حه‌یده‌ر ڕه‌شاد: گۆڕانكارییه‌كانی كه‌شوهه‌وا كاریگه‌ری له‌سه‌ر دیمۆگرافیای عێراق ده‌بێت
پسپۆڕێكی بواری ژینگه ئاماژه به‌وه ده‌كات، ناوچه‌كانی باشووری عێراق به‌تایبه‌تی له ناسریه، گۆڕانكارییه‌كانی كه‌شوهه‌وا به ته‌واوه‌تی ده‌ركه‌وتووه و كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاوی فوڕاتیش زه‌نگێكی مه‌ترسییه بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای عێراق.
سێشه‌ممه، 27ـی ئابی 2024، حه‌یده‌ر ڕه‌شاد، پسپۆڕی بواری ژینگه تایبه‌ت به كوردستان24 گوتی، گۆڕانكارییه‌كانی كه‌شوهه‌وا و وشكه‌ساڵی هه‌موو جیهانی گرتووه‌ته‌وه، به‌ڵام له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا زیاتره.
حه‌یده‌ر ڕه‌شاد ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، عێراق وه‌كوو پێنجه‌م وڵات كه‌وتووه‌ته ژێر كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی گۆڕانكارییه‌كانی كه‌شوهه‌وا و وشكه‌ساڵی و تێكچوونی ژینگه.
ناوبراو سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش ڕ‌اكێشا، گۆڕانكارییه‌كانی كه‌شوهه‌وا و وشكه‌ساڵی و تێكچوونی ژینگه له ئایینده‌دا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی نه‌رێنی زیاتری له‌سه‌ر عێراق ده‌بێت، به شێوه‌یه‌ك كاریگه‌ری له‌سه‌ر دیمۆگرافیاكهی ده‌كات.
ئه‌و پسپۆڕه‌ی بواری ژینگه باسی له‌وه‌ش كرد، عێراق به‌هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاوی هه‌ردوو ڕووباری دیجله و فورات و له‌ناوچوونی زۆنگاوه‌كانی باشووری وڵات، ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ی جوگرافی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بێته‌وه.
دووشه‌ممه 22ـی ته‌ممووزی 2024، غولام محه‌ممه‌د ئیسحاق، ڕێكخه‌ری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ڕێكخه‌ری كاروباره مرۆییه‌كان له عێراق له كۆنفرانسێكی ڕۆژنامه‌وانیدا هۆشداری وشكه‌ساڵی له عێراق دا.
غولام محه‌ممه‌د ئیسحاق ڕوونیشی كرده‌وه عێراق یه‌كێكه له‌و وڵاتانه‌ی كه‌وتووه‌ته ژێر كاریگه‌رییه‌كی نه‌رێنی وشكه‌ساڵی و كه‌می ئاو، بۆیه نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له‌م چوارچێوه‌یه‌دا هاوكاریی عێراق ده‌كات.
ڕێكخه‌ری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ڕێكخه‌ری كاروباره مرۆییه‌كان له عێراق سه‌رنجی بۆ ئه‌وه ڕ‌اكێشا، عێراق له ساڵی 2025ـدا ته‌نیا ده‌توانێت ڕێژه‌ی 15%ـی پێویستییه‌كانی له باره‌ی ئاوه‌وه دابین بكات.
ڕۆژی 8ـی تشرینی دووه‌می 2023، تۆڕی وۆڕڵد وێزه‌ر ئهتریبیۆشن (WWA) له نوێترین راپۆرتی شیكاریدا سه‌رنجی بۆ ئه‌وه راكێشا، ئه‌گه‌ره‌كانی به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌كانی گه‌رما به‌هۆی گۆڕانی كه‌شوهه‌واوه به‌راورد به رابردوو له عێراق و سووریا 25 هێنده زیادیكردووه، له‌و كاته‌ی له ئێران رێژه‌كه 16 هێنده‌یه.
ڕاپۆرته‌كه‌ی (WWA) ئاماژه‌ی به‌وه كردبوو، سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی له به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رما له عێراق، سووریا و ئێران له ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی رابردوودا راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به ده‌رهێنان و به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت، گاز و خه‌ڵووز و چه‌ندین پێكهاته، كانزا و مادده‌ی دیكه‌ی سروشتییه‌وه هه‌یه.
هه‌روه‌ها ڕاپۆرته‌كه جه‌ختی كردبووه‌وه، جگه له ده‌رهێنان و به‌رهه‌مهێنانی پێكهاته، مادده و كانزا سروشتییه‌كان، هاوكات ململانێ و شه‌ڕ و جه‌نگ و ناسه‌قامگیری سیاسی و ئه‌منی، هۆكاری دیكه‌ی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی پله‌ی ئه‌و وڵاتانه، به‌تایبه‌ت عێراق و سووریا.
ڕۆژی (سێشه‌ممه 20ـی كانوونی یه‌كه‌می 2022) محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌میانی به‌ڕێوه‌چوونی گه‌ڕی دووه‌می كۆنفرانسی به‌غدا بۆ هاوكاری و هاوبه‌ش له عه‌ممانی پایته‌ختی ئوردن گوتارێكی پێشكه‌ش كرد.
یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی تیشكی خسته‌سه‌ر، پرسی كه‌مئاوی بوو له عێراق. سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند: به‌هۆی كه‌مئاوییه‌وه ئێمه له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌داین، پشكی عێراق له ئاو كه‌مكراوه‌ته‌وه و ئێمه له كێشه‌داین له‌گه‌ڵ ئێران و توركیا بۆ ئه‌و بواره، داوایان لێده‌كه‌ین پشكی عێراق له‌به‌رچاو وه‌ربگرن و له‌رێگه‌ی سنووره‌وه به‌شی عێراق به‌ربدرێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شه‌پێدان و سه‌قامگیری له وڵاته‌كه‌مان به‌رده‌وامبێت". گوتیشی، "داوا له هاووڵاتییان ده‌كه‌ین به‌هه‌ده‌ردانی ئاو كه‌مبكه‌نه‌وه و ده‌ستی پێوه بگرن، وشكه‌ساڵی گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌مان به‌تایبه‌ت له ناوچه‌كانی باشوور، داواش له كۆمپانیا وه‌به‌رهێنه‌ره‌كان ده‌كه‌ین سوود له ئاو وه‌ربگرن بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌تگوزاری كاره‌با پێشكه‌ش به هاووڵاتییان بكه‌ن".
رێكخراوه په‌یوه‌ندیداره ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كان نیگه‌رانی خۆیان به‌رامبه‌ر به دۆخی ئاوی عێراق نه‌شاردووه‌ته‌وه، به‌تایبه‌ت پێیان وایه گرفتی كه‌می ئاو، واده‌كات وڵات رووبه‌ڕووی كۆچی دانیشتووان بكاته‌وه به‌تایبه‌ت له‌و شوێنه كشتوكاڵییانه‌ی مه‌ترسی جیددی كه‌می ئاو و وشهكهساڵیان له‌سه‌ره.
له ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا هه‌ردوو رووباری دیجله و فوڕات رێژه‌ی 90%ـی سه‌رچاوه‌ی ئاوی پاكی عێراقیان پێكده‌هێنا، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی پله‌به‌ندی، ئاستی ئاوی هه‌ردوو رووباره‌كه له كه‌مبوونه‌وه‌دایه، كه هۆكاری سه‌ره‌كیشی دروستكردنی به‌نداوه‌كانی ئاوه له‌لایه‌ن هه‌ریه‌ك له ئێران و توركیا.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه كۆگاكانی ئاوی عێراق به‌هۆی شه‌ڕی چه‌ندین ساڵه و خراپ به‌ڕێوه‌بردن و له‌ناوچوونی ژێرخانه‌وه، ئاویان كه‌مبووه‌ته‌وه. به‌گوێره‌ی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له هه‌ر پێنج كه‌س له عێراق كه‌سێك كێشه‌ی ئاوی پێویستی هه‌یه، كه ئه‌مه‌یش كاریگه‌ری به‌سه‌ر سیاسه‌تی ئاو له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه دروستكردووه و ناچاری كردوون سنوورێك بۆ به‌ردانه‌وه‌ی ئاو بۆ ناوچه كشتوكاڵییه‌كان دابنێن.