عێراق ساڵانە بەهۆی بە هەدەردانی گاز 450 ملیۆن دۆلار زیان دەکات

ڕاگرتنی سووتانی گاز لە هەوادا لە کێڵگە نەوتیی و گازییەکان لە عێراق بووەتە پرسێکی سیاسی زەق و پەرلەمانتارێک دەڵێت: هەوڵی وڵاتانی هەرێمی هەیە بۆ بەردەوامیی بەهەدەردانی گازەکە کە ساڵانە بەو هۆیەوە 450 ملیۆن دۆلار لەدەست دەدرێت و ڕێگریی دەکەن لەوەی عێراق بگاتە ئاستی خۆبژێوی لە بەرهەمهێنانی کارەبا و ڕاگرتنی هاوردەکردنی وزەی دەرەکی.
عێراق لەپێشەوەی ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەیە کە پارەیەکی زۆر لە دابینکردنی کارەبا خەرج دەکات و بڕی 25 ملیار دۆلار بۆ چارەکردنی قەیرانەکە خەرج دەکات و بۆشی چارە ناکرێت.
زەینەب موسەوی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت: هەندێک وڵات لە هەوڵدان ڕێگری لە هەوڵەکانی ڕاگرتنی سوتاندنی گازی هاوەڵ لەپرۆسەی دەرهێنانی نەوتی خاودا بکەن، مەبەستیشیان ئەوەیە عێراق لە ڕیزبەندی وڵاتانی هاوردەکاری وزەدا بمێنێتەوە، کە بەهۆیەوە ساڵانە 450 ملیۆن دۆلار بەهۆی سووتانی گازەکە زیان بە عێراق دەگات، سەرەڕای زیانە داراییەکانی هاوردەکردنی وزە بۆ پشتیوانیی کەرتی کارەبا.
ئاماژە بەوەش دەکات، ڕاگرتنی سووتانی گازی هاوەڵ لە هەوادا ڕێگە بۆ عێراق خۆش دەکات تاوەکو لە بەرهەمهێنانی کارەبادا خۆبژێوی بکات و زیادەی وزەی نیشتمانیش هەناردەی دەرەوە بکات.
ڕوونیشی دەکاتەوە، وڵاتانی باشووری عێراق کە بەگوتەی ئەو، بەشێکن لەو هەوڵە نەرێنییانە، ڕاگرتنی سووتانی گازی هاوەڵ لە بەرژەوەندی ئەوان نابێت، بەو پێیەی عێراق بەشێک لە پێویستیی کارەبا لە ڕێگەی هاوردەکردنی لەو وڵاتانە دابین دەکات.
سەبارەت بە ڕۆڵی پەرلەمانی عێراق ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و گاز ڕایدەگەیەنێت "ئەرکی پەرلەمان چاودێریی کارەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە و لیژنەکانمان بەردەوام چاودێری کێڵگەکان بەتایبەت کێڵگە نەوتییەکانی باشووری پارێزگای بەسرە دەکەن، بەوپێیەی لەو کێڵگانە ڕێژەیەکی بەرچاو گازی هاوەڵ لەهەوادا دەسووتێت".
لە ڕووی خەرجییەکانی پاڵپشتی وزەی سەرەتاییەوە عێراق لە پێشەوەی ڕیزبەندی وڵاتانی جیهان ماوەتەوە، کە ساڵانە 25 ملیار دۆلار لە چارەکردنی ئەو قەیرانە خەرج دەکات و بۆشی چارە ناکرێت، عێراق کارەبا لە هەرێمی کوردستان، تورکیا، ئوردن و کوێت هاوردە دەکات، ئەو بڕە کارەبایەش کە لەناوخۆدا بەرهەمی دەهێنێت لە ڕێگەی هاوردەکردنی ڕۆژانەی پەنجا ملیۆن پێ سێجایە لە گازی سرووشتیی لە ئێرانەوە، کە ماوەی گرێبەستەکە پێنج ساڵە و بەگوێرەی گرێبەستەکە بۆ هەر ساڵێک دەبێت زیاتر لە شەش ملیار دۆلار بداتە ئەو وڵاتە.