پنتاگۆن دان بە سەرکەوتنەکانی هێزەکانی ڕووسیا لە دۆنێتسک دەنێت

پاتریک ڕایدەر، گوتەبێژی پنتاگۆن دانی بەوەدانا ڕووسیا بە بەردەوامی بەرەو شاری کراسنۆئارمیسک (پۆکرۆڤسک) کە دەکەوێتە ناوچەی کۆماری گەلی دۆنێتسک، پێشڕەوی دەکات.

 ماڵپەڕی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا لە زاری ڕایدەرەوە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دەبینن ڕووسەکان وردە وردە دەستکەوتەکان لەوێ (بە ئاراستەی کراسنوئارمیسک) بەدەست دەهێنن.

ئاماژەی بەوەش کرد "شەڕێکی توند بەدرێژایی ئەو ناوچە سنوورییە هەیە و ئێمە بەردەوام دەبین لە پەیوەندی و ڕاوێژ لەگەڵ ئۆکرانیاییەکان بۆ ئەوەی باشتر لە پێداویستییەکانیان تێبگەین تاکوو بتوانن بەرگریی لە خاکەکەیان بکەن.

دوێنێ دووشەممە، ڤلادیمێر زێلێنسکی دۆخی میحوەری کراسنۆئارمیسکی بە سەختترین دۆخ بۆ هێزەکانی ئۆکرانیا وەسف کرد.

لە ژێر ڕۆشنایی ئەو سەرکەوتنانەی هێزەکانی ڕوسیا لە دۆنێتسک بەدەستیان هێنا، ئەو دەسەڵاتدارانەی هەفتەی ڕابردوو لەلایەن ئۆکرانیا ڕاسپێردرابوون، دەستیان بە چۆڵکردنی زۆرەملێی ئەو خێزانانە کرد کە منداڵیان هەیە لە 14 شارۆچکە کە دەکەونە دەوروبەری شاری کراسنوئارمیسک.

شاری کراسنۆئارمیسک، ناوەندێکی ناوچەییە لە باکووری ڕۆژئاوای کۆماری گەلی دۆنێتسک. ژمارەی دانیشتووانی لە ساڵی 2022دا 61 هەزار کەسی تێپەڕاندووە و شارەکە بە ناوەندێکی سەرەکی گواستنەوە دادەنرێت، بەو پێیەی هێڵی ئاسن و ڕێگاکان دۆنێتسک و پارێزگای دنیپرۆپیترۆڤسکی دراوسێی لە ئۆکرانیا بەیەکەوە دەبەستنەوە. جگە لەوەش هێڵەکانی پەیوەندی هێڵی ئاسن لەگەڵ شارە ستراتیژییەکانی کراماتۆرسک و سلاڤیانسک کە لەلایەن هێزەکانی کیێڤەوە لە باکووری دۆنێتسک کۆنترۆڵ دەکرێن، بە شاری کراسنۆئارمیسکدا تێ دەپەڕن.

Fly Erbil Advertisment