندەڵی لە عێراقدا بڵاوبووەتەوە و چووەتە نێو دامەزراوەکانەوە، بە تایبەتی لە حکوومەتەکانی پێشوودا. لەلایەکی دیکەوە هیچ کەس و لایەنێکی گەندەڵمان نەبینی بدرێتە دادگە، پێویستە حکوومەت و دەستەی دەستپاکی بەرپرسارێتی ئەم بابەتە بگرنە ئەستۆ.
بە گوتەی هاووڵاتییان، گەندەڵی تەواوی جومگەکانی دەسەڵاتی عێراقی گرتووەتەوە و وەک میرات لە کابینەیەکەوە بۆ کابینەی دواتر دەمێنێتەوە، ئەندامێکی پەرلەمانیش بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتیی دەگەڕێنێتەوە بۆ خراپی ئیدارەدان و لاوازی حکوومەتەکانی پێشوو، تەنانەت حکوومەتی ئێستاش.
مەحما خەلیل، ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: ژمارەی پرۆژە تەواو نەکراوەکانی عێراق بەردەوام ڕووی لەزیادبوونە، بە گوێرەی ئامارەکان تا کۆتایی ساڵی 2023، نزیکەی هەزار پرۆژەی تەواونەکراو لە پارێزگاکانی عێراق هەبوون، ئەمەش واتە بەهەردانی ملیۆنان دۆلار بەبێ لێکۆڵینەوە، یان وەک هەندێک دەڵێن، ئەو پارەیە بە حزبە سیاسییەکان دراوە بە ناوی پرۆژە.